بیرەوەریى کەسایەتییەکانى باشوور لەگەڵ رێبەر ئۆجالان؛ دکتۆر محەمەد هەژار

بە بۆنەى ٢٢هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد زنجیرەیەک چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کەسایەتییانەى باشووری کوردستان بڵادەکەینەوە، کە کاتی خۆی بۆ ماوەیەک لەگەڵ رێبەر ئاپۆدا ژیاون.

لە ماوەی کۆتایی ساڵانی ١٩٨٩ تا کۆتایی ساڵانی ١٩٩٨ کۆمەڵیک لە سیاسەتمەداران، هونەرمەندان، چالاکوانی مەدەنی، ڕۆشنبیر و کادری پەکەکە-ی باشووری کوردستان  سەردانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردیان کردووە و لە ئێستادا یادگاری و یاداشتەکانی خۆیان لەسەر ژیان و کەسایەتیی ڕێبەر ئۆجالان دەگێرنەوە و تێروانینی خۆیان لەسەر ئەو کەسایەتییە دەردەبڕن. ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) لە ٢٢هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی لە دژی ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ بەشێک لەو کەسایەتییانە زنجیرە چاوپێکەوتنى ئەنجامداوە.

دکتۆر محەمەد هەژار یەکێک لەو کەسایەتییانە و رایگەیاند "سەرۆک بە منی وت: یەک ملیۆن دیناری سویسری تەرخان دەکەین تا لە باشوور فێستیڤاڵێکی نەتەوەیی ئەنجامبدەن. ئێمەش گروپ لە ئەوروپا دەهێنین بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکە. گرنگ نییە بەناوی کێ ئەو ڤستیڤاڵە ئەنجام دەدرێت، گرنگ لەوەدایە ئەنجام بدرێت". ئەو وتەیە بەشێکە لەو چیرۆکەی دکتۆر هەژار محەمەد دەربارەی ئەو ماوەی ژیانی لە ساڵی ١٩٩١ لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ژیاوە، دەیگرێتەوە.

دکتۆر هەژار محەمەد یەکێک لەو کەسایەتییە چەپانەیە لە باشووری کوردستان کاری سیاسی و رێکخراوەیی کردووە و ئەندامی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بوە و دواتر پەیوندیی بە پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)ەوە کردوە. لە ساڵی ١٩٩١دا چووەتە گۆڕەپانی سەرۆکایەتی (ڕێبەر ئاپۆ) لە دۆڵی بیقاع.

دکتۆر هەژار چیرۆکی ماوەی ژیانی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دەگێڕێتەوە و بەمشێوەیە باسی خۆی دەکات: "ساڵی ١٩٩١ بوو، هەندێک هەڤاڵی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، کە باڵێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بوو لێرە ناسیمن. من ئەو کات لە کۆمەڵەی ڕەنجدەران بووم، کە باڵێکی چەپی کوردستانی نەتەوەیی بوو لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. پاشان ئەو باڵەی کۆمەڵەی ڕەنجدەران نەما و تەنها وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سیاسەتیان دەکرد. بەشێک لە ئێمە وەکو گەنجان فکرێک هەبوو لامان، کە بەدوای بابەتی نوێ و باشتر دەگەڕاین بۆ باشووری کوردستان، ویستمان نزیک بینەوە لە سەرۆک ئۆجالان لە ئەکادیمیای مەعسوم قورقماز لە دەشتی بیقاع لە لوبنان، خۆشبەخت بوم کە بۆ ماوەی نزیکەی مانگ و نیوێک چوومە چیا لەگەڵ ئەو هەڤاڵانە و پێشنیار کرام وەکو کەسێکی سۆرانی لە سلێمانییەوە بەڕێکەوم بۆ سوریا و لە سوریاوە بچمە دەشتی بیقاع لە لوبنان ئەمە بۆ من زۆر جێگای دڵخۆشی بوو، چونکە بۆ بینینی سەرۆک ئاپۆ ئەچووم، ئێمە سەرۆک ئاپۆمان لە دوورەوە ناسیبوو لە ڕووی ئەدەبیاتی پەکەکەوە بەتایبەتیش لە پەرتووکی پرسی کەسایەتی کە زۆر کاریگەر بووین بە فکرەی پەکەکە، چونکە خۆمان باڵێکی نەتەوەی نوێ بووین لە باشووری کوردستان.

