بانگێک لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات: ئەوەی بەدوایدا دەگەڕێن لێرەیە

لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆر کەسایەتیی ئەکادیمی کۆچ بۆ ئەوروپا دەکەن، ئەکادیمیسیەن دکتور سیپان سەرحەد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ڕووی کردە کۆبانێ و ٣ ساڵە نەوەی نوێی شۆڕش پێدەگەیەنێت. دکتور سیپان دەڵێت، "ئەوەی بەدوایدا دەگەڕێن لێرە و دوور نییە."

لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆر ڕۆشنبیر، ئەکادیمیسیەن، مامۆستا و هونەرمەندی چوار پارچەی کوردستان بەهۆکاری جیاواز ڕوو دەکەنە ئەوروپا، دکتور سیپان سەرحەد ئەکادیمیسیەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ٣ ساڵ لەمەوبەر ڕووی لە کۆبانێ کرد.

دکتور سیپان سەرحەد  دوای ئەوەی خوێندنی بایۆ – تەکنەلۆژی لە زانکۆی تارانی تەواو کرد و دکتورای بەدەست هێنا. دەستی بە نووسینی ژمارەیەکی زۆر وتاری ئەکادیمی کرد و دواتر ڕووی کردە ڕۆژئاوای کوردستان.

دوای ئەوەی خزمێکی کە لەناو تێکۆشانی ئازادیی کوردستاندا بوو و لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە لەسێدارەدرا، سەرنجی زیاتری دایە دۆزی کوردستان و ڵیکۆلینەوەی لەسەر شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد. دکتور سیپان سەرحەد ٣ ساڵە لە زانکۆی کۆبانێ نەوەی نوێی شۆڕش پێدەگەیەنێت و خەبات دەکات.

دکتور سیپان سەرحەد لەبارەی سیستمی پەروەردە و فێرکردنی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد، بەڵام بە هۆی پاراستنی ئاسایشی خانەوادەکەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناتوانین دیمەنی چاوپێکەوتنەکەی بڵاوبکەینەوە.

دکتور سیپان سەرحەد دەڵێت، "شەڕی کۆبانێ زیاتر ڕۆژئاوای پێناساندم. چاودێریی مۆدێلی پەروەردەم دەکرد. زانیم لە ڕۆژئاوا ژمارەیەک زانکۆ کراونەتەوە. لە ساڵی ٢٠١٥ دا زانکۆی عەفرین کرایەوە. لە ساڵی ٢٠١٦ دا زانکۆی ڕۆژئاوا و لە ساڵی ٢٠١٧ دا زانکۆی کۆبانێ کرانەوە.

دوای چەند ڕۆژێک لە کردنەوەی زانکۆکە، پەیوەندیم بە ڕۆژئاواوە کرد. من و ژمارەیەک هاوڕێم پەیوەندیمان بەست و ڕامانگەیاند، ئەگەر پێویست بێت، دەتوانین هاوکار بین. دوای ئەوەی وڵامی ئەرێنیان دایەوە دەستمان بە ئامادەکاری کرد و لە ساڵی ٢٠١٧ دا خۆم گەیاندە ڕۆژئاوای کوردستان.

لەسەرەتادا بیرمان لەوەدەکردەوە ئایا لە کۆبانی شوێنێک دەبێت تێیایدا بمێنینەوە. لەبەر ئەوەی دەیانوت، شارەکە بە هۆی شەڕەوە ڕووخاوە. ڕاست بوو، بەڵام دۆخەکە ئەوەندەش خراپ نەبوو. پێداویستیی وەک ئاو و کارەبا و نان هەبوو. لەسەرەتادا من هاتم و دواتر دوو هاوڕیم خۆیان گەیاندە ڕۆژئاوی کوردستان."

