قەرەیلان: پەیوەندیەکانی پەدەکە و تورکیا لە خزمەتی کورددا نین

قەرەیلان: پەیوەندیەکانی پەدەکە و تورکیا و هاوکاری هەواڵگری و پەیوەندیەکانی تر. خزمەت بە گەلی کورد ناکەن. لە ڕاستیدا خزمەت بە پەدەکەش ناکەن.

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕیوەبەری پەکەکە بەشداری لە بەرنامەیەکی تایبەتی ستێرک تی ڤی کرد کە بڕیارە سبەینێ ئێوارە بڵاوبکرێتەوە و باسی لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی باشووری کوردستان کرد.

قەڕەیلان وتی، "پەیوەندیەکانی پەدەکە و تورکیا هاوکاری هەواڵگری و پەیوەندیەکانی تر. خزمەت بە گەلی کورد ناکەن. لە ڕاستیدا خزمەت بە پەدەکەش ناکەن." هەروەها باسی لە جموجووڵی پەدەکە لە حەفتانین، مەتینا، گارە و بەهدینانیش کرد.

قەرەیلان باسی ئەوەی کرد کە هێزەکانی پەدەکە دەستیان بە جووڵە کردووە، لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ شەڕ و وتی، "واتە ئەگەر چاودێریەکی جددی و زانیاری جددیمان نەبوایە، ئەم شتانەمان نەدەوت، لەبەرئەوەی ئێمە هەموو کاتێک خۆشبینین. بەڵام ئێستا کە سەیری دەکەین: بە ڕاستی ئامادەکاریەک دەبینین. بەم ئامادەکاریە دەیانەوێت چی بکەن. بۆ نمونە لە هەرکوێ خاڵێکمان هەبێت، دەیانەوێت یەکسەر هێزێک لەوێ جێگیر بکەن. لەنێوان دوو هێزماندا ڕێگایەک هەبێت، دەیانەوێت لەوێ بارەگایەک دروست بکەن. باشە مەبەستیان لەمە چییە؟"

قەرەیلان ڕاشیگەیاند، تورکی داگیرکەر لەماوەی ٦ ساڵی دواییدا دەستی بە پلانێکی نوێ کردووە و وتی، "بە عەقڵیەتێکی نوێ دەجوولێنەوە. لە ئێستادا لە تورکیا دەسەڵاتی ئاکەپە نییە. لە تورکیا مەهەپە دەسەڵاتدارە. بووچونی مەهەپە لەسەر دەسەڵاتە و ئەوانیش پانتورکیزم وەک بناغە وەردەگرن، نایانەوێت جگە لە تورک کەسی تر هەبێت. واتە خاوەن عەقڵیەتێکی شۆڤێنی و نەژادپەرستی توندن. بەم شێوەیە دەیانەوێت لە کوردستان خۆیان بسەپێنن. پێویستە ئاگاداری ئەم خاڵە بین."