"جاری یەکەم بوو سەرۆک و مرۆڤێکی وا سادە ببینم"

شەوی ١٠-١١ی مانگی ١٢ی ساڵی ١٩٩١ بۆ یەکەمجار چاومان بە سەرۆک ئاپۆ کەوت لە شوقەیەکی شاری دیمەشقی پایتەختی سوریا. لەو گرووپەی کە چوین بۆ بینینی سەرۆک ئاپۆ تەنها من باشووری بووم ئەوانەی دیکە باکوری بوون، ئەم چاوپێکەوتنە بۆ من شتێکی زۆر خۆش و مێژوویی بوو، کە بۆ جاری یەکەم سەرۆک و مرۆڤێکی سادە دەبینم.

"مرۆڤێکی سادە بوو بەڵام عەقڵێکی مەزنی هەبوو"

کاتێک بیرمان لە سەرۆک ئاپۆ دەکردەوە کەسێکی کاریزما و گەورە بوو، کاتێک چاومان بە سەرۆک ئاپۆ کەوت لە شێواز و ژیانی مرۆڤێکی سادە بوو، بەڵام عەقڵێکی زۆر مەزنی هەبوو، ئێمە تووشی شۆک بووین کە چەن مرۆڤێکی سادە و جوان بوو زیرەک بوو، ئەو ئێوارەیە ئێمە هەندێک گاڵتەمان کردوو و باسی ڕەوشی باشوور و هەڤاڵانی چیامان کرد پاشان وتی، ئێوە بچن بۆ دەشتی بیقاع تا لەوێ زیاتر یەکتر بناسین.

"تاسەر ئێسک شۆڕشگێر بوو"

سەرۆک هەمیشە دەیویست شتی نوێ لەسەر باشوور بزانێت و پرسیاری زۆری دەکرد لەسەر باشووری کوردستان، کە نەریتی باشوور چۆنە؟ کەسایەتی ژن چۆنە؟ شۆڕش چۆنە؟ لە لای ئێمە سەرۆک کەسێکی زۆر گەورە و مەزن بوو و سەرۆک ئاپۆ مرۆڤێکی تاسەر ئێسک شۆڕشگێڕ بوو، سەرۆک هەموو سیفەتێکی سەرۆکایەتیی تێدابوو، بەڵام وەکو هەڤاڵێکی سادە مامەڵەی لەگەڵ هەڤاڵانی دەکرد، پاش کەمتر لە هەفتەیەک لە گەیشتنمان بۆ دۆڵی بیقاع سەرۆک هاتە دۆڵی بیقاع خولی پەروەردەی ئێمە ناوی خولی ئەحمەد تەکنە بوو، ویستمان لەلایەنی سیاسی پێشبکەوین و بتوانین لەلایەنی سەربازیش هەندێک ئەزموونی خۆمان بگوازینەوە بۆ ئەو هەڤاڵانە، لەبەر ئەوەی ئێمە دوو هەڤاڵی سۆرانی خەڵکی سلێمانی بوین لەناو ئەو هەڤاڵە کرمانجانە ئێمە لە بەشی وەرگێڕان کارمان دەکرد، چونکە ئەزموونمان هەبوو لە وەرگێڕان ئەدەبیاتی عەرەبی بۆ سۆرانی، شوێنەکەمان لە گۆڕەپانێکی یاریکردن نزیک بوو هەموو ئێوارانێک سەرۆک ئاپۆ دەهات یاریی وەرزشی لەگەڵمان دەکرد و دەیوت با هەڤاڵانی بەشی وەرگێڕان بێن.

