دانیشتوانى سەرێکانی بۆ مێرکل: ئێوە تاوانبارن!

دانیشتوانى سەرێکانی ناڕەزایەتییان لە دژی ئەو لێدوانەى ئەنگێلا مێرکل راوێژکاری ئەڵمانیا نیشاندا، کە وتبوی پشتیوانی لە داگیرکەریی دەوڵەتى تورک لە باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا دەکات و پێیان وت "ئێوە تاوانبارن!".

ئانگێلا مێرکل راوێژکاری ئەڵمانیا چەند رۆژ لەوە پێش و لە کاتى سەردانەکەیدا بۆ تورکیا وتی، ئەڵمانیا دەتوانێت پشتیوانیى لە تورکیا بکات بۆ ئەو ناوچانەى لە باکوور و رۆژهەڵاتى سوریادا داگیریکردوون. ئەو لێدوانەى مێرکل کاردانەوەى جۆراجۆری بە دوای خۆیدا هێنا.

پەرلەمانى ئەڵمانیا چەند رۆژ لەوە پێش و لەسەر ئەو بەڵێنەی مێرکل راپۆرتێکى ئامادەکردبوو و تیادا ئەوەى کە پێى دەوترێت "هەرێمی ئارام" ئاماژەى پێنەکرابوو، بەڵکو بە "هەرێمی داگیرکراو" ناوی هێنرابوو.

راپۆرتەکە لەسەر دواى پەرلەمانتاران و لەلایەن پسپۆڕانی فەرمانگەى خزمەتى زانستیى پەرلەمانى فیدراڵەوە ئامادە کرابوو و تیایدا هاتبوو "هەواڵەکان لەبارەى دۆخی ئەمنی لەو ناوچانەدا، کە لەلایەن تورکیاوە داگیرکراون، ئەوە نیشان دەدەن مەترسی لەسەر ژیانى ئەو کەسانە دروست دەبێت، کە رەوانەى هەرێمەکە بکرێن".

لە راپۆرتەکەدا سەرنج خراوەتە سەر خاڵی ٤٩ لە رێککەوتننامەى جنێڤ لەبارەى پاراستنی هاووڵاتییان لە کاتی شەڕدا و تیایدا هاتووە "لە رووی حقوقییەوە ئەوە داگیرکەرییە، گواستنەوە و نیشتەجێکردنی مرۆڤ بۆ ئەو شوێنە بەشێوەى فەرمی، یان بەشێوەى بە کۆمەڵ قەدەغەیە".

مشتومڕەکانیش لەبارەی بەکارهێنانى تانکی لیۆپاردی ئەڵمانیا لە هێرشە داگیرکەرییەکانى دەوڵەتى تورک دا، کە بووە هۆی کوشتنی سەدان هاووڵاتیی مەدەنی تاوەکو ئێستاش بەردەوامیی هەیە. لە کاتێکی لەو شێوەیەدا هەوڵی دەوڵەتى ئەڵمانیا بۆ رەوایدان بە داگیرکەریی دەوڵەتى تورک بووەتە بابەتى جێگای رەخنە.

دانیشتوانى سەرێکانی ناڕازاین

کۆچبەرانی سەرێکانی، کە بەهۆی هێرشەکانى دەوڵەتى تورکەوە لە شوێن و ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون، ناڕەزایەتییان لە دژی ئەو کارانەى ئەڵمانیا دەربڕی. بەهۆی هێرشەکانى دەوڵەتى تورکەوە زیاتر لە ٣٥٠ هەزار هاووڵاتی ناچاربوون شوێن و ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و ئاوارە ببن.

دانیشتوانى سەرێکانی هەم ئەوانەى کوردن و هەم ئەوانەى عەرەبن ئێستا لە کامپی واشۆکانی دەمێننەوە و ناڕەزایەتیی خۆیان لە دژی وتەکانى مێرکل خستەڕوو و رایانگەیاند "باشە ئەو ئاگادارە، کە هەوڵ دەدات کێ خاکی کێ بە کێ بدات؟".

'با بێن سەیری بارودۆخمان بکەن'

ئاسیا خالید هاووڵاتییەکی عەرەبی سەرێکانییە و بە هۆی هێرشەکانى دەوڵەتى تورک و چەتە جیهادییەکانییەوە ناچار بووە کۆچ بکات و دەستبەرداری ماڵ و حاڵی خۆی بێت و ئێستا لە کامپی واشۆکانی لە باکووری حەسەکە دەمێنێتەوە. ئاسیا رایگەیاند، هەرگیز بڕیاری داگیرکەری قبوڵ ناکەن.

ئاسیا خالیدا راشیگەیاند "ئێمە هەرگیز ئەوە قبوڵ ناکەین. ئێمە چۆن دەست لە زێدی خۆمان هەڵدەگرین، چۆن دەبێت دەست لە هەموو شتێکى خۆمان هەڵگرین و بڕۆین بۆ شوێنێکى تر. با خۆیان بێن و سەیری بارودۆخمان بکەن، سەیری کامپەکە بکەن، سەیری منداڵەکانمان بکەن. ئێمە دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ ماڵەکانی خۆمان، گەلۆ شوێنەکانى ئەوان ماڵەکانى ئێمە نییە؟".

باسی دادپەروەری و مافەکانى مرۆڤ دەکەن، بەڵام...