قەڕەیلان بەبیریهێنایەوە کە عەبدوڵلا ئۆجالان بە پیلانگێڕیەکی نێودەوڵەتی دەستگیرکرا و ئەوان ٥ ساڵ ئاگربەستیان ڕاگەیاند و وتی، "دوای ئەوەی ڕێبەرمان بە پیلانگێڕیەکی نێودەوڵەتی دەستگیرکرا، ئێمە ٥ ساڵ ئاگربەستمان ڕاگەیاند. بەڵام دەوڵەتی تورک دەستی بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ باشووری کوردستان کرد. هەروەها بچڕاندنی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ باشووری کوردستان کردە هێڵێکی سوور. باشە کەی ئەو هێڵەیان هەڵگرت؟ ساڵی ٢٠٠٨ کاتێک کە لە بەرخۆدانی زاپدا شکستیان خوارد کە ئەو کاتە خەڵکی ئامێدی لەبەرانبەر تانکەکانیان وەستایەوە و هەموو گەلی باشوورمان ڕەنجێکی زۆریان کێشا و تورکیش هێلی سووری خۆی هەڵگرت. بەڵام لە ڕیفراندۆمدا هەڵوێستی ڕاستەقینەی خۆیان بە تەواوی پیشاندا. چوون و لەگەڵ ئێران چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا. لەگەڵ عێراق دانیشتن و لەگەڵ ئەوان یەکیان گرت و ڕێگەیان نەدا کە کورد هەنگاوێک بنێت. ئێمە بە پێویستی نابینین کە هەموو کاتێک ئەم قسانە بکەین، بەڵام پیویستە هەموو کەسێک ڕاستیەکە بزانێت و ئاشکرا بکرێێت. ئێمە "پەکەکە" ئەگەر لەبەر ئێمە نەبێت، تورک هێرش دەکاتە سەر هەولێر، هیچ کاتێک تورک ڕێگا نادات کە کورد ببێتە خاوەن دەستکەوت. بەڵام لەبەرئەوەی لە ئێستادا پەکەکە هەموو جێگایەک دەپارێزێت، ئامانجی سەرەتا پەکەکەیە. بەڵام دیسانەوە لە هەموو قسەیەکی خۆیاندا و لە هەموو بەرنامەیەکدا دەلێت "کورد خاوەن ماف نییە."

ئەو شانۆیەی کە بە هەموو زمانێک نمایش دەکرا، کاتێک بڕیار درا بە کوردی نمایش بکرێت، قەدەغەکرا

شانۆیەک بە هەموو زمانەکانی جیهان نمایش دەکرا، لە ئەستەنبوڵ ژمارەیەک هونەرمەند هەوڵیاندا بە کوردیش نمایشی بکەن، یەکسەر قەدەغەکرا. لە کتێبی پۆلی ٨دا لە شوێنێک باسی کورد دەکرا، کاتێک زانییان یەکسەر سڕییانەوە. واتە نایانەوێت هیچ شتێک بە ناوی کوردەوە هەبێت. دەیانەوێت کورد قڕ بکەن. لێرە کێشەکە بە تەنها پەکەکە نییە، دەیانەوێت ڕیشەی کورد دەربهێنن، دەیانەوێت کورد لەناو ببەن. عەقڵیەتی دەسەڵاتی تورکیا، عەقڵیەتێکی بەم شێوەیەیە.

لەبارەی پەیوەندیەکانی تورکیا و پەدەکە

لەبەرئەوەش دەمانەوێت دووپاتی بکەینەوە: پەیوەندیەکانی پەدەکە و تورکیا، هاوکاریەکانی هەواڵگری و پەیوەندی تر. خزمەتی گەلی کورد ناکەن. لە ڕاستیدا لە خزمەتی پەدەکەشدا نین. پێدەچێت بۆ ماوەیەکی کاتی وەک خزمەتێک بۆ ئەوان ببینرێت، بەڵام ئەوە مەترسیە بۆ سەر کورد. واتە دۆخێکی وەهایە کە هەم زۆر هەستیارە و هەم ناتوانرێت هیچ واتایەکی پێ بدرێت. لەبەرئەوەی هەموو کوردێک دەکەنە ئامانج، بەڵام کە سەیری دەکەی بەشێک لە کورد پەیوەندی دۆستانەیان هەیە. ئێمە لەدژی ئەم دەسەڵاتە زۆردارە بەرخۆدان دەکەین و بەرخۆدانمان بە ناوی گەلی کوردەوە بەڕێوە دەبەین. هیچ نەبێت لەبەرانبەرمان نەوەستنەوە، گەمارۆمان نەدەن و پشتگیری لە ئێمە بکەن.

