دۆسیە: میتی تورک لە رۆژئاوا لە هەوڵی دروستکردنی 'پشتێنەی تورکی' دایە

میتی تورک و فەرمانگەی کۆچبەرانی تورکیا، لە ئێستادا لە هەوڵی ئەوەدان کەسوکاری چەتەکان، لە هێڵی ٥ کیلۆمەتریی نێوان سەرێکانی و گرێ سپی جێگر بکەن و بەم شێوەیە ' پشتێنەی تورکی' دروست بکەن.

لە چوارچێوەی داگیرکەرییەکانیدا دەوڵەتی تورک دەستی بە سیاسەتی 'بە تورککردنی' ناوچەکانی سەرێکانی و گرێ سپی کردووە کە لە ئێستا دا هەردوو ناوچەکەی داگیر کردووە. بە پێی زانیارییەکان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی فەرمانگەی کۆچبەرانی تورکیا چەندین خێزان کە لە وڵاتە تورکەکانەوە هێنراون بۆ تورکیا، بۆ ئەوەی لە سەرێکانی و گرێ سپی جێگریان بکات، لە هەوڵ و تەقەلایەکی بەردەوام دایە.

ئەو کۆچبەرانەی لە ئاسیای ناوەڕاستەوە هاتوون و لە ئێستادا لە ئەستەنبول و هاتای و دیلۆک و روحا لە کەمپەکاندا نیشتەجێ کراون، بۆ ئەوەی بگوازرێنەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان و لە ناوچەکانی سەرێکانی و گرێ سپی نیشتەجێ بکرێن، دەزگای ئیستیخباراتی تورکیا (میت) دەستی بە هەوڵێکی جدی کردووە.

لە ئاسیای ناوەڕاستەوە دەیانهێنن و لەسەر خاکی کورد و عەرەب جێگیریان دەکەن

بە پێی زانیارییەکان، لە ئێستا دا میتی تورکی لە گەل ئەو خێزانانەی بە هۆکاری جیاوازەوە، لە تورکەمەنستان و ئوزبەکستان و تاجیکستان و ئازەربایجان و ئەفغانستانەوە ئاوارەی تورکیا بوون، لە بارەی گواستنەوەیان بۆ رۆژئاوای کوردستان، چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا ئەنجام دەدات.

سەرەتا کەسوکاری چەتەکان جێگیر دەکرێن

بە پێی بەڵگەکان، ئەو خێزانانەی بە نیازن لە ناوچەکە جێگر بکرێن ئەوانەن کە کەس و کاریان لە ناو رێخستنە چەتەییەکانی سوپای تورکیا دا جێ دەگرێن و هەورها هەر یەک لە فەرمانگەی کۆچبەران و مانگی سوور و بەڕوەبەرایەتی کارەساتی سروشتی و فریاکەوتنی تورکیا بەڵێنی ئەوەیان پێداون کە لە کاتێکدا لە ناوچەکە جێگیر بکرێن بە هەموو شێوەیەک یارمەتیدەریان دەدرێت.

سیاسەتی 'پشتێنەی تورکی'

دەوترێت بۆ دروستکردنی 'پشتێنەی تورکی' لەسەر خاکی سەرێکانی و گرێ سپی، ئامادەکاری ئەوە دەکرێت کە ئەو خێزانە کۆچبەرە تورکانەی لە کامپەکانی تورکیادان، لە سنوورەوە تا قوڵایی ٥ کیلۆمەتر جێگیر دەکرێن و هاوڵاتیە سوریەکانیش لەو هێڵە بۆ دواوە جێگر بکرێن.

پێشتریش چەتەکانیان لە سنوور جێگر کردبوو

کاتێک کە دەوڵەتی تورک دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کرد، گروپەکانی "سوڵتان موردا و شا سوڵتان سلێمان و سوڵتان محمد فاتیح و مونتەسیر بیلاللە و سەمەرقەند" کە دەوترێت تورکەمن، لە ناوچە ستراتیجیەکانی سەر سنوور جێگر کردبوون.

