تەرمی شەهید گوڵستان ئاکسۆی ژنە شۆڕشگێری کورد لە زێدی خۆی بە خاک سپێردرا

شەهید گوڵستان ئاکسوی (هێڤی گابار) ژنە شۆڕشگێری کورد کە دوای برینداربوونی رەوانەی ئەلمانیا کرابوو، لە ٢٦ی تەمموز بە هۆی سەختی برینەکەیەوە شەهید بوو. تەرمەکەشی رەوانەی شاری مێردین کرا و لە زێدی خۆی بەخاک سپێردرا.

گوڵستان ئاکسۆی لە ساڵی ١٩٨٧ لە گوندی باقستانی سەر بە ناوچەی ستەوری شاری مێردین لە دایک بوو، لە ساڵی ٢٠٠٢ بەشداری لە ریزەکانی تێکۆشانی ئازادی کوردستاندا کرد.

شەهید گوڵستان ئاکسۆی ماوەیەکی درێژ لە ناو خەباتی گەنجان و کاری رۆژنامەگەریدا بە شێوەیەکی چالاکانە کاری کرد و دواتر رووی لە شاخە ئازادەکانی کوردستان کرد. لە ساڵی ٢٠١٤ کاتێک داعش هێرشی کردە سەر رۆژئاوای کوردستان، ئەویش رووی لە رۆژئاوا کرد.

لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤ لە تل کۆچەر لە رووبەرووبوونەوەیەکی چەتەکاندا لە قاچیەوە بریندار بوو. دوای تەداوی و چارەسەری لە ساڵی ٢٠١٥ رووی لە بەرەکانی شەڕ لە سەرێکانی کرد. لە سەرێکانی مینێکی چێنراوی چەتەکانی داعشی پێدا تەقیەوە و بە هۆی سەختی برینەکەی لە ساڵی ٢٠١٧ رەوانەی وڵاتی ئەلمانیا کرا. لەو ماوەیەی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بوو، چەندین نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدار، بەڵام دواجار بەهۆی سەختی برینەکەیەوە، لە ٢٦ی مانگی تەمموزی ئەمساڵ لە شاری بەرلینی ئەلمانیا گیانی لەدەستدا و چووە ریزی شەهیدانەوە.

تەرمی شەهید گوڵستان لە ئەلمانیاوە رەوانەی شاری مێردینی باکوری کوردستان کرا و دواتر بە بەشداری خانەوادە و کەسوکاری لە گۆڕستانی گوندی باقستانی سەر بە ناوچەی ستەوری شاری مێردین بەخاک سپێردرا.

ز.ش