ئازادیى عەفرین وەسیەتى گیان لەسەردەستانى چیاى کورمێنجە

بەرخودانى "چیاى کورمێنج" (عەفرین)، کە بە ناوی "بەرخودانى سەردەم"ەوە چووەتە ناو مێژوو، چەندین شەڕڤان و فەرماندە بە چالاکیى گیان لەسەردەستانەیان مۆری خۆیان لە مێژوو دا و ئازادیى عەفرین و درێژەدان بە رێگاکەیان کردووە بە وەسیەت.

دەوڵەتى تورک بە چەکی ناتۆ و بە پشتیوانیى رووسیا و بە هاوکاریى دەیان هەزار چەتەى جیهادی رۆژی ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ / ٣٠ی بەفرانبار لە دژی عەفرین دەستیکرد بە هێرشی داگیرکەری. بە پێشەنگایەتیى یەپەگە و یەپەژە، هێزە شۆڕشگێڕەکان، ئەرکی خۆپاراستن، هێزەکانى ئاسایش و هێزی پاراستنى کۆمەڵگە (هەپەجە - HPC) لە دژێ هێرشە داگیرکەرییەکان بەرخودانێکى مێژوویى تۆمار کرا. گەل و هێزەکانى پاراستنى عەفرین باجی زۆر قورسیان دا و ٥٨ رۆژ بەشێوەیەکى بێ وێنە و بێ هاوتا لە دژی داگیرکەری خۆڕاگری و بەرەنگارییان کرد.

 

لە هەر ٣ لای عەفرینەوە دەستیان بە هێرشی داگیرکەری کرد

عەفرین ٣ لای لەلایەن دەوڵەتى تورک و چەتەکانییەوە گیرابوو. دەوڵەتى تورک و چەتەکانى لە بەری رۆژهەڵات لە عەزاز، لە بەری باکوور لە کیلیس و لە بەری رۆژئاواوە لە هاتای و لە بەری باشووری رۆژئاواوە لە کەمپی پەنابەرانى ئەتمەوە دەستیان بە هێرشە داگیرکەرییەکانیان بۆ سەر عەفرین کرد. بەهۆی بەرەنگاری و بەرخودانى شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە، سوپاى تورکی داگیرکەر و گروپە چەتەکانى بۆ ماوەى ٣ هەفتە نەیانتوانى پێشڕەویی بکەن. لەلایەن شەڕڤانانەوە هێرشەکانیان تێکدەشکێنران و زیان و گورزی گەورەشیان لێدەدرا.

بە بەەردەوامی بە چەکە قورسەکان هەر ٢٤ کاتژمێری شەو و رۆژ بۆردومانیان ئەنجام دەدا

سوپاى تورک، کە گورزی گەورەى بەرکەوتبوو هەوڵی دەدا بە بۆردومانى ئاسمانی ئەنجامێک بە دەست بهێنێت. بە فڕۆکەى جەنگی، فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى جۆری (ئیها - ÎHA)، فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى هێرشبەری جۆری (سیها - SÎHA) هەر ٢٤ کاتژمێری شەو و رۆژ بەبێ وەستان و بە بەردەوامی لە هەر ٣ لای عەفرینەوە هاووڵاتییانى عەفرینیان بۆردومان دەکرد. بەهۆی ئەو هێرشانەوە سەدان هاووڵاتى شەهیدبوون و زیاتر لە هەزار هاووڵاتیى تریش بریندار بوون.

