عەلی نەبی یەکەم گولـلەی راپەڕینی تەقاند

عەلی نەبی یەکەم گولـلەى راپەڕینی تەقاند. ژیانی بە تێکۆشان بۆ گەلی کورد تێپەڕی، بەڵام لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان (PDK)ەوە شەهید کرا.

گەلی باشووری کوردستان ٣٠ ساڵ لەوە پێش و لە ٥ی ئاداری ١٩٩١ لە ناوچەى رانیەی سلێمانی بە پێشەنگایەتیی دەستەیەک لە گەنجان لە دژی دیکتاتۆریی سەدام حوسێن راپەڕینیان دەستپێکرد. ئاگری راپەڕین لە چیاکانەوە لەلایەن پێشمەرگەوە پشتیوانیی لێدەکرا، ٢١ی ئاداری ١٩٩١ دوای ئەوەى کەرکوک بە تەواوی رزگار کرا، راپەڕین بە هەموو گوند و شارەکاندا بڵاوبوویەوە. دام و دەزگاکانی رژێمی بەعس دەستیان بەسەردا گیرا، سوپای عێراق لە ناوچەکان دەرکران.

 سوپای عێراق کە خۆی لە بەرامبەر گەل دا پێ رانەگیرا لە ٢٧ی ئاداری ١٩٩١ دەستی بە هێرشکرد. لەو رۆژەدا کەرکوک و دواتریش لە ٣١ی ئاداردا دووبارە هەولێریان داگیرکردەوە. دوای ئەوە  کۆڕە گەورەکەى گەلی باشووری کوردستان دەستیپێکرد و سەدان هەزار کەس بەرەو باکوور و سەدان هەزاری تریش بەرەو رۆژهەڵاتی کوردستان رۆیشتن.  

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داوای فەرەنسا و بەلجیکا لە رۆژی ٥ی نیسانی ١٩٩١ بڕیاریدا، کە ناوچەیەکی ئارام و پارێزراو بۆ باشووری کوردستان دروست بکەن و کورد لەهێرشەکانی سوپای عێراق بپارێزن و هاوکاریی مرۆیی بگەیەننە ناوچەکە و ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

 بە بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوە لە هێزەکانی بەعس قەدەغە کرا، کە نابێت ئەو رژێمە هێڵی ٣٦ لە ناوچەکانی باکووری عێراق ببەزێنێت و هەستانی فڕۆکەیان بۆ سەر ناوچەکانی هێڵی ٣٦ لە رژێمی بەعس قەدەغە کرد. لە دوای بڕیاری ١٩٢٥ی کۆمەڵەى گەلان لەسەر کەرکوک، ئەوە یەکەم بڕیاری نەتەوە یەکگرتوەکان بوو بۆ قبوڵکردن و پاراستنی کورد. بەو شێوەیە ئەو ناوچەیە، کە فڕینی فڕۆکەى بەعسی بەسەردا قەدەغە کرا، باشووری کوردستانی بە کرداری و فیعلی کردە هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەر و دیسانەوە ئاوارەکان گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

راپەڕین بووە هۆی ئەوە لە کوردستان دوو بەرەی سیاسی یەکبگرن. لە کانوونی دووەمی ١٩٩١دا بە پێشەنگایەتیی پەدەکە و یەنەکە بەرەی کوردستانی بڕیاری لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمان دا. لە ٧ی تەممووزی ١٩٩٢دا و دوای ئەوەى کابینەى ئەنجوومەنی وەزیران دیاری کرا، پەرلەمان لە ٤ی تشرینی دووەمی ١٩٩٢دا باشووری کوردستانی لە ناو عێراقدا وەک هەرێمێکی فیدراڵ راگەیاند. ئەو هەرێمە تاوەکو ساڵی ٢٠٠٣ و رووخاندنی رژێمی بەعس لەلایەن ئەمریکاوە بەردەوام بوو.

کۆرۆنۆلۆژیای راپەڕین

ئاداری ١٩٩١

٥ی ئادار رانیە، چوارقوڕنە، دەشتی بتوێن و حاجی ئاوا رزگار کران.

