ئۆجالان باسی ئیمراڵی دەکات – ١ –

"هەموو شتێکیان بۆ مردنى من ئامادە کردبوو. بە زۆری بۆ لەناوبردنی جەستەیى نەبوو، بەڵکو دەیانخواست لە رووی ماناوە من لە ناو ببەن".

عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد سیستمى ئیمراڵی بە بەشێک لە پیلانگێڕی نێودەوڵەتى دەزانێت. ئەو تەنها وەک زیندانێک سەیری ئیمراڵی ناکات، بەڵکو ئیمراڵی وەک شوێنێک لێکدەداتەوە، کە مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست لە کەسایەتى ئەودا هێرشی گەورە لە دژی گەلی کوردستان و گەلانى هەرێمەکە ئەنجام دەدات. ئۆجالان لە نووسین و دیدارەکانیدا ئەو سیستمە شیکار دەکات و باسی تێکۆشانی خۆی دەکات.

ئۆجالان لە بەرگرینامەیەکیدا بە ناوی "بەرگرینامە بۆ دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا (DMME)؛ لە دەوڵەتى راهیبی سۆمەرەوە بەرەوە شارستانیى دیموکراتی"، کە ساڵی ٢٠٠١ بڵاوکرایەوە، پرۆسەى پیلانگێڕی و راستیى ئیمراڵی لە هەموو روویەکەوە خستەڕوو.

"یەکێک لە گەورەترین خیانەتەکانى سەدە، کە هێشتا خۆی وەک دۆست و لایەنگری ئازادی نیشان دەدا، خاوەنی گەورەترین هەڵوێست و قارەمانی بوو، دەبوایە لەناو ببرایە و لە بیر ببرایەتەوە. مەیدانەکە بۆ خائینەکان و نۆکەرەکان بکرایەتەوە، کە بۆ بەرژەوەندیى خۆیان چاوەڕی دۆخێکى لەو شێوەیە بوون.

هەموو شتێک بۆ مردنم ئامادە کرابوو

 هەموو شتێک بۆ مردنی من ئامادە کرابوو. بە زۆری بۆ لەناوبردنى جەستەیى نەبوو، بەڵکو لە رووی ماناوە دەیانخواست من لە ناو ببەن. سەرباری ئەوەى زۆر بیرم لێکردووەتەوە، مەزندەى ئەوە ناکەم، جگە لەوە ئامانجێکى تریان هەبێت. پیلانگێڕییەکە زۆر قوڵ و تەمومژاوی بوو، بۆیە بۆ لەناوبردنى پیلانگێڕییەکە پیوێستی بە هەڵمەتێکى مرۆڤایەتیى پێشکەوتوخواز لە ئاستى موعجیزەدا هەبوو.

دەیخواست بە شێوەیەکى تر تۆڵە بکاتەوە

چارەنووسێکى دڵڕەقانە ئامادە کرابوو. لەو دۆخەدا هەموو جیهان بوو بوونە دژبەر، دۆست و هاوڕێیانى زۆر نزیک بەپێى بڕوا و بەها موراڵییەکانى خۆیان جگە لە 'مردنێکى شکۆمەندانە' چاوەڕێی هیچیتر نەبوون. ئەوە عەقڵییەتی سەدە بوو. عەقڵییەتى دۆستەکانیش هەر وابوو، هی دوژمنیش هەر وابوو. شوێنێک کە هەست و بڕواى تیادا تەزیبوو، ئەوە بوو. هەموو شتێک مانەوەیەکى تاک و تەنیای مەترسیداری دەسەپاند. ناڵێم 'گولـلەبارانکردن' بەپێى پێوەرەکانى شەڕ زۆر دوور بوو، بەڵام سەرباری ئەوەى، کە وەک مافێکیش دەبینرا، ئەو مافە بە من نەدرا. شارستانییەکە دەیخواست بەشێوەیەکى تر تۆڵە لە من بکاتەوە.

منداڵێک کە خیانەتى لە خەون و خەیاڵەکانى نەکرد

من هەرگیز یاریی خۆ بە قارەمانکردنم ئەنجام نەدا. خاوەن ئەو بویرییە نیم، کە مەزەندە دەکرێت، سەرباری ئەوەش دەمەوێت 'من چی بم بەو شێوەیە ببینرێم' هەڤاڵە زۆر نزیکەکانیشم ئەوەیان نەبینى. بەڵام من تایبەتمەندییەکم هەبوو، کە من خیانەتم لێنەکردبوو: من هەموو کات ئەو منداڵە بووم، کە خیانەتم لە خەون و خەیاڵەکانم ناکەم. من خاوەنەکانى شارستانییەتەکەم نەناسی بوو، لە دامودەزگاکانیدا نەتوابوومەوە و نەبوو بووم بە پیاوی بنەماڵە و ژنەکانی. دیالکتیکى کەسایەتیى ئێمە هەنگاوێکى لەو جۆرەى سەرخست. ئیتر بابەتەکە تەنها ناکۆکیى هەرزان و کێشەی ناوخۆیى تورکیا نەبوو. دۆخ و ئاستی من، پرۆمیتیۆسی هاوچەرخی بەسەرمدا دەسەپاند.

