پلانەکانی لە ناوبردنی باشووری کوردستان

بەپێی بەڵگەگانی (سەتا - SETA) ئامانجی سەرەکیی کردنەوەى دەروازەی سنووریی کوراڤا – پێشخابوور و رێککەوتنی سەر شەنگال لە ٩ی تشرینی یەکەمدا، بۆ هەڵوەشاندنەوەى قەوارەی باشووری کوردستان و پاکتاوکردنی بزووتنەوەى ئازادیی پەکەکە و هەموو کوردانە.

لە ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠دا مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورک لە ئەنقەرە پێشوازیی لە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق کرد. دوای چاوپێکەوتنی نێوانیان، چاوش ئۆغڵو لە کۆنفرانسی رۆژنامەنووسی دا باسی کردنەوەى دەروازەی سنووریی کوراڤا، واتە ئۆڤاکۆی کرد. رایگەیاند، ئاستی بازرگانیی نێوان هەر دوو وڵات ١٧ میلیار دۆلارە و وتی، ئامانجیان ئەوەیە، ئەو رێژەیە بگەیەننە ٢٠ ملیار دۆلار.

باشە، ئەو دەروازە سنوورییە، کە دوای ریفراندۆمی ٢٠١٧دا لە نێوان بەغەدا و ئەنقەرەدا بووە بە بابەت، ئامانجە سەرەکییەکانی چییە؟

دەروازەی سنووریی کوراڤا (ئۆڤاکۆی) دەوکەوێتە سەر سنووری شرنەخ و بە دووریی ١٠ کیلۆمەتر لە دەروازەی خابوور – ئیبراهیم خەلیل دایە. ئەو دەروازە ئەڵتەرناتیڤە، لە شرنەخەوە بۆ تەلعەفەر – موسڵ و لەوێشەوە بۆ بەغدا تاوەکو بەسرە درێژ دەبێتەوە. لە بەرامبەر کوراڤادا ناوچەی  پێشخابور هەیە، کە ٥٠ کیلۆمەتری لە ناو سنووری هەرێمی کوردستاندایە. لێرەدا خاڵی گرنگ ئەوەیە، ئەوناوچەیە سێگۆشەى باشوور، باکوور و رۆژئاوا بە یەک دەگەیەنێت، بۆیە ناوچەیەکی ستراتیژییە.

دامەزراوەى توێژینەوەى سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی (سەتا - SETA)ی سەر بە ئاکەپە، راپۆرتێکی بە ناوی "گرنگیی کردنەوەى دەروازەی کوراڤا" ئامادە کردووە. لەو راپۆرتەدا بە بەرفراوانی باس لە ئامانجەکانی ئەو پرۆژەیە کراوە و چەند خاڵی سەرەکی لە ئامانجەکانی دەوڵەتی تورک بۆ کردنەوەى ئەو دەروازە سنوورییە ئەمانەی خوارەوەن:

دروستکردنی دەروازەیەکی ئەڵتەرناتیڤی ئابووری، کە کۆنترۆڵی حکومەتی ناوەندیی عێراق زیاتر بکات، تاوەکو عێراق پێگەى خۆی بەرامبەر بە حکومەتی باکووری عێراق بەهێزتر بکات.

 پێشبینی دەکرێت، بەهۆی ئەو رێگایەوە، ئیدی عێراق و تورکیا ناچاری دەروازەی سنووریی خابوور (ئیبراهیم خەلیل) نەبن و لێی رزگاریان بێت. بەو شێوەیە ئامانجی هەر دوو دەوڵەتەکە ئەوەیە، کە باز بەسەر حکومەتی باکوری عێراق دا بدەن.

بەو پرۆژەیە، حکومەتی باکووری عێراق هەست بەوە دەکات، کە لە ژێر گوشاردایە، بۆیە پرۆژەی دەروازەی ئۆڤاکۆی (کوراڤا) کلیلی بەردەوامیدانە بە پەیوەندی و وابەستەبوون بە حکومەتی ناوەندییەوە.

یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی پرۆژەکە ئەوەیە، کە تورکیا راستەوخۆ باجی دەروازەکە بە حکومەتی عێراق دەدات و بە هیچ دەسەڵاتێکی تری نادات.

ئەگەر ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بکرێت، ئەوا هێزە چەکدارەکانی تورک و عێراق بەهاوبەشی کار و جموجوڵ دەکەن و ئاسایشی ئەو دەروازە سنوورییە و هێڵەکەى دەپارێزن. بەو جوڵە هاوبەشە، کۆنترۆڵی حکومەتی ناوەندیی عێراق بەسەر رۆژئاوای دیجلە دا زیاتر دەبێت و لەو رێگەیەوە گوشار لە حکومەتی باکووری عێراق دەکات و دەیوەستێنت لەوەی، کە جوڵە و کاری سەربەخۆیانە ئەنجام بدات.