٦ی ئادار ناوچەی دەشتی پشدەر و ناوچەی بازیان لە نزیک سلێمانی رزگارکران.

٧ی ئادار راپەڕین لە سلێمانی بڵاوبوویەوە و گەل دەستیانگرت بەسەر هەموو دام و دەزگاکانی رژێم دا.

٨ی ئادار راپەڕین هاوکات لەگەڵ سلێمانی گەیشتە عەربەت، چەمچەماڵ، هەڵەبجە، زەڕەیان، پیرەمەگرون و رێگای سلێمانی و کەرکوک کۆنترۆڵ کرا.

٩ی ئادار راپەڕین گەیشتە ناوچەکانی کۆیە و شەقڵاوا و باسرمە لە پارێزگای هەولێر.

١٣ی ئادار راپەڕین گەیشتە هەولێر و لە دژی رژێمی بەرەنگاری دەستیپێکرد. هەر ئەو رۆژە بەرزین، مەلائۆمەر، جەدیدە، تۆپزاوا، کەورگۆسک، بەحرکە، بەرحوشتر، کەسنەزان، بنەسڵاوە، دارەتو، قوشتەپە و شاوێس رزگار کران.

١٣ی ئادار راپەڕین بە زاخۆ و سلێڤانێ دا بڵاوبوویەوە و هەمان رۆژ جەبارە و کەلاریش رزگار کران.

١٤ی ئادار سەرسنگ، زاوێتە، دێرەلوک، شیلادزێ، ئامێدی و بامەڕنی زرگار کران.

١٥ی ئادار سێمێڵ رزگار کرا.

١٦ی ئادار قەرەچۆغ و مەخمور رزگار کران.

١٩ی ئادار دەورووبەری کەرکوک رزگار کرا.

٢١ی ئادار ناوەندی کەرکوک بە تەواوی رزگار کرا.

٢١ی ئادار لە کەرکوک ئاگری نەورۆز کرایەوە و شەڕیش لە بنکەى سەربازیی خالید بەردەوام بوو.

پێشمەرگەکەى رانیە

یەکێک لەو کوردانەى لە ساتی یەکەمەوە پێشەنگایەتیی بۆ راپەڕین کردبوو عەلی نەبی بوو لە رانیە. شۆڕش عەلیی کوڕی عەلی نەبی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و چیرۆک و بەسەرهاتی باوکی خۆی گێڕایەوە و وتی، "یەکێک لەو بنەماڵانە بوون، کە لە کاتی شەڕی عوسمانی و سەفەویدا لە شەمزینانەوە کۆچیان کردووە بۆ رانیە. شەهید عەلی نەبی ساڵی ١٩٥٣ لە ناو ئەو بنەماڵەیەدا چاوی بە ژیان هەڵهێنا، کە لە گوندی مەدەرا لە رانییە بە کاری ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵ بوون. لە منداڵیدا زۆر سەرکەوتوو و لێهاتبوو.

 لە شۆڕشی ئەیلول دا لە ماکۆک شەڕی کردبوو و بەو سەرکەوتنەی ناو و ناوبانگی بڵاوبوویەوە. نازناو و مەدالیای پێشمەرگەیان پێ بەخشی. دوای رێککەوتنی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥ دا گەڕایەوە بۆ ماڵی خۆی، بەڵام خۆی بە دەست رژێم بەعسەوە نەدا. دوای ئەوەى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) دامەزرا بوووە پێشمەرگەیەکی چالاک و بەرپرسی تیپی سەفینی ٩١. دوای ساڵی ١٩٨٥ دەستی لە پێشمەرگایەتی هەڵگرت، بەڵام بەردەوام بوو لە پەیوەندییەکانی لەگەل یەنەکە. بۆ نمونە ساڵی ١٩٨٩ و لە کاتی ئەنفال دا لە ناوچەى خۆشناو و شاور و رواندزدا بۆ رزگارکردنی گەلی کورد رۆڵێکی چالاکی گێڕا. بۆ ئەوەى گەل لەو ناوچەیە رزگار بکات تاوەکو گەیشتنی خەڵک بە سەر سنووری ئێران، پێشەنگایەتی و پێشڕەویی بۆ کردن.

