KJK: پێویستە ژنان لە دژی سیستمی پیاوسالاری و فاشیزم یەک بگرن!

کۆمەڵەی ژنانی کوردستان (کەژەکە) جەختی کردەوە کە بزوتنەوەکانی ژنان پێویستە بتوانن کێشەکانی ئازادیی کۆمەڵگا چارەسەر بکەن و پەیامێکیان ئاڕاستەی ژنانی جیهان کردو داوایان لێ کرن، لە دژی سیستمی فاشیزم و پیاوسالاری بەرخۆدانیان گەشتر بکەن.

کۆۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان (کەژەکە) بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووهەم رۆژی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان بەیاننامەیەکی دەرکرد:

دەقی بەیاننامەکە بەم شێوەیەیە:

"مێژووی شارستانیی چینایەتی و هییەرارشی یەکسانە بە مێژووی کۆیلەکردنی ژنان و پێچەوانەکردنی راستییەکان. بە بەکارهێنانی توندوتیژی و دروستکردنی فشارو لاقەکردن و کومەڵکوژکردن، ژن کراوە بە کۆیلە. کۆیلەکردن ژنان، رادەستبوون (تەسلیمبوون) بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ژنی کۆیلە بنچێنەی سیستمی دەسەڵاتە. سیستمی پێنج هەزار ساڵەی پیاوسالاری، بۆ ئەوەی ژن نەبن بە خاوەنی قسەی خۆیان و بڕیار و هێز و ئیرادە بەدەست نەهێنن، بە هەموو شێوەیەک سیاسەتێکی ستراتیژی پەیرەو دەکات.

بە هۆی چەکی قۆڕس و هەڕەشەی دەوڵەتان لە دژی یەکتر و بە هۆی نائارامی و هەژاری و تێکچونی کەش و هەوا لە هیچ شوێنێکی جیهان ئارامی نەماوە. بە پلەی یەکەم ژنان رووبەرووی ناڕاحەتی و کابوس دەبنەوە. کێشەکانی کۆمەڵگا ئاڵۆزتر بوون. لە سەرتاسەری جیهان توندوژیژی و فشارەکان بۆ سەر ژنان زیادی کردووە. کچ بە زۆر بە شوو دەدرێت و خەتەنە دەکرێن. دەوڵەت و دەسەلات دایکی کێشەکانن. هەموو نرخەکانی کۆمەڵگا لە لایەن ئەوانەوە دەدزرێن.

'لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووە راستەقینەکەیان ئاشکرا بوو'

لەسەر خاکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان تێکۆشانی ئازادی بە شێوەیەکی بەهێز بەردەوامە. رووی راستەقینەی دەسەلاتی پیاوسالاریی جیهانگیری، لە دژی گەلان و بە تایبەت ژنان خۆی پیشان دەدات. رووە راستەقینەکەی ئەم سیستمە لێرە بە روون و ئاشکرا دبینرێت. ئەو رووەی دوژمنایەتی ژنان دەکات، زیاتر لەم ناوچەیە دەبینرێت. هێرشە دڕندانەکانی داعش لە دژی شەنگال و موسل و عەفرین بەرجەستەترین نمونەن."

بزوتنەوەکانی ژنان لە رۆژهەڵاتی ناوین و لە کوردستان لە دژی رژێمی فاشیستی تورک، بە بەرخۆدانێکی گەورە لە ٢٥ی تشرینی دووهەم دەڕژێنە سەر شەقامەکان. دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی قەیرانە دارایی و سیاسییەکانی تێپەڕێنێت، هێرش دەکاتە سەر کورد و ژنان و گەلانی تر. ئەوەی لە ساڵی ١٩١٥ بەسەر ئەرمەنییەکاندا هێنرا، ئێستا دەیانەوێت بەسەر گەلی کورددا بهێنن. ناتوانن ئەم سیاسەتە بە بێ پشتیوانی زلهێزەکانی وەکو ئەمریکاو روسیا و یەکێتی ئەوروپا بە ئەنجام بگەیێنن. ئەگەر زلهێزەکان رێگایان نەدابا، ئەوانیش نەیاندەتوانی ئەم هێرشان ئەنجام بدەن.

ژیانی ئازادی ژنان بە ئامانج دەگرن

دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩وە لە دژی رۆژئاوا و باکورو رۆژهەڵاتی سوریا هێرشێکی داگیرکەرییان دەست پێ کردووە. ئەم هێرشەی تورک، دور نییە لە سیستمی دەستەڵاتداریی جیهانی. هێرشەکانی ئێرە لە دژی ژیانی ئازاد ئەنجام دەدرێن. کوشتنی سیاسەتمەدار هەڤرین خەلەفیش نمونەی زیندووی ئەم مژارەیە.  

ئەم هزری فاشیزمە دەیەوێت ژنان بە کۆیلە بکات، لە ماڵ دەرنەچن و ئیشکەنجە و لاقەکردن بەسەر ژناندا بچەسپێنن. ئەوەی لە شەنگال لە دژی ژنان ئەنجامدرا، تا ئێستاش لە بیری مرۆڤایەتیدا ماوەتەوە. بە هەزاران ژنی ئێزدی بە دیل گیران و لاقە کران. لە عەفرین هاوڵاتیان دەربەدەر بوون. ئەوانەشی لەوێ ماون، لە ژێر زوڵمێکی گەورەدان.

لە تورکیاش بە هەمان شێوە لە دژی ژن و منداڵیش توندوتیژی و لاقەکردن و کوشتن ئەنجام دەدرێت. هێرشێکی گەورە دەکرێتە سەر سیستمی هاوسەرۆکایەتی. هەوڵی ئەوە دەدرێت کە ژن لە سیاسەت و لە شەقام دوور بخرێتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش سیاسەتێکی دڕندانەو قڕکەرانە پەیرەو دەکرێت.

لەم قۆناغەدا مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژنان و گەلان و بیروبڕواکان بەدی دەکرێت. بەڵام ئەگەر رێکخستن بەرفراوان بکرێت، دەستکەوتەکانیش زیاتر دەبن.

شۆڕشی رۆژئاوا یەکسانە بە شۆڕشی ژنان. ئەم شۆڕشە بۆ سەرتاسەری جیهان و هەموو کۆمەڵگاکان، ئیلهامبەخشە. پاراستنی شۆڕش و خاوەندارێتیکردن لێی، بە واتای پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان دێت.

لەسەر ئەم بنچێنەیە پێویستە ئێمە لە دژی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، بەرنامە و پڕۆژەیەکی بەرفراوان پەیرەو بکەین. لە دژی زەخت و زۆرداری سیستمی مۆدێرنیتە، بە پێشەنگی ژنان ژیانێکی کۆمەڵایەتی و ئەلتەرناتیف بنیاد دەنێین. سەدەی ٢١ سەردەمی دەستپێکردنی شۆڕشی ژنانە. بزوتنەوەکانی ژنان پێویستە بتوانن کێشەکانی ئازادی کۆمەڵگا چارەسەر بکەن. پەیاممان بۆ هەموو ژنان ئەوەی کە لە دژی سیستمی پیاوسالاری و فاشیزم، بەرخۆدانییان گەش بکەن و بەیەکەوە ژیانێکی ئازاد و ئەلتەرناتیف بنیاد بنێن."

ز.ش