کردنەوەى دەروازەی سنووریی کوراڤا (ئۆڤاکۆی) لە پێش هەموو شتێکەوە ئامانجێکی تری سەرەکیی ئەوەیە، لە تەلعەفەر، موسڵ و کەرکوک دا سوود بە تورکمانەکان بگەیەنێت. لەو رێگەیەوە تورکیا کاریگەریی هێڵی سونی لە ناوچەکە دەکاتە رۆژەڤ، کە گوایە دەیەوێت رێگری لە بڵابوونەوەى هێڵی شیعە بگرێت. بەوەش توانایی تورکیا لە ناوچەکەدا زیاد دەکات و هەرێمێکی گرنگ و ناوچەی نفوز بەدەست دەهێنێت.

بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە، دەبێت حکومەتی عێراق دیو و بەری ناوچەى پێشخابوور کۆنترۆڵ بکات. تورکیا دەیەوێت حکومەتی عێراق هێڵی پێشخابوور، تەلعەفەر و موسڵ کۆنترۆڵ بکات و ئاسایشی ناوچەکەش بگرێتە دەستی خۆی.

ئەگەر تورکیا و حکومەتی ناوەندیی عێراق ناوچەکە کۆنترۆڵ بکەن، ئەوجار لە شەنگال لە دژی پەکەکە هەنگاوێکی گرنگ هەڵدەگرن. شەنگال، کە لە نێوان قەندیل و باکووری سوریادا وەک پردێکە، دەبێت کۆنترۆڵ بکرێت تاوەکو پلانە درێژەخانەکەى تورکیا لە دژی "تیرۆر" بەدی بێت. لە دژی سیاسەتی بڵاوبوونەوەى پەکەکە، هەنگاوەکانی حکومەتی ناوەندی بۆ تورکیا چارەنووسسازن. بۆیە پرۆژەى دەروازەی سنووریی کوراڤا (ئۆڤاکۆی) بۆ پەیوەندیی نێوان عێراق و تورکیا دەبێتە خاڵێکی گرنگی وەرچەرخان. لەو پرۆسەیەدا، بۆ تورکیا بابەتی شەنگال یەکێک لە بابەتە قەیراناوی و سەرەکییەکانە...".

رێکخراوی (سەتا - SETA)ی سەر بە ئاکەپە لەو راپۆرتەیدا بە وردەکارییەوە باسی هەموو ئەو خاڵانەی کردووە و لە ئەنجامدا باسی دوا ئامانجی پرۆژەی دەروازەی سنووری کوراڤا – پێشخابووری کردووە.

عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک چەند مانگ لەوە پێش لەبارەی کردنەوەى دەروازەی سنووریی کوراڤاوە وتبووی، "دەروازەی سنووریی خابوور – ئیبراهیم خەلیل زۆر گەورەیە. رۆژانە دە هەزار ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری و ئۆتۆمبێلی بچووک دەتوانن پیایدا تێپەڕن. بەپێی ئامارەکانی بەردەستمان، لە ئێستا رۆژانە تەنها ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ ئۆتۆمبێل لە دەروازەکەوە دەپەڕنەوە. یانی بابەتەکە ئەوە نییە، کە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل توانای پێشوازیی لە بازرگانی لە قەبارەی گەورە دا نەبێت...".

لە قسەکانی عەلی تەتەریش دا دەردەکەوێت، کاربەدەستانی باشووری کوردستان تاوەکو ماوەیەکیش بەو پرۆژەیە رازی نەبوون، بەڵام لە جموجوڵەکانی ئەمدواییانەیاندا و بە تایبەتیش دوای رێککەوتنی سەر شەنگال لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا وا دەردەکەوێت، کاربەدەستانی باشووری کوردستان بەو پرۆژەیە رازی بوو بن.

بەپێی سەرچاوەی بڕواپێکراو، دەوڵەتی تورک لە پرۆژەى دەروازەی سنووریی کوراڤا – پێشخابووردا هەندێک گۆڕانکاریی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی بە شێوەیەکی فەرمی پێشکەشی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ی کردووە. کاربەدەستانی پەدەکە بەو گۆڕانکارییانە لە پرۆژەکەدا رازی بوون. ئەگەر لە هاوینی رابردووە سەیری ترافیکی چاوپێکەوتنەکانی نێوان ئەنقەرە، بەغدا، هەولێر و واشنتۆن بکەین، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە ئەو پرۆژەیە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی سەر مێزەکانیان بووە. هێرشی هاوکات بۆ سەر شەنگال، حەفتانین، مەخموور و جموجوڵی سەربازی لەسەر سنووری رۆژئاوا، گارە و ناوچەکانی تر... بەشێکی ئەو پلانەن.

