پەیامی لەیلا گیوڤەن لە زیندانەوە بۆ ٨ی ئادار: ئازادیی ژن ئازادیی کۆمەڵگەیە

لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدە لە زیندانی ژنان لە خارپێت پەیامێکی بە بۆنەى ٨ی ئادار بڵاوکردەوە و لە پەیامەکەیدا هاتووە، "رزگاریی ژنان رزگاری کۆمەڵگەیە، ئازادیی ژنان ئازادیی کۆمەڵگەیە. بژی ٨ی ئادار!".

لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکی کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە / KCD) لە زیندانی ژنان لە خارپێت لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە  دیلکراوە، لە رێگەى بنەماڵەکەیەوە بە بۆنەى ٨ی ئادار رۆژی جیهانیی ژنانی زەحمەتکێشەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و لە پەیامەکەیدا ٨ی ئاداری لە هەموو ژنان پیرۆز کرد. گیوڤەن لە پەیامەکەیدا سەرنجی خستەسەر ئەو وتەیەى کلارا زێتکین، کە دەڵێت، "ئەوانەى مردن دەدەنە بەرچاویان دەتوانن ژیان بە دەست بهێنن". و وتی، "ئێمە هەموو بۆسە و یارییەکانی سیستمی پیاوی سەردەستمان یەک بە یەک تێپەڕاند و بە خێرایی بەرەو ئازادی دەڕۆین".

ژنی رێزدار کلارا زێتکین دەڵێت، 'ئەو کەسانەى مردن دەدەنە بەرچاویان دەتوانن لە ژیاندا سەربکەون و ژیان قازانج بکەن'. ئەمڕۆش هەموو ژنانی جیهان هاوار دەکەن و دەڵێن، 'ئێمە بۆ بە دەستهێنانەوەى ئەو مافەمان، کە لێمان زەوتکراوە کەوتوینەتەڕێ'. ئێمە هەموو ئەو رێگایانەى کە سیستمی پیاو بە بۆسە و کەمین و یاریکردن گرتبوونی یەک بە یەک تێدەپەڕێنین و بەرەو ئازادی هەڵدێین. با گەلەکەمان باش بزانێت ئەو سیستمەى، کە ژنان پێیدەگەن و بونیاتی دەنێن، هەموو کەس دەتوانێت خۆی بە ئازاد تیایدا ببینێت و ئازادانە خۆی دەرببڕێت و ببێتە رەنگی ژیانی ئازاد، دیموکراتیک، ئیکۆلۆژی و ئازادیی ژن. لەبەر ئەوەش ئێمە دەڵێین، رزگاریی ژن رزگاریی کۆمەڵگەیە. ئازادیی ژن ئازادیی کۆمەڵگەیە.

ژنانی رێزدار، ٨ی ئادار بۆ ژنان لە رۆژی پیرۆزبایی زیاتر، رۆژی تێکۆشان و لێپرسینەوەیە لە عەقڵییەتی پیاوی باڵادەست و سەردەست. لەبەر ئەوەش ئەمڕۆ لە هەموو گۆڕەپانەکانی جیهان دا ژنان بەرەنگاری دەکەن و دەڕژێنە سەر شەقامەکان. هاوار دەکەن و رایدەگەیەنن، کە لە رۆزاکانەوە تاوەکو ساراکان، لە سێڤییەکانەوە تاوەکو کادەرەکان و دایە تایبەتەکان، لە مرابێلەوە تاوەکو ئەو ژنانەی توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، لێپرسینەوە بکرێت.

 بە پێشەنگایەتیی ژنان لە رۆژئاوا، مۆدێلی رۆڵی شۆڕشی ئینتەرناسیۆنالیست، ئەوەی سەلماند، کە ژنان نە بێچارەن نە بێ ئەڵتەرناتیڤن. هاوار دەکەن و رایدەگەیەنن، کە هاوار و دەنگی دایکان لە هەموو چەکەکان بەهێزترە".

لەیلا گیوڤەن لە پەیامەکەیدا داوای لە هەموو ژنان هەبوو و وتی، "ئێوە لە پێش هەموو شتێکەوە نوێنەری ئەو ژنانەن، کە لە دژی گۆشەگیری لە مانگرتندان، نوێنەری ئەو ژنانەن، کە لەگەڵ منداڵەکانی خۆیاندا زیندانیکراون و نوێنەری هەموو زیندانیانی نەخۆشن. ئێمە ٨ی ئاداری ٢٠٢١ بە هەموو رەنگەکانی خۆیەوە، دەکەینە پەلکەزێڕینە و رەنگی پەلکەزێڕینە بەسەر زەویدا دەبارێنین. ئێمە هاوار بۆ ئاشتی، خۆشەویستی و خۆشبینی دەکەین. بژی ٨ی ئادار!".

ژ.ت