بابەتێکی تر ئەوەیە کە هەندێک بەرپرسانی هەرێم دەڵێن: پەکەکە خۆی وەک جێگرەوەی حکومەتی هەرێم دەبینێت. لەکوێ ئەوەیان دەرهێناوە، ئێمە نازانین. ئایا بۆ ئەوەی ئەوان ڕازی بکەن وا دەڵێن، یان ئەوانەی ئەو قسانە دەکەن ئایا بڕوا بە قسەکانی خۆیان دەکەن، بە ڕاستی جێگای پرسیارە. بەڵام هیچ بناغەیەک بۆ ئەو قسانە نییە. چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورک وتی، 'پەکەکە دەیەوێت دەست بەسەر هەولێردا بگرێت.' دامەزراندنی حکومەتی هەرێم دەستکەوتنی هەموو کوردێکە. دەستکەوتێکە کە بە تێکۆشانی دەیان ساڵە بەدەست هاتووە. لە ئەنجامدا ئیرادەی گەل هەیە. ئیمە بۆچی خۆمان وەک جێگرەوەی ئەم حکومەتە ببینین! ئەوە ڕاست نییە و هیچ بناغەیەک بۆ ئەو قسانە نییە.

هەموو ڕووداوەکان دەخەنە ئەستوی پەکەکە

هەروەها لە هەر کوێ ڕووداوێک هەبێت، سەرەنجی بدەیت، دەیخەنە ئەستوی پەکەکە و دەڵێن، 'پەکەکە ئەنجامیداوە'. بەڕێوەبەری ئاسایشی سەرزەر لکوژرا. یەکسەر وتیان پەکەکەیە. ئەنجومەنی ئاسایشی باشوور بە ئاشکرایی ئەوەی وت. لە ڕاستیدا ئێمە تووشی شۆک بووین. بەر لە هەموو شتێک دەڵێم: هیچ بڕیارێکمان نییە کە لە باشووری لەدژی لایەنەک یان لەدژی بەرپرسێکی حکومەتی هەرێم چالاکی و هێرش ئەنجام بدەین. بە شێوەیەکی فەرمی دەیڵێین: ئێمە هیچ بڕیارێکی وامان نییە. بەڵام ئەوان زۆر بە مسۆگەری وا دەڵێن و ئێمەش کەوتینە گۆمانەوە و وتمان، بڵێی یەکینەکانمان لەو ناوچەیە سەربەخۆ شتێکی وایان کردبێت؟ لێپرسینەوە و لێکۆلینەوەمان لەو هەرێمە کرد و بینیمان هیچ شتێکی بەو شێوەیە نییە. ئەگەر بەڵگەیان هەیە کە کارێکی واکراوە با بەڵگەکانیان بنێرن، دەتوانن لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاوی بکەنەوە و ئێمەش ئەو کاتە دەڵێین 'تەواوە'. بەڵام شتێکی بەو شێوەیە نییە. واتە دوژمن دەیەوێت ئێمە لەدژی یەکتری بووەستینەوە. هەوڵی تێکدەرانە هەیە. ئێمە نازانین کێ ئەو ڕووداوەی ئەنجامداوە، بەڵام  پێویستە ئێمە باش بزانین کە دوژمن ستراتیژیەکی هەیە و دەیەوێت کورد لەبەرانبەر یەکتری بەکار بهێنێت و دواتر بانگەشە بژات. بەم شێوەیە دەیەوێت ستراتیژیەکەی سەربکەوێت.