ئەسینا، مۆسکۆ، رۆما و کینیا

چوارمێخەکردن و لە خاچدانى من لەسەر تاشە بەردەکانى ئیمراڵی و چوارمێخەکردنى پرۆمیتۆس لە چیاکانى قەوقاز لە یەک جیا نین. گرنگترین خاڵی ئازاراویى ئەوەیە، کە ئەوە لەلایەن یەکێک لە هەمان نەوەکانى ئەسینا و زیوسەوە ئەنجامدراوە. مۆسکۆ، کە یەکێک لە ناوەندە دەستەبژێرەکانى شارستانى بە یارییەکى نامەردانە بۆ یەک دوو تەندەر و قەرزێکى چەند ملیاری لە سندوقی جیهانیى دراو دا (IMF) لە دژی من جوڵایەوە.

رۆماش بە سەردەمى کۆیلایەتى ئەرینای کلاسیک (گلادیاتۆرەکانەوە) و بە حسابە وردەکانى کاپیتالیزم، کە هەرگیز موراڵ و یاساکانى قبوڵ نەکردووە، بە تیرۆرێکى چڕی سایکۆلۆژی و دەروونی، شەڕێکى گەورەی کەرامەت و شکۆی بەسەر مندا دەسەپاند و ناچاری دەکردم بەوەى، کە ئەوەى پێویستە ئەنجامى بدەم.

لە ئەسیناش بە بڕواکردن بە ناوی دۆستایەتییەوە، بەشێوازێک، کە گەورەترین سۆزانیش ناوێرێت ئەنجامى بدات، نامەردانە لە پایتەختی کینیا منی رادەستى گۆڕ و چاڵی بەربەرەکان کرد.

من هەرگیز بڕوام بە چارەنووس نەبووە، بەڵام چوارمێخەى سەدەى ٢٠، کە هێزەکان دەیانەوێت وەک چارەنووس بەسەر مندا بیسەپێنن، من خۆم بە تاک و تەنها دەمامەوە، بۆیە من دوایین لێدانەکانى دڵی خۆم و هەموو تواناکانى مێشکى خۆم بۆ مرۆڤایەتى بەکار دەهێنم.

من لە بەرامبەر نفرەتى شارستانیەتى هاوچەرخ دا تێکنەشکام

بۆ ئەو کەسانە، کە دەیانەوێت لە هەڵوێستى من لە ئیمراڵی تێبگەن، ئەو پێناسە کورتە دەخەمەڕوو. ئەوەى روویداوە تەنها نە رەخنەکردن و خۆرەخنەکردنێکى ئاساییە، نە لێبوردنە و نە چاوەڕوانیشە. نزیکایەتیى لەو شێوەیە بۆ ماناکانى من نابنە وەڵام. دۆخەکە جیاوازترە و پێویستى بە تێگەیشتن لە رێنسانسێک هەیە، پێویستى بە تێگەیشتنێکى سەربەخۆیانە هەیە. بێگومان هەڵوێستى ئاشتی و برایەتى بۆ من هەڵگری وەسفێکى گەوهەریى قوڵە. هەڵوێستی سیاسی لە ریزی دووەمدایە، ئەگەر من لە دەستپێکدا هەڵوێستى سیاسیم هەڵبژاردایە، یان وەڵامم بە چاوەڕوانییەکانى شارستانیەت بەدایایەتەوە، ئەوا دەکرام بە ئامێر و ئامڕازێک لە دەستى شارستانیەتدا.

من لەوەدا گەورەبوونم دەبینی و بەوە لە بەرامبەر نفرەتى شارستانەیتى هاوچەرخدا تێکنەدەشکام. هەر نزیکایەتییەکى سیاسی، کە رێگا بۆ هاوکاریى ژیانى برایەتى، ئاشتی و ئازادیى بە شکۆ بکاتەوە، بۆ من زۆر هێژایە.

گەوهەری بەرگرینامەکەم لە ئیمراڵی ئەوەیە. هیوادارم رۆژ لە دواى رۆژ زیاتر تێگەیشتن بۆ بەهاکەى دروست ببێت...

درێژەى هەیە

ر.م