حەلەب: کۆبانێ سەرەتای کۆتایی داعش بوو

یەکێک لە فەرماندەکانی یەپەگە بەناوی حەلەب باسی شەڕی کۆبانێ و سەرکەوتنی ئەو کاتەی کرد و وتی: " کۆبانێ سەرەتای کۆتایی داعش بوو".

چەتەکانی داعش شەش ساڵ لەمەوبەر ترسێکی گەورەیان خستبووە دلی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، بۆ داگیرکردن ڕوویان کردە کۆبانێ. داعش کە موسڵ و نیوەی سوریای داگیر کرد و "خیلافەت" و "دەوڵەت"ی ڕاگەیاند، سەرتا لە کۆبانێ و لە بەرانبەر شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە تێکشکا، ئەوەش گەورەترین تێکۆشانیان بوو. چەتەکانی داعش لە ١٥ی ئەیلولی ٢٠١٤ بە چەکی ئەمریکی کە لە موسڵ دەستیانکەوتبوو و بە چەکی ڕووسی کە لە سوپای عێراقەوە دەستیان کەوتبوو، هێرشیان کردە سەر کۆبانێ. لە بەرانبەر بەرخۆدانێکی ١٣٤ ڕۆژەی شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە و گەل، چەتەکانی داعش بە شێوەیەکی گەورە تێکشکان.

ئەو گورزەی کە داعش لە ٢٦ی کانونی دووەمی ٢٠١٥ لە کۆبانی بەریکەوت و تێکشکا، بۆ داعش بووە "سەرەتای کۆتایی". لەو ڕۆژە بەدواوە هەنگاو بەهەنگاو لاواز بوو و لە ٢١ی ئازادری ٢٠١٩ لە شاری باهۆز-ی سەربە دێرەزۆر کۆتایی بە سەروەرییەکەی لەسەر زەوی هێنرا. کۆبانی بە بەرخۆدانەکەی لە بەرانبەر داعش بۆ گەلانی جیهان بووە سیمبۆل. یەکێک لە خولقێنەرانی سەرکەوتنی کۆبانێ کە یەکێکە لە فەرماندارەکانی یەپەگ ناوی سەردار حەلەب-ە، لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات -  ANFقسەی کردووە.

ئەو دڕندایەتییەی لە شەنگال کرا، پەیامێک بوو بۆ هەموو کورد

سەردار حەلەب ئەوەی وەبیر هێنایەوە کە، کاتێک داعش هێرشی کردە سەر کۆبانێ، لە بەهێزترین کاتی دابوو و باسی لەوەش کرد، ئامانجی سیاسی لە هێرشکردنە سەر کۆبانی هەبوو. سەردار حەلەب وتی: "بەهۆی ئەوەی کۆبانێ ئەو شارە بوو کە شۆرشی لێ دەستپێکرد. یەکەمین شاریش بوو کە ڕێبەرمان کاتێک چووەتە ڕۆژئاوا چووەتە ئەو شارە. دوژمن ئەوەی باش شیکردەوە و لەسەر ئەو بنەمایە بریاری دابوو کە هێرش بکاتە سەر کۆبانێ.

هێرشی سەرەتای گەورەی چەتەکانی داعش لە دژی کۆبانێ لە سەرەتای مانگی تەمووزی ٢٠١٤ ئەنجام درا. لە ١٩ی تەمووز بیریان لە ڕۆژی پێکهاتنی شۆرشی فکری کردەوە و ویستیان کۆتایی بەو شۆڕشە بهێنن. بەڵام لەبەر ئەوەی ڕووبەڕووی بەرخۆدانێکی گەورە بوەوە، نەیتوانی ئەو ئامانجەی بپێکێت. دواتر هیرشی کردە سەر شەنگال و بەو دڕندەییەی پەیامێکی بۆ هەموو کورد نارد".

سەرەتا دەستیان بە شەڕی سایکۆلۆژی دەکرد

داعش کە وێڕای شەنگال زۆر ناوچەی سوریا وعێراقی داگیر کرد، لە ١٥ی ئەیلول بە هێز و تەکنیکێکی گەورەوە لە نووکەوە هێرشی کردە سەر کۆبانێ. حەلەب ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە داعش پێش ئەوەی ڕوو بکاتە ناوچەیەک، دەست بە شەڕی سایکۆلۆژی دەکرد و وتی: "بەو ترسەی کە دەیخستە دڵی خەڵک، لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا شارەکەی داگیر دەکرد. لەوەشدا سەرکەوتوو بوو. ترسی دەخستە دڵی خەڵک و بەبێ شەڕ شارەکەی داگیر دەکرد".

