دیار غەریب: دەبێت وانە لە ئەزموونە بەهێز و لاوازەکانى کۆماری کوردستان وەربگرین

لەبارەی کۆماری کوردستان لە مەهاباد بۆچوونەکانی ئۆجالان و دوایین وتەکانی قازی محەمەد و شیکاری مێژوویی شەهید دیار غەریب ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی گشتیی کەجەکە سەبارەت بە گرنگیی کۆماری مەهاباد و کاریگەرییەکانی دەخەینەڕوو.

ساڵی ١٩٤٦ دا لە شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆماری کوردستان لەلایەن قازی محەمەد و هاوڕێکانیەوە ڕاگەێندرا، دوای ماوەی ١١ مانگ کۆتایی بە بەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆی ئەم کۆمارە هێنرا. لێرەدا بۆچوونەکانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و دوایین وتەکانی قازی محەمەد و شیکاری مێژوویی شەهید دیار غەریب ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی گشتیی کەجەکە سەبارەت بە گرنگیی کۆماری مەهاباد و کاریگەرییەکانی.

"کۆماری کوردستان خەون و هیوای گەلی کورد''

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە تۆمارێکی دەنگیدا، کە لە ساڵانی ١٩٩٠کانەوە ئەرشیڤ کراوە بەم شێوەییە پێناسەی گرنگیی کۆماری کوردستان دەکات و  دەڵێت: ''چەند بابەتێکى تایبەت لەبارەى دامەزراندنی کۆماری مەهابادەوە هەیە، کە مرۆڤ دەتوانێت باسیان لەبارەوە بکات. بەر لە هەر شتێك کۆماری مەهاباد خەون و هیوای گەلی کورد بوو، لێرەدا ئەو شتانەی کە دروستبوون  بۆ ئێمە هەنگاوێکە، ئێستا ئێمە ئەوە بەڕێوەدەبەین و ئێستاش ئێمە ڕاوەستەی لەسەر دەکەین، بۆ ئەوەی گەلی ئێمە چۆن دروست بکرێت و ئاوا بکرێت لە لایەنی نەتەویی و دیموکراتیی خۆیدا مەهاباد زۆر شت دەهێنێتە بیری مرۆڤەوە؛ ڕاستە بارودۆخە دەرەکی و ناوخۆییەکان زۆر دەرفەتیان نەدا، کە زیاتر لە ماوەی ١١ مانگ تەمەنی درێژە بکێشێت، بەڵام ئەو شتانەی کە تیایدا بونیاتنراوە شتگەلێکن، کە بۆ ئێمە بوونەتە بناغە و ئێستاش بۆ ئێمە بناغەیە؛ مۆدێلێکە مرۆڤ ئێستاش دەتوانێت ئەنجامی لێوە وەربگرێت. مرۆڤ ناتوانێت بابەتی مەهاباد لە یاد بکات، وەك ئەوەی کە ماوەێك بوو هاتوو و چوو؛ ئەمە شتێکی ڕاست نییە بە ئەزموونی مەهاباد زیاتر ڕووحێکی نیشتیمانپەروەری دروستبوو لە هەموو پارچەکانی کوردستانەوە مرۆڤەکان لێرەبوون دڵیان گەرم بوو و بەیەکەوە بوون...''.

''کۆماری کوردستان مۆدێل و وەرچەرخانێکی نوێ بوو''