دونیاى خۆی کەڕ و کوێر کرد

عەفرین ناوچەیەکى حەلەبە و لە ٧ شارۆچکە بە ناوەکانى جندرێس، شییە، ماباتا، راجۆ، بلبلێ، شەرا و شێراو پێکهاتووە، بەڵام سەرباری بچووکییەکەى لە بەرخودان و بەرەنگاری پاشگەزنەبوویەوە. گەلی عەفرین بە فیداکارییەکى گەورە لە ژێر بۆردوماندا خۆڕاگری و بەرەنگاریى دەکرد و بۆ خۆپاراستن لە بۆردومانەکان روویان لە ناوەندی شارۆچکەکان دەکرد، بەڵام دەیانجار لە رێگادا و لە ناوەندی شارۆچکەکاندا بۆردومانکران. سەرباری ئەوەش بە باشی ئەوەیان بۆ هەموان سەلماند کە لە پشت شەڕڤانەکانى خۆیانن، بەڵام راى گشتیى جیهان خۆی لێ کەڕ و کوێر کردن.

هاوکات لەگەڵ بڕیارەکەى ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوە یەکگرتووەکاندا کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا

هاوکات لەگەڵ سەودای نێوان دەوڵەتى تورک و رووسیا لەسەر عەفرین و غوتەى رۆژهەڵات و بابەتى گواستنەوەى چەتەکانى غوتەى رۆژهەڵاتیش خرابوویە رۆژەڤەوە. لەبەر ئەوەش ئەنجوومەنى ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە "پرۆژە بڕیارێکدا"، "ئاگربەستى" بۆ ماوەى مانگێک لە سوریا راگەیاند، بەڵام دەوڵەتى تورک بەپێى ئەو ئاگربەستە نەجوڵایەوە و بەردەوامبوو لە هێرشەکانى. راى گشتى جیهانیش بە شێوەیەکى سەیر خۆی لە بەرامبەر پێبەندنەبوونی تورکیا بە ئاگربەستەکە و هێرشەکانى بۆ سەر هاووڵاتییانى عەفرین، کەڕ و کوێر و لاڵ کردبوو.

گەلان روویان لە عەفرین کرد

بۆ پێشگرتن لە هێرشەکان، هەزاران کورد، عەرەب، سوریانی، تورکمان، چەرکەس، ئێزدی، ئەرمەنى و کەسانى سەر بە بیروباوەڕ و پێکهاتە جیاوازەکان لە شار و شارۆچکەکانى باکوور و رۆژهەڵاتى سوریاوە رۆیشتن بۆ عەفرین. چالاکییەکانى قەڵغانی مرۆیى لە سەرەتاى مانگی شوباتدا دەستیان پێکرد و تاوەکو ناوەڕاستى مانگی ئادار بەرەوامبوو. لە شەنگال و باشووری کوردستانیشەوە گەل رژانە سەر شەقام و گۆرەپانەکان و رێپێوانیان ئەنجامدا. سەرباری رێگرییەکانى رژێمی سوریا و رووسیا و سەرباری هیرشەکانى دەوڵەتى تورک، گەلان رۆیشتن بۆ عەفرین و چالاکیى ئێشکگرییان بۆ عەفرین ئەنجامدا و ئیرادەى خۆیان سەلماند.

بەرخودانى گیان لەسەردەستانە

سەدان شەڕڤانى یەپەگە و یەپەژە، هیزە شۆڕشگێڕەکان، ئاسایش و ئەندامانى هەپەجە لە دژی دەوڵەتى تورک بەرخودان و بەرەنگارییان کرد و شەهید بوون. ئاڵاى بەرخودانیان رادەستى درێژەپێدەرانى رێگاکەیان دەکرد. بەرخودانى "چیای کورمێنج" (عەفرین)، بە ناوی "بەرخودانى سەردەم"ەوە چووە ناو مێژوو و چەندین شەڕڤان و فەرماندە بە چالاکیى گیان لەسەردەستانە مۆری خۆیان لە مێژوو دا و ئازادیى عەفرینیان کردە وەسیەت بۆ شوێنکەوتوان و درێژەپێدەرانى رێگاکەیان.