هەموو ئەوانە دەریدەخەن، لایەنی پەیوەندیداری پرۆژەکە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە هەندێک بەڵێن و وەعدی بە پەدەکە داوە. دیار نییە ئەو بەڵێن و وەعدانە چین، کە بە پەدەکە دراون، بەڵام وادیارە بەپێی جموجوڵە سەربازییەکان و پڕوپاگەندەکانیان، لەبارەی رۆژئاوا و شەنگالەوە بەڵێنیان بە بنەماڵەی بارزانی دابێت. لەلایەکی ترەوە دەوڵەتی تورک ئەوە دەبینێت، کە عێراق لە تەنگاوی، گێژاو و ناسەقامگیرییەکی گەورەدایە، بۆیە دەیەوێت لەو لاوازییەى حکومەتی بەغدا سوود وەربگرێت. بۆیە لەبەرامبەر جێبەجێکردنی ئەو پلانەدا دەوڵەتی تورک بەڵێنی وەک، "بەرزکردنەوەى ئاستی بارزگانی" و "چارەسەرکردنی قەیرانی ناوچە کێشە لەسەرەکان" و "بونیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوەى موسڵ" و.... هتد بە حکومەتی کازمی دەدات...

وەک لە راپۆرتەکەى (سەتا - SETA)دا هاتووە، ئامانجی سەرەکیی کردنەوەى دەروازەی سنووریی کوراڤا – پێشخابوور و رێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لەسەر شەنگال بۆ تێکدان و لەناوبردنی قەوارە و کیانی باشووری کوردستان و پاکتاوکردنی بزووتنەوەى ئازادیی کوردستان بە پێشەنگایەتیی پەکەکە و هەموو کوردانە. هەر بەرپرسانی دەوڵەتی تورک لەو بابەتەدا ئەوە لە ناو قسەکانی خۆیاندا ناشارنەوە و بۆ نمونە دەڵێن، "کردنەوەى دەروازەی سنووری" تەنها بابەتێکی ئابووری و بازرگانی نییە، بەڵکو لە رێگەى ئەو دەروازە سنوورییەوە دەوڵەتی تورک دەیەوێت پێگەى سەربازیی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێز بکات و لەو رێگەیەوە گوشار بخاتە سەر عێراق.

ستراتیژیای دەوڵەتی تورک لەو پرۆژەیەدا بۆ بەدەستهێنانی هێڵی خابوور تاوەکو رەبیعە و شەنگالە و لەوێشەوە تاوەکو سنووری ئوردون. هەوڵ دەدات بەپێی خەونی باپیرانی، خۆی بە موسڵ و کەرکوک بگەیەنێت. بۆ ئەوەش هەوڵ دەدات هەرێمێکی تایبەت بۆ سونەکانی عێراق دابمەزرێنێت و سنوورەکەشی راستەوخۆ بە تورکیا و ئوردونەوە ببەستێتەوە.

 ئەو ستراتیژیایە، کە دەوڵەتی تورک بۆ خۆی دایناوە، نەک تەنها پەیوەندیی بە کورد و عێراقەوە هەیە، بەڵکو پەیوەندیی بە ئێران و تا رادەیەکیش پەیوەندیی بە فەرەنساوە هەیە. چونکە بەپێی ئەو پلانە لە عێراق و سوریادا رێگری لە ئێران دەکرێت. لەلایەکی ترەوە، نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی فڕۆکەخانەى موسڵ لە دەستی فەرەنسییەکاندایە، بۆیە دەوڵەتی تورک دەیەوێت لەو رێگەیەوە لەگەڵ فەرەنسادا بکەوێتە پێشبڕکێ.

لەبەر هەموو ئەو هۆکارانە سەردانی شاندی سەربازیی دەوڵەتی تورک بە سەرۆکایەتیی خولوسی ئاکار وەزیری بەرگریی دەوڵەتی تورک و یاشار گولەر سەرۆک ئەرکانی سوپای تورک بۆ بەغدا و هەولێر گرنگە. شاندەکە لە بەغدا لەلایەن ژمارەیەکی زۆر بەرپرسی باڵاوە  پێشوازیی لێکرا. وەک لە دیمەنەکە و تابلۆکدا دەرکەوێت، ئەوە بۆ ئەنقەرە بێ کەموکوڕی بوو. سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دوای چاوپێکەوتنەکان وتی، "دەبێت بە رێزەوە مامەڵە لەگەڵ سەروەریی عێراق دا بکەن و پێویستە تورکیا بەڵێنەکەى ساڵی ٢٠١٨، کە بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەى موسڵ داوێتی، جێبەجێ بکات".

