لە شاری سان ماکسیمینی فەڕەنسا کۆنسێرتێکی نەریتی ڕێکخرا

لە شاری سان ماکسیمینی فەڕەنسا کۆنسێرتێکی گۆرانی و موزیکی نەریتی بۆ دوو گروپی هونەری تورک و کورد ڕێکخرا و گۆرانیبێژی فەڕەنسی ئیلۆنۆرا فۆرنیا بە چەندین گۆرانی کوردی بەشداری تێدا کرد.

لە شاری سان ماکسیمینی فەڕەنسا، لە درێژەی کار و چالاکییەکانی سەنتەری ئاواز و گۆرانی شارەکەدا، کۆنسێرتێکی گۆرانی و موزیکی نەریتی ڕێکخرا.
لە کۆنسێرتەکەدا کە ژمارەیەک زۆر هاوڵاتیانی کورد و فەڕەنسی ئامادەی بوون، دوو گروپی هونەری تورک و کورد و گۆرانیبێژی فەڕەنسی ئیلۆنۆرا فۆرنیا بەشدار بوون و بە چرینی چەندین گۆرانی و ژەنینی چەندین پارچە مۆزیکی کوردی و تورکی بە ئامێری نەریتی و ڕۆژئاوای جۆش و خرۆشیان بەخشیە کۆنسێرتەکە و ئامادەبووانی.
بە تایبەتی گۆرانیبێژی فەڕەنسی ئیلۆنۆرا فۆرنیا کە کورمانجی زانێکی شارەزایە، بەچڕینی چەندین گۆرانی ڕەسەنی کوردی هێندەی دیکەی کۆنسێرتەکەی ڕازاندەوە.

فۆرنیا لە ڕێی ڕۆژنامەوان ئارام کەریم بە ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF)ی وت:  سۆز و خۆشەویستی بۆ هونەر و گۆرانی کوردی هەیە و ئەوەش وای لێکردوە تا ببێته سترانبژێکی کوردی و کرمانجی  زانێکی باش و لە کۆنسێرتەکانی به کوردی گۆرانی بچڕێت و موزیک بژەنێت. 
ئەو گۆرانیبێژە فەڕەنسیە وتوشیەتی: گۆرانی کوردی  دەڵێمەوه که دابەش بووه به سەر کوردەکانی چوار بەشی کوردستان لە ووڵاتانی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا کە مۆزیک و گۆرانیە کوردییەکان زۆر دەوڵەمەند و جۆراوجۆرن وەک چیرۆک و داستان، شادی و زەماوەند و گۆرانی ئاسایی ڕەسەن کە ڕیشهیەکی دێرینیان هەیە و تەواوی هەستەکان لە ئامێز دەگرن. بەتایبەتی دەهۆڵ و زوڕنا و ئامێرە نەریتیەکان تام و چێژێکی زیاتر دەبەخشەنە مرۆڤ.

ژنە گۆرانیبێژی فەڕەنسی ئیلۆنۆرا فۆرنیا دەڵێت: سۆزێکی زۆری بۆ کوردستان ھەیە و جگە لەوەی کە  ژەنیاری ئامێرێکی تایبەتی نەریتی فەڕەنسییە، بەڵام ئەو ئامێرەی  تە واو تێکەڵی ئاوازی کوردی کردوە و مۆرکێکی کوردی پێبەخشیوە.
ئەو دەڵێت: تا ئێستا بەشداری لە زیاتر لە پەنجا کۆنسێرتدا کردووە و لە هەمووشیاندا گۆرانی کوردی چڕیوە و جلوبەرگی کوردی پۆشیوە.

لە پەروێزی کۆنسرێتەکەدا، ڕۆژنامەوان ئارام کریم وێنەیەکی بناری قەندیلی وەک دیاری بەخشییە ژنە گۆرانیبێژی فەڕەنسی ئیلۆنۆرا فۆرنیا.

هـ.هـ