"هەندێک کەس دەیوت سەرۆک کوردی نازانێت، بەڵام ئەمە درۆ بوو، سەرۆک بە کوردیی کرمانجی پەروەردەی دەدایەوە و هەندێک وشەی سۆرانیشی بەکار دەهێنا"

 دکتۆر هەژار لەبارەی شێوازی وانە گوتنەوەی ڕیبەر ئاپۆ و ڕەفتاری لەگەڵ ئەندامانی ئەکادیمیا لە درێژەی گێڕانەوەى بیروەری و چیرۆکەکەیدا وتی: "لە ماوەی دوو مانگ بۆ سێ مانگ سەرۆک هەموو ڕۆژ یاخود ڕۆژ نا رۆژێک وانەی دەدایەوە بە هەموو هەڤاڵان دەربارەی هەموو پرسە سیاسییەکان قسەی دەکرد. هەندیک کەس دەیوت:' سەرۆک کوردی نازانێت' بەڵام ئەمە درۆ بوو، سەرۆک بە کوردیی کرمانجی پەروەردەی دەدایەوە و هەندێک وشەی سۆرانیشی بەکار دەهێنا. سەرۆک ئاپۆ وەکو مامۆستایەک لەسەرمان دەوەستا کە چۆن بتوانین لە لایەنی سیاسی بەهێزبین، من هەموو رۆژ سوودم وەر دەگرت لەو بابەتانەی کە سەرۆک باسی دەکرد و کاریگەریی لەسەرم بەجێ هێشت، سەرۆک ئاپۆ هەمیشە دەیوت من بەرپرسم لە وتنی خۆم سەبارەت بە نەرینی سەرۆک دەربارەی باشووری کوردستان هەمیشە دەیوت:' ئێمە لە باشووری کوردستان پێویستمان بەوەیە خەڵک نەتەوەیی بێت گرنگ، نییە کام حزب دەبن، مەرج نییە هەر کەسێک پەکەکە بێت'. چونکە ژیانی ناو پەکەکە ژیانێکی ڕاهبیی ناو کەنیسەیە هەموو ژیانی بۆ شۆڕش تەرخانکردووە، بۆ ئێمە زەحمەت بوو بچینە ناو شۆڕشێک کە نە هاوسەرگیری هەیە و نە هیچ پەیوەندییەکی دیکەی هەیە، چونکە تەنها پەیوەندی سیاسی هەڤاڵایەتی هەیە ئەمەش بۆ ئێمە زەحمەت بوو، چونکە مێشکی ئێمە هێشتا زۆری مابوو ئەوەند پێگەیشتوو بێ.

کاریگەریی سەرۆک لە هەموو شتێکدا هەبوو لە هەموو نان خواردنێک لە هەموو وانەیەک، هەموو ژیانی سەرۆک پەروەردەیەک بوو بۆ هەڤاڵان بۆ نموونە دەیوت:' کاتێک نەخۆشی بەشداری وانەی پەروەردە مەبە، چونکە کاتێک تۆ دەکۆکی سەرنجی مێشکی هەموو هەڤاڵان بۆ کۆکەکەت ڕادەکێشیت وەکو ئەوەیە لە شەڕدا دەنگت ببێتە هۆی شەهید بوونی هەڤاڵێک'.

لەگەڵ هەموو هەڤاڵان بەشێوەیەکی نۆرماڵ و ئاسایی یاریی دەکرد و موناقەشەی دەکرد لەسەر هەر بابەتێک و دەیوت:' هەر شتێک هەیە بیڵێن شتی شاراوە نییە لەناو ژیانی حزبی ئێمە'.

مرۆڤ وەکو بونەوەرێک هەمیشە حەز بە شتی نوێ دەکات، ناسینی ئێمە بۆ پەکەکە شتێکی نوێ بوو ئێمەش گەنج بووین حەزمان کرد سەرۆک ئاپۆ بناسین، چونکە ئەو کەسێک بوو لە دامەزراندنی پەکەکە، پەکەکە بۆ ئێمە شتێکی گەورە بوو، چونکە توانرا لە دوای ئەو هەموو نسکۆیانەی شۆڕشەکان لە هەرچوار پارچەی کوردستان پەکەکە دروست بکرێت، عەقڵی ئێمە بەپێی تەمەنمان بوو بۆ ئێمە شتێکی نوێ بوو کە فکرێکی نەتەوەیی بناسین لە چوارچێوەی حزبێک بەناوی پارتی کرێکارانی کوردستان، ئەوەی وای لە ئێمە کرد پەکەکە بناسین ئەدەبیاتی سەرۆک و قسە کردنی سەرۆک بوو، کاتێک ئێمە لە نزیکەوە سەرۆکمان ناسی زیاتر حەزم لەم حەرەکەتە بوو، سەرۆک هەموو مرۆڤەکانی دەناسی، ئەوەی من سەرسامی بووم هەردوو پەرتووکی بەرەی رزگاریی کوردستان و کتێبی پرسی کەسایەتی بوو کە بە عەرەبی خوێندمەوە، پەرتووکی پرسی کەسێتی تا ئێستاش پەرتووکێکی مەزنە بۆ کەسێتی شۆڕشگێڕ.