شاندە سەربازییەکەى تورک لە دوای بەغدا رۆیشت بۆ هەولێر و لەوێ لەگەڵ بنەماڵەى بارزانی چاوپێکەوتنی ئەنجامدا. دوای چاوپێکەوتنەکان راگەیاندراوی بەرفراوان بڵاونەکرایەوە، بەڵام خولوسی ئاکار بە ئاژانسی دەوڵەتی تورکی راگەیاند، دەیانەوێت کوردانی ئازادیخواز لەشەنگال، مەخمور و سەرتاسەری عێراق لە ناو ببەن. تاوەکو ئێستا هیچ یەک لە کاربەدەستانی بنەماڵەى بارزانی، کە لەگەڵ ئەو شاندەی دەوڵەتی تورک دا کۆبوونەتەوە، ئەو قسەیەى ئاکاریان نە بە درۆنەخستووەتەوە و نە لێکدانەوەکیان بۆ کردووە. وردەکاری و ناوەرۆکی چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ بەغدا و هەولێر بۆ رای گشتی بڵاونەکراونەتەوە، بەڵام هەر لە هەمان رۆژی چاوپێکەوتنەکاندا، بەرەی تورکمانی و چەتەکانی دەوڵەتی تورک لە کەرکوک دەستیان بە جموجوڵ کرد و بە تەقینەوە لە بەغدا شیکارییەکان لەبارەی پلانی دەوڵەتی تورک بۆ تێکدانی قەوارەی باشوور و پاکتاوکردنی پەکەکە و لەناوبردنی شەنگال، مەخمور و شۆڕشی رۆژئاوا پشتڕاست دەبێتەوە.  

هەروەها چەند رۆژ دوای ئەو زنجیرە چاوپێکەوتنانە، ئاژانسی هەواڵی هاوار لە ئێوارەی ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا هەواڵێکی پشتبەستوو بە سەرچاوە سەربازییەکان بڵاوکردەوە و بەپێی ئەو هەواڵە، پەدەکە و دەوڵەتی تورک لە دژی شەنگال و دێرک لە ئامادەکاریی گەورەدان بۆ ئەنجامدانی هێرش. ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاندبوو، پێشبینی دەکرێت هێرشەکان لە ماوەى ١٠ رۆژدا ئەنجام بدرێن. ئەو ناوچانەشی کە ئامادەکارییان بۆ ئەنجامدانی ھێرشە تیادا دەکرێت، راستەوخۆ ئەو سێگۆشە سنوورییە، کە دەیانەوێت دەروازە سنوورییەکەی تیادا بکەنەوە.

ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە سەرەتا و پوختی بکەینەوە، پرۆژەی دەروازەی سنووریی کوراڤا – پێشخابوور ستراتیژیای دەوڵەتی تورکە، بەڵام بەهۆی چەندین ئاکتۆر، کە لە سەرەوە باسمکردوون، جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە زۆریش ئاسان نابێت. هەر چەند کورد لە چەق و سەنتەری ئەو بابەتەدایە، بەڵام ئەو بابەتە پەیوەندیی بە زۆرێک لە دەوڵەتەکان و هێزەکانی تریشەوە هەیە. هەروەها ئێمە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە بەڕێوەبەریی نوێی ئەمریکا چۆن لەو ستراتیژیایەى دەوڵەتی تورک نزیک دەبێتەوە. ستراتیژیی تورکەکان لەو بوارەدا روون و ئاشکرایە، سەرباری هەموو ئەو شتانەش نەبینینی ئەو راستییە نیشانەى نەبوونی تێگەیشتنی قوڵ نییە، بەڵکو نیشانەى هاوکاریکردن و خزمەتکردنە بەو ستراتیژییەى دەوڵەتی تورک، بەڵام دەبێت ئەوە لە بیر نەکرێت، چی دەبێت با ببێت، مێژوو هەر لەگەڵ بەرخودێران و بەرەنگاراندایە. وەک هەموو جارێکیتر، دیسانەوە هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی کوردی ئازادیخواز هەموو شتەکان یەکلایی و روون دەکاتەوە.

سەرچاوە: رۆژنامەی وڵات