جیاواز لە بۆچوونەکانی ڕێبەری گەلی کورد ئۆجالان شەهید دیار غەریب ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی گشتیی کەجەکە؛ هەمیشە بە شیکار و هەڵسەنگاندنە مێژووییەکانی لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ڕووداوە مێژووییەکانی ڕاڤە دەکرد، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتیدا بۆ ستێرك تیڤی لە زستانی ٢٠١٨دا، گرنگی و ئەزموونی کۆماری کوردستان بەم شێوە باس دەکات: ''بێگومان کۆماری کوردستان لە مێژووی نوێی کورددا خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژووی تێکۆشانی کوردستانیشدا هەمان شتە، چونکە بۆ جاری یەکەم گەلی کوردستان هەوڵیدا بە مۆدێلێکی نوێ خەباتی خۆی ئەنجامبدات و بە مۆدێلێکی نوێ ستاتیۆ و خۆبەڕێوەبەری بۆ خۆی دروست بکات. پێشتر لە سەدەی نۆزدەهەمدا لەلایەن شێخ عوبێدوڵای نەهرییەوە هەوڵ هەبوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی؛ بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و بە تەواوی پڕۆژەیەکی گەلاڵە کراو بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی نەبوو و دوای شەڕی جیهانی یەکەم لەلایەن شێخ مەحمودی بەرزنجی هەوڵدار بۆ گەیشتن بە ئازادی  و لە پێناو چارەسەرکردنی دۆزی کورددا بەتایبەتیش لە باشووری کوردستاندا شێخ مەحمودی نەمر هەوڵێکی زۆری دا ئەوە بوو لە ١٩١٨ تا ١٩٢٤ لە چەند قۆناغی جیا جیا حکومەتی دروستکرد. حکومەتی پاشایەتی دروستکرد واتە لەسەر سیستمی پاشایەتی حکومەتی کوردی دروست بکات و لەم ڕێگەوە کێشەی کورد چارەسەر بکات. لە مەهاباددا بە پێشەنگایەتیی ژێکاف و دواتر حیزبی دیموکراتی کوردستان بە پێشەنگایەتیی پێشەوا قازی محەمەد هەوڵدرا کێشەی کورد لە ڕێگەی دروستکردنی کۆمارێکی دیموکراتیەوە چارەسەر بکرێت ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ بوو، بۆیە وتم وەرچەرخانێك بوو مۆدیلێكی نوێ بوو لە چارەسەری لەلایەن هێز و لایەنە ئازادیخوازەکانی کوردستانەوە پێشکەش دەکرا و کاری لەسەر دەکرا''.

''بۆچی کۆماری کوردستان لە ساڵەکانی تردا دانەمەزرا؟!''

دیار غەریب باس لە تەمەنی کورتی کۆماری کوردستان دەکات و بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت: ''کۆمار بەداخەوە تەمەنی کورت بوو، کە نزیکەی ١١ مانگ  تەمەنی کرد، بەڵام لە ماوەی ئەو ١١ مانگەدا گەلێك بەهای پێشکەشی گەلی کوردستان کرد لە بوارەکانی سیاسی، ڕۆشنبیری، کلتوری، تێکۆشانی مەدەنی، گەنجان، ژنان ئەمانە بۆ گەلی کوردستان و  ناوچەکە و بۆ ئەمڕۆش نرخی گەورەن کە ماونەتەوە. ئەوەی کە بە ڕای من شایەنی لێکۆڵینەوە کردنە وەك خاڵی سەرەکی ئێمە پێویستە ئەوە پرسیار بکەن کە بۆچی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦دا دامەزرا؟ بۆچی کۆماری کوردستان لە ساڵەکانی تردا دانەمەزرا؟! ئێمە هەموومان لەسەر ئەوە کۆکین و خەڵکی کوردستانیش لەسەر ئەوە کۆکە و باس لە ئەوە دەکرێت کە کۆماری کوردستان لە دەرئەنجامی شەڕی جیهانی دووەم و  ئەو دەرئەنجامەی کە لە ناوچەکە و دونیا و لە سیستمی پاشایەتی ئەو کاتەی ئێرانیشدا هەبوو. ئەو بارودۆخەی کە ئەو کاتە ژیان دەکرا زەمینە بوو بۆ دروستکردنی کۆمار. ئەزانرێت کە لە ساڵی ١٩٤١ دا بە هۆکاری ئەوەی کە ڕەزا خان یان ڕەزا شای پەهلەوی لایەنگری بۆ ئەڵمانەکان دەکرد و لەبەرامبەر ئەمەشدا ڕووسەکان و بەریتانییەکان لە ساڵی ١٩٤١دا دەستتێوەردانیان لە ئێراندا کرد  و ڕەزا خانیان لە پاشایەتی لادا و محەمەدی کوڕیان هێنایە سەر دەسەڵات. هەر لەو کاتە لە زۆر جێگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاپەڕینی گەل و  جوڵانەوەی گەلەری و جەماوەری دروستبوون بۆ نمونە لە ناوچەکانی بانە، سەردەشت و سەقز لە ١٩٤١ دا بە پێشەنگایەتی حەمە ڕەشی خانی بانەدا کۆمەڵێك هەوڵدار دواتر لە ساڵی ١٩٤٣ حەمە ڕەشی خانی بانە لە ناوچەی بانە و دەوروبەریدا حکومەتێکی هەرێمی بۆ خۆی دروستکرد. تا ساڵی ١٩٤٤ بەردەوام بوو. دواتر بەهۆی پلانی ئێران و بەریتانیاوە تێکدرا. هەروەها لە ساڵانی ١٩٤١دا لە ناوچەی ورمێ و دەروبەری  هەوڵدانێکی باشکرا لەلایەن ڕۆشنبیر و عەشایەران و جەماوەری ئەو ناوچانە بۆ ئەوەی ناوچەکانی خۆیان ڕزگار بکەن و بەڕێوەی ببەن. ئەمانەش هەوڵدانێك بوون کە لە کوردستاندا کران. وە لەلاێکی ترەوە لە ساڵی ١٩٣٩ لە ناوچەی مەهاباد و دەوروبەری کۆمەڵێك جوڵانەوەی سیاسی و ڕۆشنبیری هەبوون بۆ نموونە حیزبی ئازادی کوردستان کە بە پێشەنگایەتی  عەزیزی زەندی و  محەمەدی نانەوازادە و کۆمەڵێك کەسایەتیتر هەبوون کە تا ساڵانی ١٩٤١و ١٩٤٢ ڕۆڵی باشیان بینی لە هۆشیارکردنی خەڵکیدا. لەلایکی تر کۆمەڵێک سیاستەمەدارو  ڕۆشنبیر و خەڵکی تر لە نمونەی عەبدولڕەحمانی زەبیحی و حوسسێنی فروهەر ئەمانە تێکەڵاویان بە حیزبی هیوا لە باشوور و کۆمەڵەی خۆیبوون لە ڕۆژئاوا و باکور هەبوو، بەیەکەوە کۆمەڵێک کاری باشیان دەکرد. ئەنجامی ئەمەش بووە هۆکاری ئەوە، کە لە ١٩٤٢ دا کۆمەڵەی ژیانەوەى کوردستان (ژێکاف - ژ.ك) دروست بێت، کۆمەڵەی ژێکاف بۆ خۆی بووە بناغە و سەرەتاێك بۆ کۆماری کوردستان''.