شەمسە بەکر محەمەد بەکر هاووڵاتییەکى تری عەرەب و ناڕەزایەتیی لە دژی هێزە نێونەتەوە بۆ ئەو داگیرکەرییە نیشاندا و وتی "بارودۆخمان لە بەرچاوە، بەڵام ئێمە لە چ بارودۆخێکدا بین بۆ دەوڵەتە بەهێزەکان گرنگ نییە. ئەوان باسی مافەکانى مرۆڤ دەکەن، باسی دادپەروەری دەکەن، کاتێک پشیلەیەک لە سەر شەقامێک بە بەرەڵایی ببینن خێرا رادەچڵکن و خۆشەویستیی پیشاندەدەن، بەڵام کاتێک بابەتەکە دێتە سەر ئێمە هەموو شتێک لە بیری خۆیان دەبنەوە".

شەمسە محەمەد بەکر ناڕەزایەتیشی لە دژی ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک نیشاندا و وتی "ئەردۆغان دەڵێت، فەلەستین، باسی مسوڵمانێتی دەکات، بەڵام کاتێک بابەتەکە دەبێت بە مسوڵمانانی دراوسی ئەویش هەموو شتێک لە بیر خۆی دەباتەوە. تۆ سەرەتا لەگەڵ مسوڵمانانی درواسێی خۆت باش بە و ماڵەکانیان کاول و خاپور مەکە و مەیانسوتێنە، بزانە کێ ماڵەکانی تێکدان و ئاگریان تێبەردان، ئەوجا باسی مسوڵمانانی شوێنەکانى تر بکە".

'چۆن بگەڕێمەوە بۆ لای چەتەکان؟'

محەمەد موسا یەکێکی ترە لە دانیشتوانى سەرێکانی و وتی "زستانە و ئێمە لە دەرەوەین، لە کامپداین. ئێمە دەمانویست لە ناو ماڵەکانى خۆماندا بین، بەڵام ئێستا ماڵەکەى من چەتەى تیایە، من چۆن بگەڕێمەوە؟ چەتەکان سەرمان دەبڕن".

'چەتەکانیان هێنا و لە ماڵەکانی ئێمەدا نیشتەجێیان کردن'

شێخموس عەلی تاهیر باسی هاووڵاتییەکى تری سەرێکانییە و باسی ئەوەیکرد، دەوڵەتى تورک ژمارەیەکى زۆر لە چەتە جیهادییەکان و بنەماڵەکانیانی هێناوە بۆ سەرێکانی و نیشتەجێی کردوون. ئەو هاووڵاتییە وتیشی "ژمارەیەکى زۆر چەتەیان هێناوە و لە ماڵەکانی ئێمەدا نیشتەجێیان کردوون. تەنانەت لە ماڵی خزمەکانماندا نیشتەجێیان کردوون. بنەماڵەکانیان بردووەتە ئەو ماڵانە، ئەوان منداڵەکەمیان کوشت و دەستیان بەسەر ماڵەکەدا گرت و بنەماڵەکەمیان بڵاوە پێکرد... من چۆن بگەڕێمەوە و بچم بۆ لای ئەوان؟".

٣٥٠ هەزار کەس کۆچبەر و ئاوارە بوون

خالید خەلۆ بەرپرسی کامپی واشۆکانی رایگەیاند، دواى هێرشە داگیرکەرییەکانى دەوڵەتى تورک نزیکەى ٣٥٠ هەزار کەس ناچار بوون کۆچ بکەن.

خالید خەلۆ راشیگەیاند، لە کامپی واشۆکانی ٨ هەزار و ٥٠٠ کەس نیشەجێکراون. لەو ٣٥٠ هەزار کەسە، کە کۆچیان کردووە، هەندێکیان لە خوێندنگەکان، هەنجدێکیان لە کامپەکان و هەندێکیشیان لە ناو شارەکانى رۆژئاواى کوردستان نیشتەجێ بوون".

'بڕیارەکەى مێرکل قبوڵ ناکرێت'

خالید خەلۆ ناڕەزایەتیى لە دژی لێدوانەکەى مێرکل بۆ پشتیوانیکردن لە دەوڵەتى تورک پیشاندا و وتی "خاکی ئێمە و ماڵی ئێمە داگیرکراوە، ئێمە ئێستا لەم دۆخەداین، مێرکل لە بریى ئەوەى لە دژی داگیرکەرییەکە بوەستێتەوە پشتیوانى لە داگیرکەرییەکە دەکات. ئەوە قبوڵ ناکرێت".

'ئێمە راپۆرتەکە پشتڕاست دەکەینەوە'

خالید خەلۆ باسی ئەوەیکرد، ئەوان راپۆرتەکەى پەرلەمانى ئەڵمانیا پشتڕاست دەکەنەوە و وتیشی "ئێمە راپۆرتەکە پشتڕاست دەکەینەوە. ئەو خاکەى کە باسی دەکرێت، داگیرکراوە. ئەوانەى لە ژێر چادرەکاندا و لە بەسەرتاسەری ئەم وڵاتەدا بڵاوەیان پێکراوە خاوەنی ئەو خاکەن".

'ئەوانى پشتیوانی لە تاوانبارەکان دەکەن، هاوبەشی تاوانەکەن'

خالید خەلۆ ئەوەشی وت "ئێمە هەرگیز ئەو داگیرکەرییە قبوڵ ناکەین. ئێمە لە دژی تێدەکۆشین".

خەلۆ بانگی پشتیوانیى لە رێکخراوە نێونەتەوەییەکانى بوارەکانى مافەکانى مرۆڤ کرد  و تی "ئێمە بانگ لە هەموو کەسێک دەکەین، کە لە دژی ئەمە بوەستێتەوە. ئەوەى روودەدات و کردویانە تاوانە. ئەوانى پشتیوانیی لەو تاوانە دەکەن، هاوبەشی تاوانەکەن".

ژ.ت