ئێمە دەمانگوت 'گەل لێپرسینەوەمان لەگەڵ دەکات'

حەلەب باسی لەوەش کرد کە ئەوان خۆیان ڕادەستی ئەو شەڕە سایکۆلۆژییە نەکرد و وتی: "لەبەر ئەوەی ئێمە بەخۆمان دەوت کە ئێمە شۆڕشگێڕین و بەرپرسیارییەتی پاراستنی گەلمان هەڵگرتووە. دەمانگوت، ئەگەر ئێمە ئەوە نەکەین، گەل لێپرسینەوەکان لەگەڵ دەکات." داعش لە سێ لایەنەوە گەمارۆی کۆبانێی دابوو و بە هەزاران چەتە و چەکی قورسەوە هێرشی دەکرد. لە بەرانبەریشدا شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە کە ژمارەیان کەم بوو، بە چەکی تاکەکەسیی هەوڵیان دەدا شارەکەیان بپارێزن.

فەتوای داعش و هاتوهاواری ئەردۆغان

حەلەب وتی: "ئێمە ئەو کاتە حسابی ئەوەمان کرد کە چۆن ئەتوانین بە هێزێکی کەمەوە لەبەردەم هێزێکی گەورەەوە بەرخۆدان بکەین" و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "بۆیە بریارمان دا کە تاکتیکی وا بەکار بهێنن کە زۆرترین ئەنجامی هەبێت، بۆ نمونە، داعش دەیویست هەموو هێزەکانمان لە گوندەکان لەناو ببات، ڕێگەمان بەوە نەدا. قۆناغ بە قۆناغ پاشەکشەمان بە گەل و خۆمان بۆ شەری ناوشار ئامادە کرد. ئامانجی سەرەکیمان پاراستنی گەل بوو. لەبەر ئەوەی ئێمە حسابی ئەوەمان دەکرد کە سیناریۆی شەنگال دەتوانن جێبەجێ بکەن".

وێڕای فەتوای: "ماڵ و موڵک و نامووسی کورد حەڵاڵە"ی داعش، ئەردۆغانیش دەیکردە هاتوهاوار و دەیگوت: "کۆبانی لەبەردەم شکان دایە و دەکەوێت" حەلەب باسی فەتوای داعش و هاتوهاواری ئەردۆغانی کورد و وتی: "ئێمە باوەڕمان بەچی دەکرد؟ باوەڕمان بە ڕەوایەتی خۆمان دەکرد، باوەڕمان وابوو دەبێت گەلەکەمان و خاکەکەمان بپارێزین".

لە کۆبانێ تەنیا ئارینێک نەبوو

حەلەب وتی: "لە کۆبانێ تەنیا ئارینێک نەبوو، چەندین ئارین هەبوون" و باسی ئەو ڕۆژانەی گێڕایەوەە: "بۆ نمونە، شەهید باران ئارینێک بوو، شەهید هێرش ئارینێک بوو، شەهید خویندا ئارینێک بوو، بۆتانی سوور ئارینێک بوو، هەڤاڵ ڕەشۆ ئارینێک بوو... ڕۆحێکە گەورەی گیانبەختکردن هەبوو. چەندین هەڤاڵمان لە نەخۆشخانە هەڵدەهاتن و دەهاتنە بەرەی شەڕ. ڕۆحێکی گەورەی گیانفیدایی هەبوو و سەرکەوتنی کۆبانێ لە سایەی ئەو ڕۆحەوە خوڵقا".

دەستەیەک مرۆڤی باوەڕبەخۆ

حەلەب باسی لەوەش کرد دەستەیەک مرۆفی باوەڕ بەخۆ و گیانفیدا ویستی ئەو داعشیان تێکشکاند کە ببوە بەڵا بەسەر هەموو جیهانەوە، وتیشی: " کۆبانێ سەرەتای کۆتایی داعش بوو".

ف.ق