تەرمی شەهید زەکى شەنگالی بەرەو سەردەشت بەڕێکرا

تەرمی ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەرى گشتیى ئێزدییەکانى شەنگال و ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە، کە لە هێرشى ئاسمانیى فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیادا شەهید بوو بوو، لە خانەسۆرەوە بەرەوە سەردەشت بەڕێکرا تاوەکو بەخاک بسپێردرێت.

تەرمی ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەرى گشتیى ئێزدییەکان زەکى شەنگالی بەرەو سەردەشت بەڕێکرا. دواى ئەوەى تەرمەکە گەیشتە سەردەشت لە چیاى شەنگال، تەرمەکە لە گوندى کۆلکا خرایە سەر شان و بە شان برایە مەزارگەى شەهید دڵگەش و شەهید بەرخۆدان و  لەوێ تەرمەکەى لە مەراسیمێکى بە شکۆدا بە خاک دەسپێردرێت.

بنەماڵەى شەهید شەنگالی بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمى بەخاکسپاردنى شەهید زەکى شەنگالی، گەیشتنە شەنگال. هاوژینى زەکى شەنگالی، کوڕ و برا و بنەماڵەکەى نیوەڕۆى ئەمڕۆ گەیشتنە شارۆچکەى خانەسۆر لە شەنگال.

بنەماڵەى شەهید شەنگالی لە بەردەم هۆڵی لالەش بە دروشمی "شەهید نامرن" پێشوازییان لێکرا.

لە ناوچەى خانەسۆری شەنگال، دوکانداران بۆ پێشوازیکردن لە تەرمی ئەندامى بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمەڵگەى ئێزدییەکان، زەکى شەنگالی، دوکانەکانیان داخستبوو.

ژمارەیەکى زۆر لە هاووڵاتییانى کەمپى شەهید رۆستەم جودی لە مەخمور بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمى بە خاکسپاردنى تەرمی مام زەکى شەنگالیدا رۆیشتن بۆ شەنگال.

هاووڵاتییانى رۆژئاواى هاتن، بەڵام لەلایەن سوپاى عێراقەوە رێگرییان لێکرا

هاووڵاتییانى باکوورى سوریا بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمى بە خاکسپاردنى تەرمی مام زەکى شەنگالی دا بەرەوە شەنگال کەوتبوونەڕێ، بەڵام هێزەکانى عێراق رێگایان پێنەدان لە سنوورەوە بپەڕنەوە بۆ شەنگال. هاووڵاتییان تاوەکو ئێوارە لەسەر سنوور مانەوە و دواى ئەوە بە خوێندنەوەى راگەیاندراوێک، گەڕانەوە.

ر.م