ئەو کات بەشێک لە ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پەیوەندیان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان لە ئاستێکی باش بوو، هەڤاڵیک هەبوو ناوی هەڤاڵ لەشکر بوو لەسەر سنور فەرماندەی بەتالیۆنی یەکێتی نشتیمانی کوردستان بوو ئەو پەیوەندی تەنسیقی لە نێوان یەکێتی نشتیمانی کوردستان و پەکەکەی دەکرد و لەرێی ئەوانەوە ئاودیوی رۆژئاوای کوردستان بووین، چووینە دێرک پاشان چووینە قامشلۆ و شەوێک لە قامشلۆ ماینەوە پاشان بە شەمەندنەفەر چوینە حەلەب ماوەیەک لە حەلەب لە ماڵی هەڤاڵیک ماینەوە پاشان چوینە دیمەشق لەوی ئۆتۆمبیلیان بۆمان دابین کردین و چوینە دۆڵی بیقاع، پاش تەواو بوونی پەرەوەردە هەموومان وەکو کادرێک نێردراین بۆ شوێنی جیاواز من خەریکی کاری ئەدەبی و هونەری بووم.

دەربارەی گرنگیدان ڕێبەر ئاپۆ بە یەكێتی نەتەوەیی و کلتور و هونەر لە باشووری کوردستان دکتۆر هەژار درێژە بە گێڕانەوەی بیرەوەریەکانی دەدات و دەڵێت: سەرۆک بە منی وت لە باشوور فێستیڤاڵێکی نەتەوەیی ئەنجام بدەن ئێمەش گروپ لە ئەورۆپا دنێرین بۆ بەشداریکردن هەموو مەسرەفێکی مادی فێستیڤاڵکەش دەگرینە ئەستۆ و گرینگ نییە فێستیڤاڵەکە بەناوی کێ ئەنجام دەدرێت، گرینگ ئەوەیە ئەو کارە ئەنجام بدرێت، خزمەت بکرێت، لە ساڵی ١٩٩٢ ئەو کات دوو رێکخراوی هونەری هەبوو ئەوانیش رێکخراوی هونەرمەندان لەگەڵ یەکێتی هونەرمەندان، بەڵام نزیکبوونەوەی هونەرمەندانی باشووری کوردستان هەڵە بوو لەم بابەتە و ئەم فێستیڤاڵەیان قەبووڵ نەکرد ئەگەر نا ئێستا نزیکەی ٢٨ ساڵ بوو ئێمە فێستڤاڵی نەتەوەیمان هەبوو، چونکە شۆڕش تەنها چەکداری نییە، بەڵکو شۆڕش فکر و سیاسەت و چاند و کلتور و کۆمەڵایەتیە.