 

گیان لەسەردەستانى چیای کورمێنج

عەفرین زێد و وڵاتى ئارین میرکانە، کە یەکێکە لە سیبمول و هێماکانى بەرخودانى کۆبانێ. ئاڵاکەى دەستى ئاڤێستا خابوور (زەلوخ حەمۆ) لە دەستى بارین کۆبانێ (ئەمینە مستەفا عومەر)، کارکەر چیا (دندار بۆزان)، پۆڵات عەفرین (مەروان عومەر)، ئیلان کۆبانێ (ئەحمەد وەلۆ)، رێبەر جەلال (رەجەب ئایار)، قەهرەمان جودی (رەمەزان بجۆ)، رۆسیار ڤەژین (گولستان حەج مسلم)، ڤیان تۆڵهەڵدان (گولستان عەلی) و غەمگین عەفرین (عیماد سەیدۆ) بەرزکرایەوە و بە شکاوەیى راگیرا.

گورزی قورس لە دەوڵەتى تورک و چەتەکانى درا

شەڕڤانانى یەپەگە و یەپەژە لە قۆناغی یەکەمی بەرخودانى سەردەمدا، کە ٥٨ رۆژی خایاند لە هەموو بەرەکانی شەڕی عەفرین گورزی یەک لە دواى یەکیان لێدەدرا، بە بە تایبەتى لە راجۆ و ناوچەکانى شێخ ئورزێ، باسوتێ، گوندێ مەزن، گۆبەلێ، کیمارێ و خەلیل گورزی قورسیان لە دەوڵەتى تورک و چەتەکانى دا.

خۆبەڕێوەبەریى عەفرین بڕیاری گواستنەوەى گەلی دەرکرد

لەبەر ئەوەى راستەوخۆ هێرش دەکرایە سەر گەل و مەترسیى کۆمەڵکوژکردنى گەورە لە ئارادا بوو، بەڕێوەبەریى عەفرین رۆژی ١٦ی ئاداری ٢٠١٨ / ٢٥ی رەشەمە بڕیاریدا گەل لە عەفرین بچێتە دەرەوە. شەڕڤانانى یەپەگە و یەپەژەش شێوازى بەرخودانەکەیان گۆڕی و دەستیان بە ئەنجامدانى چالاکى لەسەر شێوازى گەریلایى کرد. دواتر ژووری چالاکییەکانی توڕەیى زەیتون و هێزى رزگاریى عەفرین دامەزرا. بەرخودان بەو شێوازە گەریلاییە ماوەى ساڵێکە بەردەوامە. لە هەموو ناوچەکانى عەفرین و ناوەندی شار و شارۆچکەکانى عەفرین رۆژانە چالاکى لە دژی سوپاى تورکی داگیرکەر و چەتەکانى ئەنجام دەدەن و گورزی قورسیان لێدەدەن.

بەرخودانى مێژوویى ٥٨ رۆژەی عەفرین

خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیکى کانتۆنی عەفرین رۆژی ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ / ٢٧ی رەشەمە لە شەهبا راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و لە راگەیاندراوەکەدا هاتبوو "بەرخودانى عەفرین چووەتە قۆناغێکی نوێیەوە. بۆ ئەوەى رێگری لە کارەساتێکى گەورەى مرۆیى بگیرێت، بڕیارماندا کە هاووڵاتییانی مەدەنى لە شارەکە بگوێزینەوە". لە راگەیاندراوەکەدا لەبارەى بەرخودانى ٥٨ رۆژەى عەفرینەوە ئەوەش هاتبوو "٥٠٠ هاووڵاتیى مەدەنی، کە ژن و منداڵ و کەسانى بە تەمەنیان لە ناودایە شەهید بوون. ١٠٣٠ هاووڵاتیى تریش بریندار بوون. ٨٢٠ شەڕڤان شەهید بوون".

سبەی: هۆکارەکانى چوونەدەرەوە لە عەفرین و بارودۆخی کۆچبەرانى عەفرین لە شەهبا بڵاو دەکەینەوە

ر.م

 

...............