عەلی نەبی بە شێوەیەکی چالاک بەشداری ئامادەکارییەکانی راپەڕین بوو. پلان دانرابوو ٧ی ئادار راپەڕین دەستپێبکات. ئەویش خاوەنی ئەزموونی پێشمەرگایەتی و دەستپێشخەری بوو. لە هەموو شارەکەدا و لە شوێنانەدا کە هێزی حکومەتی تیادا بوو پلانسازیی کرد تاوەکو رۆژی ٧ی ئادار راپەڕن. گەنجان لە ٥ی ئادار لە رانیە رژانە سەر شەقامەکان. رژێمی بەعس لە بنکەى سەربازیی نێوان رانیە و چوارقوڕنە سەرقاڵی ئامادەکاریی سەربازی بوو بۆ سەرکوتی راپەڕین و سیخوڕیان بۆ رانیە ناردبوو.

یەکەم گولـلەى راپەڕین

عەلی نەبی لە کاتی ئامادەکارییەکان بۆ راپەڕین رۆیشت بۆ رانیە، بەڵام رووبەڕووی ٣ سیخوڕی بەعس بوویەوە. عەلی نەبی ئیدی یەکەم گولـلەى راپەڕینی تەقاند. لەو شەڕەدا ٢ سیخوڕ کوژران و سیخوڕێکی تریش بریندار بوو. عەلی نەبی لە گۆڕەپانی شارەکە خەڵکی کۆکردەوە و لەبارەی راپەڕینەوە قسەى بۆ خەڵک کرد و زانیاریی پێدان. بەو شێوەیە لە رانییە ٢ رۆژ زووتر لە پلانەکە راپەڕین دەستیپێکرد. ئەو رۆژە رانییە بە تەواوی لە بەعس پاککرایەوە. ناوچەى حاجی ئاواش بەشداری ئەو کاروانەى راپەڕین بوون و رۆژی دواتریش چوارقوڕنە رزگار کرا. شەهید عەلی نەبی و هەڤاڵەکانی پێشەنگایەتیان بۆ گەل کرد و بە دەستپێشخەریی خۆیان شارەکەیان ئازاد کرد. پێشمەرگەش ٧ی ئادار گەیشتە شارەکە.

پەدەکە بۆسەى دانا و شەهیدی کرد

عەلی نەبی دیسانەوە لەگەڵ راپەڕین بوویەوە بە پێشمەرگە. ساڵی ١٩٩٤ لە قەڵادزێ شەڕ لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) روویدا. عەلی نەبی رۆیشت بۆ ئەوەى شەڕەکە رابگرێت. بەڵام پەدەکە لە ٢ی ئایاری ١٩٩٤ دا بۆسەیان بۆ ئەو و چەند هەڤاڵی دانا و شەهیدیان کردن.

عەلی نەبی گەلی خۆشدەویست و گەلیش رێزیان لێدەگرێت. منداڵەکانی خۆی زۆر خۆشدەویست. ئەو کاتەى پێشمەرگە بوو هەندێکجار ٤ بۆ ٥ مانگ نەدەهاتەوە بۆ ماڵەوە. بەهۆی خەباتەکەیەوە نەیدەتوانی لە شوێنێکدا زۆر بمێنێتەوە. هەندێکجار ئێمە لە گوند و هەندێکجاریش لە چیاکان دەماینەوە.

ئێمە زۆر شانازی بە باوکایەتی و تێکۆشانەکەى بۆ کوردستان دەکەین. نەک تەنها بۆ باشووری کوردستان، بەڵکو بۆ رۆژهەڵاتی کوردستانیش شەڕی کردوو. کاتێکیش پەکەکە هات بۆ باشووری کوردستان زۆر هاوکاریی کردن. همەوو ژیانی خۆی خستبووە خزمەت گەلەکەی خۆیەوە".

ژ.ت