ئێمە لە قۆناغێکداین کە چارەنووسی کورد دیار دەبێت

تا ئێستا کورد هیچ کاتێک سوودی لە شەڕی ناوخۆیی دەستنەکەوتووە. ئەوە مسۆگەر و ئاشکرایە. ساڵەکانی ڕابردوو، واتە لە ساڵەکانی ١٩٩٠دا، پێشتر هەندێک هێز سوودیان لە شەڕی ناوخۆیی دەبینی: ئەو کاتە ئەو دەرفەتە هەبوو. بەڵام ئێستا نییە. بۆچی نییە؟ لەبەرئەوەی ئێمە لە سەدەی ٢١ داین، گفتوگۆ لەسەر سەرلەنوێ دیزاینکردنی هەرێمەکە دەکرێت، شوێنی کورد کوێ دەبێت، واتە ئێمە لە دۆخێکداین کە چارەنووسی کورد دیار دەبێت. بۆیەش ئەگەر گەلی کوردستان ئێستا بکەویتە ناو شەڕێکی ناوخۆییەوە لە ڕووی ستراتیژیەوە تێکدەشکێت. ئەم پرسە زۆر گرنگە. سەیری بکەن، ئێمە بۆ ئەم دۆزە هەموو ڕۆژێک قوربانی دەدەین. بەڵان ئەگەر تێکشکاندنێکی بەو شێوەیە ڕووبدات، هەموو قوربانیدانەکان بە فیڕۆ دەچن. ڕەنجی گەلەکەمان لە باشوور، باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بە فیڕۆ دەچێت. بۆیەش ئاسان نییە ئەو دۆخە هەڵبسەنگێنین.

دەبیستین کە: جووڵەیان بە هێزەکانیان کردووە، لە حاڵەتی ئامادەباشیدان و خۆیان بۆ شەڕ ئامادە کردووە. واتە ئەگەر چاودێریەکی جددی و ئاگاداریەکی جددیمان نەبوایە، ئێمە ئەم شتانەمان نەدەوت، لەبەرئەوەی ئێمە هەموو کاتێک خۆشبینین. بەڵام ئێستا دەبینین: بە ڕاستی ئامادەکاری هەیە. بەم ئامادەکاریە دەیانەوێت چی بکەن من نازانم. بەڵام لەکوێ خالێکی ئێمە هەبێت، یەکسەر هەوڵ دەدەن هێزێک لەوێ جێگیر بکەن. لەنێوان دوو هێزی ئێمەدا ڕێگایەک هەبێت، بارەگایەک لەوێ دروست دەکەن. مەبەستیان چییە؟ بۆ نمونە چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە دەڤەری زێباری هەوڵێکی بەم شێوەیەیاندا: ئەوەندەی نەمابوو کە هەندێک ڕووداو ڕووبدەن. بەڵام بیستمان و زوو دەستوەردانمان کرد. واتە هاتوون و بارەگایەک دروست دەکەن. لەسەر ڕیگایە، لەوێ هاتوچۆ هەیە. بڕۆن لە شوێنێکی تر دروستی بکەن، بۆ جێگاتان نییە! پێویستە هەموو کەسێک بزانێت هەوڵی بەم شێوەیە سوورکردنە. ئێمە دوژمنمان هەیە: هەروەها لەناو هێزەکانماندا گەنج و خوێن گەرم هەن. ئەگەری هەیە هەموویان کۆنتڕۆڵ نەکرێن. بۆیەش مەترسیدارە کە ئەم هەموو هێزە تێکەڵ بەیەک ببن و بێن و لەناو دوو هێز جێگیر ببن. بەپێی زانیاریەکانمان هەندێک دەڤەر هەن کە دەیانەوێت بەم شێوەیە کۆنتڕۆڵیان بکەن.  ئەگەر بەو شێوەیە بێت، شەڕ و پێکدادان ئەگەرێکی دوور نابێت. من خۆم حەز ناکەم فەرمان بە فیداییەکان بکەم کورد بکەنە ئامانج. نە من و نە بزووتنەوەکەمان بە گشتی حەز ناکەین فەرمانێکی بەم شێوەیە بدەین. دەمانەوێت لایەنی بەرانبەرمان ئەمە باش بزانێت. تکایە! ئێمە هەموو ڕۆژێک لەدژی دوژمن شەڕ دەکەین و لە شەڕ ناترسین، بەڵام نامانەوێت شەڕێکی ناوخۆیی لەناو کورددا دروست ببێێت.

