ئاخۆ پەدەکە و تورکیا ئامادەکاری بۆ هێرشێکی نوێ لە دژی رۆژئاوا و شەنگال دەکەن؟

دوای ئەوەى بارزانی سەردانی تورکیای کرد، جموجوڵی سەبازیی پەدەکە لەسەر سنووری رۆژئاوا زیادیکرد. ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی ئەم پرسیارە "ئاخۆ دەوڵەتی تورک و پەدەکە دەیانەوێت دەست بەهێرشێکی نوێ لە دژی رۆژئاوا و شەنگال بکەن؟".

 لە کاتێکدا، کە حساباتی نوێی داگیرکەری و هێرشی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان بەردەوامیی هەیە، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لەسەر سنووری رۆژئاوا بنکەى سەربازی و خاڵی چاودێری دروست دەکات.

پەدەکە لەم مانگەدا لە سێگۆشەی سنووریی رۆژئاوا – باکوور و باشووری کوردستان تاوەکو سنووری شەنگال و لەسەر سنووری رۆژئاوا – باشووردا دەستیکردووە بە دروستکردنی بنکەى سەربازی و خاڵی چاودێری و لە هەندێک شوێنێش سەرقاڵی هەڵکەندنی خەندەقە.

هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و بە تایبەتی بۆ سەر حەفتانین بەردەوامییان هەیە. پەدەکەش، سەرباری ئەوەى لەسەر سنووری رۆژئاواوە هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە، بەڵام لەسەر سنووری رۆژئاوا بنکەى سەربازی دروست دەکات. ئەوەش دەبێتە هۆی دروستکردنی هەندێک پرسیار و نیگەرانی.

دوای ئەوەى نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ٤ی ئەیلولی ٢٠٢٠دا سەردانی ئەنقەرەی کرد، جموجوڵی سەربازیی حیزبەکەى لەسەر سنوور زیادیکرد. هاوکات جموجوڵی دەوڵەتی تورک و چاودێریی ئاسمانیی دەوڵەتی تورکیش بۆ سەر ئەو ناوچەیە زۆر زیادیکردووە.

پەدەکە لە سێگۆشەی سنووری رۆژئاوا – باشوور – باکوور و بە درێژایی رووباری دیجلە لە سەرتارسەری ئەو ناوچەیەدا تاوەکو سێمێلکا و لە گوندەکانی خانکا، مەخفەر و سحێلا دەستیکردووە بە دروستکردنی چەندین بنکە و خاڵی سەربازی و ژمارەیەکی زۆریش پێشمەرگەی رەوانەى ئەو شوێنانە کردووە.

هاوکات پەدەکە بنکە سەربازییەکانی سەردەمی سەدام حوسێنیشی نوێکردووەتەوە. پێشمەرگەى پەدەکە لە سەرتاسەری دۆڵی دیجلە بەرەو ناوچەکانی باشوور، چەندین بنکەى سەربازی و خاڵی چاودێرییان دروستکردووە و لە هەندێک شوێنیشدا خەندەق هەڵدەکەنن.

لە ناوچەى سحێلا، کە رووباری دیجلە لەوێوە لە خاکی رۆژئاوا دەڕواتە دەرەوە و دەڕژێتە ناو باشووری کوردستان تاوەکو ناوچەکانی باشوور، جموجوڵێکى زۆری پەدەکە بە درێژایی هێڵی سنوور هەیە.

بەپێی ئەو سەرچاوە سەربازییانە، کە زانیارییان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) داوە، جموجوڵی سەربازیی لە ٢٠  رۆژی رابردوودا لەسەر سنوور زیادیکردووە و فڕۆکە چاودێرییەکانی دەوڵەتی تورکیش بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە.

لە کاتێکدا دەوڵەتی تورک هێرشە داگیرکەرییەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان زیادکردووە ئەو جموجوڵە سەربازییەی پەدەکە لەسەر سنووری رۆژئاوا و ناوچەى شەنگال دەبێتە هۆی دروستبوونی هەندێک نیگەرانی و گومان.

ئەو جموجوڵانە لەکاتێکدان، پەدەکە زیاتر لە ساڵێکە گەمارۆی خستووەتە سەر مەخمور و پێش هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، هێزەکانی خۆی رەوانەى ناوچەى زینی وەرتێ کرد، ئێستاش بە دروستکردنی ئەو بنکە سەربازییانە لەسەر سنووری رۆژئاوا دەرگای بەڕووی چەندین پرسیار و گوماندا کردووەتەوە.

پێش ئەو جموجوڵەی سەر سنوور و سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا، پەدەکە بەردەوام بوو لە هەڕەشەکانی بۆ سەر شەنگال و هاوکات لەگەڵ ئەو هەڕەشانەدا دەوڵەتی تورک هێرشی ئاسمانیی کردە سەر شەنگال.

راگەیاندنەکانی پەدەکە لەمدواییانەدا لە دژی شەنگال دەستیانکردووە بە ئۆپراسیۆنێکی چەواشەکارانەى راگەیاندنی و کار بۆ ناشیرینکردن و رەشکردنی شەنگال دەکەن. دەیانەوێت لەو رێگەیەوە پشتگیریی هێزە نێونەتەوەییەکان بەدەست بهێنن.

جۆی هود یاریدەدەری یەکەمی وەزیری دەرەوەى ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مانگی ئابدا ئاگادارییەکی بە ناوی "راوێژکاریی ئەمریکا" بڵاوکردەوە، کە تیایدا داوای کارێکی هاوبەش لە نێوان هەولێر، بەغداد و ئەنقەرەدا کردبوو بۆ دۆخی شەنگال دەکات.

ئەو رووداو و جموجوڵە، کە لەو ناوچەیەدا (لەسەر سنووری رۆژئاوا و ناوچەى شەنگال) روودەدەن ئەو پرسیارە لە مێشکی گەلی کورددا دروست دەکات "ئاخۆ دەوڵەتی تورک و پەدەکە ئامادەکاری دەکەن بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی نوێ بۆ سەر رۆژئاوا و شەنگال؟".

ژ.ت