تورکیا چەتەکانی رەوانەى کەشمیر دەکات

دەوڵەتی تورک دوای قەرەباغ دەستیکردووە بەئامادەکاری تاوەکو چەتەکانی لە سوریاوە رەوانەى کەشمیر بکات تاوەکو لەگەڵ پاکستان لە دژی هندستان شەڕ بکەن.

دەوڵەتی تورک دوای لیبیا، ئازەربایجان، قەرەباغ، یەمەن و باشووری کوردستان ئێستا بۆ شەڕ لە دژی هندستان چەتەکانی رەوانەى کەشمیر دەکات، کە چەندین ساڵە کەشمیر وەک کێشەکەی گەورە لە نێوان پاکستان و هندستادا چەند شەڕێکی لەسەر دروستبووە.
بەپێی زانیاریی سەرچاوە خۆجێیەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)، چەتەکانی لیوای سولەیمان شا لە ناو سوپای نیشتمانیی سوریادا بە سەرۆکایەتیی سەرەک چەک ئەبو ئەمشا، ٥ رۆژ لەوە پێش لە عەفرین و شیا بە چەتەکانیان راگەیاندووە، دەوڵەتی تورک دەیەوێت پشتیوانی لە کەشمیر بکەن.

سەرەک چەتە ئەبو ئەمشا راشیگەیاندووە، لە ئێستا بە دواوە بەرپرسانی تورک داوا لە سەرەک چەتەکانی تری گروپە چەتەکانی تر دەکەن، کە بڕۆن بۆ کەشمیر.

بە وتەى ئەبو ئەمشا، چەتەکانی سەر بەخۆی بە تایبەت دەڕۆن بۆ کەشمیر و بە هەر یەک لە چەتەکانیش ٢ هەزار دۆلار دەدرێت. ئەبو ئەمشا بە چەتەکانی خۆی لە شیا رایگەیاندووە، ناوچەى کەشمیریش وەک قەرەباغ ناوچەیەکی شاخاوییە.

سەرچاوە خۆجێیەکان ئەوەشیان راگەیاندووە، ماوەیەکە دەوڵەتی تورک لە عەزاز، جەرابلوس، باب، عەفرین و ئیدلب کار بۆ ئەوە دەکات، کە چەتەکان جیا بکاتەوە و هەڵیانبژێرێت و ئامادەیان بکات تاوەکو بە نهێنی رەوانەى کەشمیریان بکات.

دەوڵەتی تورک لە کێشەى کەشمیری نێوان پاکستان و هندستان پشتیوانی لە پاکستان دەکات. پاکستانیش لە هێرشی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و هەروەها لە کێشەى قەرەباغدا پشتیوانیی لە دەوڵەتی تورک کردبوو و تیایاندا بەشدار بوو. ئاژانسی ئەنادۆڵی فەرمیی دەوڵەتی تورک هەواڵی وەک بابەتی کەشمیر لە نێوان دوو وڵاتدا بڵاودەکاتەوە و بە هاوشێوەی کێشەى قەرەباغ دەبشوبهێنێت.

کێشەى کەشمیر

رەوانەکردنی چەتەکانی دەوڵەتی تورک بۆ کەشمیر لە کاتێکدایە، کە لە نێوان پاکستان و هندستاندا ناکۆکیی زۆر هەیە. لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا پاکستان و هندستان چەندین شوێنی کەشمیری ژێر کۆنترۆڵی یەکتریان تۆپبارانکردبوو. لەو هێرشانەدا بە لانیکەمەوە ١٣ کەس کوژرابوون و دەیان کەسی تریش بریندار بوو بوون. شەڕ و بۆردومان لە کەشمیری ژێر دەستی پاکستان و جامۆکەشمیری ژێر دەستی پاکستان بە درێژایی ٧٤٠ کیلۆمەتری هێڵی بۆرییەکانی نەوت روویدابوو. ٥ رۆژ لەوە پێش لەو هێڵەدا ٣ سەربازی هندی کوژرابوون و ٣ سەربازی تریش بریندار بوو بوون.

کەشمیر لە نێوان هندستان و پاکستان دا و لە ساڵی ١٩٤٧ەوە لە کاتی جیابوونەوەى پاکستان لە هندستان پارچە کراوە. ناکۆکی و رێکنەکەوتن لەسەر کەشمیر لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا بەردەوامیی هەیە. لە ٣ شەڕی گەورەی نێوان هندستان و پاکستان ٢ شەڕیان لەسەر کەشمیر بووە. هەر یەک لەو دوو وڵاتە دەیانەوێت کۆنترۆڵی کەشمیر بە تەواوەتی بخەنە ژێر دەستی خۆیان. هندستان زیاتر لە ٣٠ ساڵە لە دژی هەوڵەکان بۆ جیابوونەوە و سەربەخۆیی ناوچەى کەشمیری ژێر دەستی خۆی شەڕ لە دژی کەشمیر دەکات. لەو شەڕەدا دەیان هەزار کەس کوژراون، کە زۆربەیان هاووڵاتییانی مەدەنی بوون.

تورکیا خۆی لە پاکستان چالاک دەکات

لەم ساڵانەى دوایدا پەیوەندیی نێوان تورکیا – پاکستان بەهێز بووە. پاکستان، تورکیا و قەتەر لە دژی فەرەنسا لە یەک بەرەدا بوون، کە فەرەنسا کرابووە ئامانجی هێرشی جیهادییەکان. هەروەها پاکستان، تورکیا و مالیزیا لە ئەیلولی ٢٠١٩ەوە لەسەر بابەتی "وەستانەوە لە دژی ئیسلامۆفۆبیا" رێککەوتبوون و لە رێگەى تەلەفزیۆنێکەوە ئەو رێککەوتنەیان ئاشکرا کردبوو.

وەزیری کاری پەیوەندییەکانی تورک فەخرەدین ئاڵتون لە لێدوانێکیدا لە مانگی شوباتی ٢٠٢٠دا رایگەیاندبوو، رێککەوتنی بازرگانیی نێوان تورکیا – پاکستان تاوەکو ساڵی ٢٠٢٣ دەگاتە ٥ ملیار دۆلار و ئانجیان بەهێزکردنی ئابوورییە. راشیگەیاندبوو، لە بواری سەربازی و وزە و چەند بوارێکی تریشدا رێککەوتون.

هەروەها دەوڵەتى تورک لە پاکستان و بەنگلادش لە جموجوڵێکی زۆردایە بۆ ئەوەى ئەو دووڵاتە دان بە بەشی داگیرکراوی باکووری قوبرس دا بنێن.  لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا راگەیاندنەکانی سەر بە ئەردۆغان رایانگەیاندبوو، "دوای سەرکەوتن لە قەرەباغ، سەرەی ئەوەیە وڵاتانی دراوسێ دان بە کۆماری تورکی باکووری قوبرس (KKTC) دا بنێن".

ژ.ت