'ئامادەکاری بۆ کۆلێژی پزیشکی دەکەین'

دکتور سیپان سەرحەد ئاماژەی بەوەدا، هەرسێکیان بەشی بایۆ – تەکنەلۆژییان تەواو کردووە و وتی، "بەهۆی کەموکورتیی تەکنیکی نەمانتوانی بەشی بایۆ – تەکنەلۆژی بکەینەوە، بەڵام بەشی بایۆلۆژی کە لێیەوە نزیکە کردمانەوە و خوێندکارەکانمان دوو ساڵە لەم بەشە دەخوێنن. لەئێستادا دەمانەوێت بەشی تاقیگە بکەینەوە و ئەوەش دەبێیتە بناغەی بەشی کۆلێژ (فاکولتە)ی پزیشکی. ئەو بەشە پێویستییەکی بنەڕەتیی دەڤەرەکەیە. پرۆژەکەمان ئامادەکرد و قبوڵیانکرد و بڕوامان وایە سەردەکەوین."

'وەک خەون و خەیاڵیک بوو، بەڵام بەدیهات'

دکتور سیپان سەرحەد ئاماژەی بە گرنگیی مۆدێلی پەروەردە لە ڕۆژئاوا دا و ڕایگەیاند، "لێرە پەروەردە بە زمانی کوردیە. ناوەندی پەروەردە هەیە. وەک خەونێکە. بە سەدان یان هەزاران کەموکورتیمان هەبێت، پێویستە بزانین، ئەم ئەزموونە موڵکی ئێمەیە. ئەنجامی خەباتێکی گەورەیە. بەوهۆیەوە بۆمن وەک خەونێکە."

دکتور سیپان سەرحەد ئەوەی خستەڕوو، کۆبانی هەرێمێکی کوردیە. لەبەرئەوەش زمانی پەروەردە کوردیە و وتی، "لەگەڵ ئەوەشدا پەروەردەی زمانی عەرەبیش هەیە. لە بەشی بایۆ – تەکنەلۆژیدا زیادتر وشەکان ئینگلیزین. بەڵام بە کوردی شیدەکرێتەوە. ئێمە زانکۆیەکی نوێین و بە شیوەیەکی نوێ لەم جوگرافیایەدا کار دەکەین".

هەروەها ڕاشیگەیاند، لەسەرەتادا ژمارەی خوێندکاران کەم بوو، لەساڵی دووەمدا دوو هێندە زیادیکرد. لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر سەردان هەیە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە زانکۆکە جێی خۆی گرتووە و جێگەی متمانەیە. لەئێستادا زیادتر لە ١٨٠ خوێندکار هەیە. لە ٣ ساڵی داهاتوودا ژمارەی خوێندکارەکان زۆر زیاتر دەبێت.

بانگەواز بۆ ئەکادیمیستە کوردەکان

دکتور سیپان سەرحەد بۆ ئەکادیمیستە کوردەکان دەڵێت، "سەرنجی ئەم هەموو گۆڕستانی شەهیدانە بدەن. لەم دەڤەرە شەهیدی چوار پارچەی کوردستان هەیە. ئەم یەکێتییە لە هەموو شوێنێک نییە. ڕاستە کەموکورتی هەیە. بەڵام لەجیاتی ئەوەی ڕوو بکەنە ئەروپا و بەدوای ئازادی تاکەکەسی خۆتان بگەڕێن، ڕوو لەم دەڤەرە بکەن. ئەوەی بەدوایاندا دەگەڕێن لێرەیە، دوور نییە. لێرە دەرفەت هەیە. بە ڕاستی هەموو دەرفەتێک پێشکێشدەکرێت".

'ئەگەر بتوانین خۆمان بگەیەنینە ئاستی پێوانەیی جیهان، خەیاڵەکانم بەدیدێن'

دکتور سیپان سەرحەد لەبارەی خەون و خەیاڵەکانی وتی، "خەون و خەیاڵی من ئەوەیە، لەسەرەتادا لەم دەڤەرە بەشی بایۆ – تەکنیک دروست بکەم. بەشی بایۆلۆژیمان دروست کرد. هەوڵی دروستکردنی تاقیگەیەک دەدەین و بناغەکەمان داناوە. هیوام وایە ئەمە بناغەی کردنەوەی بەشی پزیشکی بێت. ئەگەر ڕۆژێک بتوانین لە ئاستی پیوانەکانی جیهاندا کاربکەین، ئەو کاتە خەون و خەیاڵەکانم بەدیدێن."

ژ.ت