''لەبەر چاونەگرتنی باردۆخ، بوو بە هۆی بناغەیەکی لاواز''

دیار غەریب بەردەوامیی دەدات بە ڕاڤەی تایبەتی مێژووییانە بۆ کۆماری کوردستان و ئەم جارەش هۆکارەکانی بەر لە دروستنەبوونی باس دەکات و بە کۆمەڵێك پرسیار دەست پێدەکات و دەڵێت: ''پرسیارەکە ئەوەیە، ئایە حیزبی ئازادیی کوردستان، کە لە ساڵی ١٩٣٩ دروست بوە تا ١٩٤٣ - ١٩٤٢ بۆ هەنگاوی نەنا بۆ دروستکردنی مۆدێلێکی لە شێوەی کۆماری کوردستان؟ کۆمەڵەی ژێکاف کە لە ١٩٤١ ئامادەکاری بۆ دەکراو ١٩٤٢ دامەزرا و تا ١٩٤٥ بەدواوەش خەباتی سیاسی و جەماوەری دەکرد بۆچی لەم سەردەمانەدا تێکۆشانی بۆ دروستکردنی کۆمار نەکرد؟ هۆکاری چی بوو؟ ئایە دەرفەت نەبوو؟ بە تێروانینی من دەرفەت هەبوو دەرفەت زیاتر بوو، چونکە لە ساڵانی ١٩٤١ تا ١٩٤٣ حکومەتی ناوەندی لە ئێراندا زۆر لاواز بوو. لەلایەکەوە دەسەڵاتی شاهانشاهی گۆڕانکاریی تێدا دروستبوو، لەلایەکیشەوە دەوڵەتی ڕووسیا دەستتێوەردانی لە باکوری ئێراندا کردبوو. لەلایکی ترەوە بەریتانیا دەستێوەردانی لە باشووری ئێراندا کردبوو؛ هاوکاتی ئەوە بارودۆخی نێودەوڵەتی زۆر خراپ بوو ئەو سەردەمە ئەڵمانەکان لە شەڕدا سەرکەوتوو بوون. ڕووسەکان لاواز بوون، بەریتانیەکان لاواز بوون زەمینەێکی پشێوی هەبوو واتە باڵادەستبوون و حاکمیەتی ڕووس و بەریتانیا لە ناوچەکەدا ئەوەندە نەبوو ئەمەش دەرفەت بوو بۆ ئەوەی کە لەو کاتەدا هەوڵ بۆ ئیدارەێکی هەرێمی یان گشتی بدرێت. بەڵام ئەمە نەکرا بۆ چی ئەم هەوڵە نەدرا؟ بێگومان ئەمە پرسیارە و پێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە و ئێمەش ئەگەر بەباشی وەڵامی ئەو پرسیارە نەدەینەوە ئەوە پێم وایە ناتوانین بە تەواوەتی هۆکاری کەوتنی کۆماری کوردستان دەستنیشان بکەین، زۆربەی لێکۆڵەرەوان باس لەوە دەکەن کە لەبەر ئەوەی حیزبی ئازادیی کوردستان کە لە ١٩٣٩ دوروست بوو هاوکات حیزبی ژێکاف کە لە ساڵی ١٩٤٢ دوروستبوو پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت هەبوو، یەکێتی سۆڤیەت ئەو کاتە نەیدەخواست و ئاستەنگیی دروست دەکرد بۆ ئەوەی کە لەم کاتەدا حکومەتێك یاخود ئیدارەیەك لە ناوچە کوردییەکاندا دروست ببێت بۆ ئەوەی کە نەبێتە کێشە و ئاستەنگ بۆ ئەو هاوکارییانەی کە لە کەنداوی فارسەوە لە ڕیگەی بەریتانیا و ئەمریکییەکانەوە ئەنێردرێت بۆ ڕووسیا بۆ شەڕکردن لەبەرامبەر نازییەکاندا بۆ ئەوەی شتێکی بەم ڕەنگە نەبێت لەگەڵ ئەوەدا نەبوون کە لەم کاتەدا هێزە کوردستانیەکان ئیدارە (بەڕێوەبەری)یەك ڕابگەیەنن. بێگومان  هێزە کوردییەکانی ئەو کاتەش حیزبی ئازادیی کوردستان و کۆمەڵەی ژێکافیش ئەم بارودۆخەیان لەبەر چاو گرت و لەبەرامبەر ئەوەی ئەم بارودۆخەشیان لەبەر چاو گرتووە من پێموایە کە ئەم ساڵانەیان لەدەستداوە. ساڵانی ١٩٤١ تا ١٩٤٥ یان لەدەستداوە''.