بەداخەوە ئەوەی لە کەسێتی سەرۆک هەبوو لە کەسێتی سەرۆکەکانی دیکە نەبوو، بۆ نموونە هەندێک سەرکردە هەبوون ئاغا بوون وەکو فەرهاد­­* (عوسمان ئۆجالان) و ماهیری پیر* بەتایبەتی ماهیری پیر کاریگەرییەکی زۆر خراپی هەبوو بۆ سەر باشووری کوردستان، ماهیری پیر زۆر هەڤاڵی عاجز و توڕە دەکرد، کە من یەکێک بووم لەو هەڤاڵانەی عاجز بووم، دوای گەڕانەوەم زۆر نەخۆش بووم بەڵام بە هیچ شێوەیەک دەستمان بەرنەدا لە شۆڕشکردن وەکو کەسێکی نەتەوەیی و لە باشوور کاری هونەریی باشمان ئەنجامدا، بەداخەوە لە ساڵی ١٩٩٢ شەڕی هەرێمی کوردستان دژ بە پەکەکە دەستی پێکرد ئەمەش زۆر شتی دواخست، منیش لە شاری هەولێر بۆ ماوەی ٣٥ رۆژ زیندانی کرام، ئێمە تیپی مێزۆپۆتامیامان دروستکرد، کە پێکهاتبوو لە هەڤاڵانی باشوور و رۆژهەڵات و باکور کە بناغەیەک بوو بۆ بوونی میزوپۆتامیا بە مەڵبەندێکی رۆشنبیری، سەرۆک ئاپۆ زۆر گرنگی بە هونەر دەدا.

"سەرۆک لەسەر هەموو شت نەرینی هەبوو وەک ئاینەکان و شارستانییەت، کۆمەڵگا، ژن و هەونەر"

دکتۆر هەژار لە یاداشتەکەیدا تیشک دەخاتە سەر ئاستی توانای ڕێبەر ئاپۆ لە ڕووی فکرییەوە و دەڵێت: "سەرۆک بۆچوونی لەسەر هەموو شتێک هەبوو وەکو ئایینەکان و شارستانییەت و کۆمەڵگا و ژن و بۆ چاند و هونەریش بۆچوون و شیکاریى خۆی هەبوو، بەڵام بەداخەوە هەندێک لە هەڤاڵان باش لە بۆچوونی سەرۆک تێنەگەیشتبوون، چونکە کاتێک سەرۆک وتی هەموو مەسرەفێکی ئابوری دەگرینە ئەستۆی خۆمان بۆ ڤیستیڤاڵی نەتەوەیی، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ کە سەرۆک زۆر گرنگیی دەدایە لایەنی چاندی نەتەوەیی.

 بەڵام بەشێک لە هەڤاڵان لە سەر دوو شت بیریان دەکردەوە رێکخستن و ناردنی هەڤاڵان بۆ عەسکەری لە چیا. ئەمەش وایکرد، کە دەستبەردان لە چەند بابەتێک وەکو بابەتی چاند و هونەر رووبدات، ئێمە خۆمان بەڕاست دەزانی کە لەپشتی فکری سەرۆکین، بەڵام هەندیك کەس، کە "ئێستا لە پەکەکە دابڕاون" وتیان نەخێر هەتا گەیشتە ئاستێک کە بە خیانەتکار تۆمەتبارمان بکەن ئەمەش بۆ من شتێکی زۆر ناخۆش بوو، بۆیە من بەشێوەیەکی فەرمی چوومە زەڵێ داوای ڕوونکردنەوەم کرد کە چ هەڵەیەک ئەنجامدراوە، داوام کرد کە بڕیار بدرێت ئەگەر من خاینیم یان نا، دوای چەند رۆژێک وەڵامم درایەوە وتیان باوەڕ بەو قسانە ناکەین و ئێوە خاین نین. زۆر لەوان تووشی نەخۆشی دەروونی بوون، چونکە ململانێیەک لەنێو مێشکیان هەبوو ئەوان خۆیان بە شۆڕشگێر دادەنا ئەوانیش وتبویان ئێوە خیانەتکارن دوای ٢٨ ساڵ تا ئێستا بەهیچ شێوەیەک خیانەتم لە فکرەی نەتەوەی و سەرۆک نەکردووە.

