دانیشتوانى سەردەشت داوای گەڕانەوەی شەنگالییەکان دەکەن

سەرباری سەختی و دژوارییەکان شەنگالییەکان سەرلەنوێ ژیان لە شەنگال دەستپێدەکەنەوە. دانیشتوانى چیای شەردەشت لە شەنگال داوایان لە شەنگالییە کۆچبەرەکان کرد بگەڕێنەوە بۆ زێد و واری خۆیان.

چیای سەردەشت لە شەنگال دواى فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ بووە یەکێک لە پەناگە سەرەکییەکانی ئێزدییەکان. سەرباری سەختی و دژوارییەکان ماوەى ٦ ساڵە ئێزدییەکان لە سەردەشت سەرلەنوێ  ژیانیان بونیاتناوەتەوە. دانیشتوانى سەردەشتی شەنگال باسی ژیانی رۆژانەى خۆیان و قورس و دژوارییەکانى ژیانیان کرد.

یەکێک لە دانیشتوانى سەردەشتی شەنگال مەجید شەمۆیە و لەبارەى ژیانی رۆژانەیانەوە وتی "ئێمە تاوەکو ئەمڕۆ ژیانمان لێرە تێدەپەرێنین. پێش فەرمانەکە هەر کەسێک کارێکى دەکرد و بژێویی ژیانى خۆی دابین دەکرد. گەل بۆ خۆیان دوکانیان دەکردەوە و مەڕیان بەخێودەکرد. ئێمە دەمانخواست بڕۆینەوە بۆ گوندەکەمان، بەڵام لەبەر ئەوەی گوندەکەمان بە تەواوەتی پاکنەکراوەتەوە کەسی لێ نییە، ئێمەش ناتوانین بڕۆینەوە بۆ گوندەکەمان. پێش پەتای کۆرۆنا هاوکاریمان بۆ دەهات، بەڵام لەو کاتەوە ئیدی هاوکاریمان بۆ نایەت. ئێمە ئێستا بە کشتوکاڵ بژێویی ژیانی خۆمان دابین دەکەین. ئێستاش ژیان چەند قورس و دژوار بێت، بەڵام هەر درێژە بە ژیانی خۆمان دەدەین".

مەجید شەمۆ داوای لە شەنگالییەکان کرد بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و بگەڕینەوە بۆ خاکی خۆیان و پێکەوە ژیان خۆشتر بکەن.

دەلیل ئیسماعیل گەنجێکى تەمەن ٢٧ ساڵە و خەڵکی کۆبانێیە و کاری هەڵکەندنی بیرە و پێش فەرمانی ساڵی ٢٠١٤ بۆ هەڵکەندنی بیر چووەتە شەنگال و تاوەکو ئێستا لە شەنگال خزمەتى خەڵکی ئەو ناوچەیە دەکات.

دەلیل ئیسماعیل وتی "من پێش فەرمانەکە و لە ساڵی ٢٠١٣دا لە شەنگال بووم. کاتێک داعش هات بۆ شەنگال من چووم بۆ کۆبانێ، بەڵام کاتێک شەنگال رزگارکرایەوە دووبار گەڕامەوە بۆ شەنگال تاوەکو هاوکاریی گەلی شەنگال بکەم. کاری بیرهەڵکەندن کارێکە لە باپیرم و باوکمەوە بۆم ماوەتەوە. منیش وتم دووبارە دەچمەوە بۆ شەنگال و گەل لە هەموو چیاکاندا و لە هەمو شوێنێکدا پێویستیان بە بیری ئاو هەیە، بۆیە پێویستە هەموو شوێنێک ئاوی هەبێت و سەوز و شین بێت و داری تیادا بڕوێنرێت. چونکە بە داخەوە لە کاتى فەرمانەکەدا شەنگال وشک بوو بوو".

دەلیل ئیسماعیل داواى لە شەنگالییەکان کرد بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

ژ.ت