ئەو ئاگرەى داگیرکەران لە خۆزاتی دێرسیم ناویانەتەوە ٣ رۆژە بەردەوامە

لە ناوچەى خۆزاتی دێرسیم بەهۆی بۆردومانی کۆپتەرەکانی سوپای تورکی داگیرکەرەوە ئاگربەربووەتە دارستانەکانی ئەو ناوچەیە و ماوەى ٣ رۆژە ئاگرەکە بەردەوامە. داگیرکەران رێگا نادەن هاووڵاتییان ئاگرەکە بکوژێننەوە.

دوای هێرشکردنە سەر زرێپۆشێکی سوپای تورکی داگیرکەر، کە بەرەوە بنکەى سەربازیی ئاموتکا لە ناوچەى خۆزاتی دێرسیم دەڕۆیشت، سەربازانی تورکی داگیرکەر دەستیان بە ئۆپراسیۆنکرد. دوای ئۆپراسیۆنەکە بە کۆپتەر دەورووبەر و ناوچە شاخاوییەکانی گوندەکانی دەرەکۆی و گەشنەکێ-یان بۆردومانکرد. بەهۆی بۆردومانی کۆپتەرەکانەوە ئاگر بەربوویە دارستانەکانی ئەو ناوچەیە و ماوەی ٣ رۆژە ئاگرکە بەردەوامە. سەربازانی تورکی داگیرکەر ناهێڵێن هاووڵاتییان و ژینگەپارێزان ئاگرەکە بکوژێننەوە.

بەڕێوەبەرانی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)، تیمی شارەوانی و گەل دەیانەوێت بڕۆن ئاگرەکە بکوژێننەوە، بەڵام لەلایەن سەربازانەوە رێگرییان لێدەکرێت.

سەربازانی تورک بە پاساوی ئەوەى ئەو ناوچەیە ئاگرەکەى تیادا کەوتوەتەوە "ناوچەى ئەمنیی تایبەتە" رێگا نادەن کەس بڕوات ئاگرەکە بکوژێنێتەوە. داگیرکەران تەنانەت رێگای هاتوچۆی ناوچەکەشیان داخستووە.

ژ.ت