"سەرۆک و هەڤاڵان چەپڵەیان بۆم لێدا و سەرۆک وتی، ئەمە ڕاستە پێویستە هەمیشە لە بەردەم دوژمنی خۆت ڕاوەستی، بۆیە هەموو کارێکی سەرۆک وانەیەک بوو بۆ ئێمە"

لە یاداشتەکانی دکتۆر هەژار دەربارەی نزیکایەتیی سەرۆک لە ئەندامانی پەکەکە و شەڕڤانی نوێ دکتۆر بەمشێوە ئاماژەی پێدەکات: "سەرۆک بەهیچ شێوەیەک جیاوازیی نەکردووە لە نێوان هەڤاڵێکی سەرکردایەتی و شەڕڤانێکی نوێ، سەرۆک زۆرجار دەهات یاریی تۆپی بالەی لەگەڵمان دەکرد، رۆژێکیان من لە یاریی بالە لە بەرگری بووم سەرۆکیش بە تۆپەکە هات منیش هێرشم کرد تۆپەکەی لێوەرگرم ئیتر بەربۆوە ئەویش وتی، چۆن تۆ بەو شێوەیە یاری دەکەی؟ منیش وتم، سەرۆک تۆ نەت وتوە پێویستە هەمیشە لەبەرامبەر دوژمن ڕاوەستینەوە.

 سەرۆکیش وتی، "ڕاستە". منیش وتم: لە ئێستادا تۆ دوژمنی منی لە یاریەکە وتی :"تۆ ڕاست ئەکەی".

 سەرۆک و هەڤاڵان چەپڵەیان بۆم لێدا و سەرۆک وتی، ئەمە ڕاستە پێویستە هەمیشە لە بەردەم دوژمنی خۆت ڕاوەستی، بۆیە هەموو کارێکی سەرۆک وانەیەک بوو بۆ ئێمە".

سەرۆک لە نان خواردنیش دەهات لەگەڵ ئێمە خواردنی دەخوارد هەندێک جار خودی خۆی خواردنی دروست دەکرد و خواردنی تەندروستی دەخوارد بە هەموو واتایەکی گەورەیی سەرۆک کەسێکی سادە بوو.

سەرۆک هەمیشە دەیوت: "کەسێکی نەتەوەیی بن"، شێخ عەبدولڕەحمان دەیوت: "هەر کەسێک بگاتە ئاستی کادری پەکەکە وەکو ئەوەیە ببێتە راهبێکی گەورە لە کەنیسە، کە کەسێکی پاکە و ژیانی خۆی هەمووی تەرخان کردووە بۆ شۆڕش".

لە کۆتایی قسەکانی دکتۆر هەژار محەمەد دەڵێت: وتەیەکی سەرۆک هەیە دەڵێت: "ئەگەر دوژمن ٪٢٥ زیانی لێماندابێ، ئێمەی کورد ٧٥٪ زیانمان لە خۆمانداوە". دوای نزیکەی ٣٠ی ساڵ ئێمە دەبینین کە شۆڕشی ئێمە زۆر پێشکەوتووە بەتایبەتی لە رۆژئاوای کوردستان، کە ئەمەش هیوایەکمان پێ دەبەخشێت. پێویستە هەمووان پشتگیری لە شۆڕشی رۆژئاوا بکەین و سەرکەوتنی شۆڕشی رۆژئاوا سەرکەوتنی تەواوی کوردە، گۆڕانکاریی گەورە لەڕێیە بۆ ناوچەکە ئەگەر ئامادەکاری نەکەین بۆ ئەو گۆڕانکارییە ئەوە زۆر خراپ دەبێت بۆ کورد، لە رۆژئاوا کورد تا ئاستێکی باش ئامادەکاریی کردووە، بەڵام باشووری کوردستان مەترسیی زۆری لەسەرە و یەکێتی و پارتی بەرپرسیارێتیی زۆریان لەسەرە بەرامبەر خەڵکی کوردستان.

*ئاژانسی هەواڵی فورات؛ ئەو دوو کەسەی ناویان دەهێنێت دواتر لەبەر جیاوازیی بیرو بۆچون و ژیانیان، لەگەڵ پەکەکە جیابوونەوە ئێستا ئەندامی پەکەکە نین.

ژ.ت

بیرەوەریى کەسایەتییەکانى باشوور لەگەڵ رێبەر ئۆجالان؛ محەمەد ئەمین پێنجوێنی

..............

بیرەوەریى کەسایەتییەکانى باشوور لەگەڵ رێبەر ئۆجالان؛ مامۆستا محەمەد بەکر

..............

بیرەوەریى کەسایەتییەکانى باشوور لەگەڵ رێبەر ئۆجالان؛ مامۆستا جەمیل ئەحمەد