هەورها دەوترێت ئەم تاکتیکە بە پشتیوانی پەیمانی ئەدەنەیە جێبەجێ دەکرێت، کە لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٨ لە نێوان دەوڵتی تورک و رژێمی سوریا دا ئیمزا کراوە. دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی مادەی "لە نزیکەوە چاودێریکردنی ٥ کیملۆمەتر لە سنووری خۆیەوە" جێبەجێ بکات، گۆڕانکاری بەسەر دیمۆگرافی ناوچەکەدا دەهێنێت.

ئەردۆغان نیازی خۆی ئاشکرا کردبوو: 'ئێمە ناچینە دەرەوە'

رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورک دوای سەردانەکەی بۆ مەجارستان (هەنگاریا) لە فڕۆکەخانە لێدوانێکی دابوو باسی لە پەیمانی ئەدەنە کردبوو لە وێ نیازی خۆی ئاشکرا کرد. ئەردۆغان لە بارەی داگیرکەریی سوریاوە وتبووی:" تا وڵاتانی تر سوریا بەجێ نەهێڵن ئێمەش دەرناچین. پەیمانی ئەدەنەمان لەبەردەست دایە. ئێمە لە چوارچێوەی پەیمانی ئەدەنەدا هەنگاو دەنێین."

ئەو چەتانەی لە ئاسیای ناوەڕاستەوە هێنرابوون لە سەر هێڵی سنوور جێگیر کرابوون

دەوڵەتی تورک پێش ماوەیەک لە عەفرین و عەزاز و جەرابلوس کە ئێستا لە ژێر داگیرکەریی ئەودان، هەمان تاکتیکی ئەنجام دا. ئەو چەتانەی لە ئوزبەکستان و تورکمەنستان و تاجیکستان و ئیغورەوە هێنرابوون، لە سەر هێڵی سنووری نێوان سوریا و تورکیا جێگر کرابوون.

خاڵە سنووریەکان لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندان

ئەو گروپانەی باسیان لێوە دەکرێت، کەسوکاریان لە ناوچەکانی جەبەل ئەکراد (شاخی کورمانج) لە ئدلب و جەبەل تورکەن (شاخی تورکمەن)، خاڵی سنووری باب ئەل هەوا و ئەنتاریب و ناوچەکانی جندرێس و راجۆ و بابل و شارای عەفرین و خاڵی سنووریی باب لە سەلامە لە ئەزاز و خاڵی سنووری جەرابلوس جێگیر کراون.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئیدارەی کۆچبەرانی تورکیا و میتی تورکی بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە ماوەیەکی زۆرە لە هەوڵ و پلانگێری دایە. ماوەیەک پێش ئێستا سەرچاوەیەک لە ناوەندی کامپی ئاوارەکانی روحاوە بە فورات نیوزی راگەیاندبوو کە لە کەمپەکانی میت، ئەو ناوچانە پیشان دەدرێن کە بە نیازن داگیریان بکەن و ئاوارە تورکەکانیان تیایدا جێگر بکەن.

ماوەیەک بەر لە ئێستا ناونیشانەکانیان گۆڕیبوو

سەرچاوەکە کە بە هۆی بارودۆخی ئەمنیەوە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت رایگەیاندبوو، ئاوارەکانی سوریا بە گشتی کە لە کەمپەکاندا نیشتەجێن، ناونیشانی شوێنەکانیان کە لە کوێوە کۆچیان کردبوو، گۆڕاون بۆ ناوچەکانی سەر بە حەسەکە و رەقاو حەلەب  و وتبووی:" بەم شێوەیە دەیانەوێت بۆ رای گشتی جیهان ئاشکرای بکەن کە ئەو ئاوارانە بە رەچەڵەک خەڵکی ئەو ناوچانەن و بە زۆر لە سەر خاکەکانیان کۆچبەر کراون."

ز.ش