ئێمە دەمانەوێت بۆچوونی کاک مەسعود بزانین

من نازانم بەڕێوەبەرایەتی پەدەکە ئاگاداری ئەم هەموو ڕووداوانەیە یان نە. بە تایبەتی دەمەوێت بانگ لە کاک مەسعود بکەم: ئاگاداری ئەم دۆخەی یان نە؟ نازانم بۆچوونی لەمبارەیەوە چۆنە، لەبەرئەوەی تا ئێستا قسەی نەکردووە. دەمانەوێت بۆچوونی کاک مەسعود بزانین. واتە ئەم شتانە بۆچی دەکرێن؟ ئێمە دەمانەوێت تیشک بخاتە سەر ئەم پرسە. بە هەموو شێوەیەک ئامادەین کێشە ناوخۆییەکانمان لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکەین. بەڵام ئەگەر تو بێت و هێزێک لە چەپ و ڕاستەوە گەمارۆ بدەی و جێگاکەی تەسک بکەیتەوە، ئەگەر داواکاریش نەبێت، بەڵام شەڕ ڕوودەدات. بۆچوونی ئێمە بەم شێوەیەیە. بۆیە بە شێوەیەکی ئاشکرا بانگ دەکەم: دەمەوێت ڕێگا لە شەڕ بگرم. بەم شێوەیە نابێت. بەم شێوەیە بێت، ئەگەری هەیە لە هەر ساتێکدا ڕووداوێک ڕووبدات.

پێویستە کەس بیر لەوەنەکاتەوە کە ئێمە ئامادەکاری دەکەین، هەندێک دەڤەر کۆنتڕۆڵ بکەین. نازانم هەندێک کەس فیتنەی بەم شێوەیە دروست دەکەن و زانیاری هەڵە بڵاودەکەنەوە! بەڵام ئێمە پێداگری لەسەر نەتەوەییبوون دەکەین. سەرەنج بدەن: ڕێبەر ئاپۆ ٢٢ ساڵە بە تەنها یەک دەرفەتی هەبوو بە تەلەفۆن قسە بکات: لەگەڵ محەمەدی برای ٢٠ خولەک قسەی کرد. ١٥ خولەک بە تەنها لەسەر پەیامی نەتەوەیی قسەی کرد. ڕێبەرمان بەم شێوەیە بیردەکاتەوە، ئێمەش بە هەمان شێوە بیر دەکەینەوە. باشە چۆن دەبێت ئێمە خۆمان وەک جێگرەوەی حکومەتی باشووری ببینین؟ چۆن دەبێت بگوترێت ئێمە ئامادەکاری کۆنتڕۆڵکردنی هەندێک دەڤەر دەکەین؟ شتێکی بەو شێوەیە نییە. دیارە لێرەدا یاریەک و فیتنەیەکی سیستمی هەواڵگری هێزەکانی دوژمن هەیە. بۆیەش پێویستە هەموو کەسێک ئاگادار بێت. هەم گەلەکەمان، هەم لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و کەسایەتیەکان، هەم پەکەکە و هەم پەدەکە پێویستە ئاگاداری دۆخەکە بن.

پرسی نێوان پەدەکە و پەکەکە پرسێکی نێوان دوو حزب نییە. ئەم پرسە پەیوەندی بە هەموو کوردێکەوە هەیە. بۆیەش بڕوام وایە پێویستە هەموو کەسێک سەرقاڵی ئەم پرسە بێت. لەم ڕووەوە ئێمە ئامادەین: هەر کێشەیەک هەیە ئێمە دەتوانین لەژێر چاودێریدا گفتوگۆی لەسەر بکەین. ئێمە بۆ هەموو شتێک ئامادەین. بە کورتی ئێمە چاوەڕێ دەکەین کە ڕێگری لە دۆخێکی نەرێنی کە ئەگەری هەیە ڕووبدات بکەین. چونکە ئاشکرایە کە مەترسی هەیە. ئێمە دەمانەوێت کوردستان لەناو ئارامیدا بێت. لەبەرئەوەش ئێمە دەمانەوێت چارەسەریەک بۆ ئەم دۆخە بدۆزرێتەوە."

ف.ق