''خاڵە لاوازەکانی ناو کۆماری کوردستان''

دیار غەریب بە ڕاڤە و ڕەخنەکانییەوە باس لە دواکەوتنی دامەزراندنی کۆمار و  خاڵە لاوازەکانی کۆمار دەکات و بەم شێوە دەیانهێنێتە سەر زمان: ''بونیادنان و دامەزراندنی کۆماری مەهاباد درەنگ کەوت و بوو بە ١٩٤٦ کاتێك کە سەیری بکەین ئەو کات شەڕی جیهانی کۆتایی هاتبوو هێزەکان ئیتر قسەیان لەسەر ئەوە دەکرد، کە چۆن هاوسەنگییەکان دابڕێژنەوە لەم کاتەدا کۆمار دروستبوو دوای دامەزراندنی کۆماریش کە بە گوێرەی بەڵگە مێژووییە بەر دەستەکان دەزانین، کە لە مانگی نیسانی ١٩٤٦ واتە کەمتر لە ٣ مانگ دوای ڕاگەیاندنی کۆمار ڕووسیا لەگەڵ ئێراندا ڕێکەوت، واتە ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی کە هێزەکانی خۆی بکێشێتەوە و ئیمتیازی نەوتی باکووری ئێران وەربگرن لەبەرامبەر ئەوەش ڕووسیا پەیمانیدا کە هاوکاریی کۆماری ئازەربایجان و کوردستان نەکات. لەبەر ئەوەی کە کۆماری کوردستانیش بە ڕەزامەندی ڕووسیا دەمەزرابوو و پێشتریش ئامادەکارییەکی جدی بۆ نەکرابوو ئەمانە بوونە خاڵی لاواز بۆ کۆماری کوردستان واتە هەڵسەنگاندنی کات، بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو کاتە بەشیوەێکی باش نەکرا ئەمەش بوو بە خاڵی هەرە لاواز بۆ کۆماری کوردستان و لە کۆتایشدا ئەم خاڵە لاوازە گورزێکی گەورەی لە کوردستاندا، لەگەڵ ئەمانەدا ئەگەر سەیر بکەین ڕاستە کۆماری کوردستان بەناوی کوردستان ناونرا، بەڵام کۆماری کوردستان نەیتوانی سنووری خۆی بەرفروان بکات؛ قازی محەمەد و پێشەنگەکانی کۆماری کوردستان من ناڵێم هەوڵیان نەداوە، بەڵام دیارە هەڵەکانیان بەشی ئەوەی نەکردووە، کە بتوانن سنووری بەڕیوەبەراتییەکەی و کۆمارەکەی خۆیان فراوان بکەن؛ لە سنوورێکی بەرتەسکدا مایەوە، بەرتەسکبوونی کۆماری کوردستان لە سنووری جوگرافیای، سیاسی، کۆمەڵایەتی ئەمەش وایکرد کە جارێکی تر کۆماری کوردستان لاواز بێت ئەمەش بوو بەخاڵێکی تری جیاواز کە لاوازی لەگەڵ خۆیدا هێنا. خاڵێکی تر لە بواری ڕێکخستنی کۆماری کوردستان لەسەر پێکهاتەی ڕێکخستنی عاشایرەکان زیاتر خۆی ڕێکخستن کرد هەم ڕێکخستنی جەماوەری هەم ڕێکخستنی سەربازی، ئەمە دەبینین لە کۆماری کوردستان سوپای ئازادی (سوپای کۆمار) دروست کراوە. سوپای کۆمار لەسەر بنەمای پەروردەێکی تایبەت ولەسەر بنەمایە ئاواکردنی هێزێکی پێشمەرگەی کوردستان بە تایبەتی نەکراوە. لە ڕێگەی سەرۆك خێڵەکان و کەسایەتییە ناودارەکانەوە ئەم هێزە دروستکراوە واتە هەر سەرۆك خێڵێك هەر کەسێکی ناودار کە لەناو سوپای کۆماری کوردستاندا جێگەی گرتووە و ئامادە بوو جێگە بگرێت، خزم و کەس و ناسیاوی خۆی کۆکردۆتەوە ئەمانە بوونەتە هێزێکی تایبەت و بەشێك لە کۆماری کوردستان. ئەمە بێگومان بۆ کۆکردنەوەی سوپا لەوانەیە ڕێبازێکی ئاسان بێ و خەڵک زیاتر کۆبکرێتەوە لەوەی یەك یەك خەڵك پەرودە بکەیت. بەڵام چۆن بۆ کۆکردنەوە ئاسانە بە هەمان شێوە بۆ لەناوبردنیش ئاسانە ئێمە ئەبینین لە کاتێکدا کۆمار کەوتە ناو تەنگاویەوە سوپای کۆماری کوردستان بەشێکی زۆری شەڕی نەکرد، چونکە دەوڵەتیش بەهەمان شێوەی پێشەنگانی کۆمار کەوتە پەیوەندی کردن لەگەڵ سەرۆك خێڵ و سەرکردەکانی سوپا بەشێك لە سەرکردەکانی سوپا و سەرۆك خێڵەکان ئیدی لەگەڵ ئەو پەیوەندییەی کە دەوڵەت لەگەڵیاندا دروستی کرد ڕازی بوون بەوەی کە  خۆیان لە کۆمار بکێشنەوە و جارێکی تر بگەڕێنەوە بەرەی دەوڵەت و ئیتر ڕووبەڕووی سوپای دەوڵەتی ئێران نەبنەوە ئەمەش بووە خاڵێکی لاوازی تری کۆماری کوردستان. واتە لە ڕووی خوێندنەوەی کات، لە ڕووی سیاسی، جەماوەر، سەربازی لە ڕێبازدا کەموکورتی هەبوو ئەمانە بوونە هۆکاری ئەوەی کە کۆماری کوردستان لەسەر بناغەیەکی لاوازدا دروست ببێت، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هیوای پێشەنگانی کۆماری کوردستان بە هێزی ڕووسیا زۆر بوو بۆ ئەوەی کە بیانپارێزێت. واتە لە ڕادەبەدەر پشتی خۆیان بە ڕووسیا بەستبوو. وەك باسیشمان کرد دوابەدوای ڕێکەوتنەکەی لەگەڵ دەوڵەتی ئێراندا ئیتر ئامادە نەبوو کۆماری کوردستان و ئازەربایجان بیپارێزێت و هەر لە مانگەکانی ٥ و ٦ ی ئەو ساڵەدا هێزەکانی کشاندەوە، دوابەدوای ئەوەش بەشێك لە هێزەکانی سوپای کۆماری کوردستان بەرەکانیان بەجێهێشت و خۆیان ڕادەستی دەوڵەت کرد، یان گەڕانەوە ودانیشتن. بەم ڕەنگە سوپای کۆماری کوردستانیش لاواز بوو. لە ڕووی مەعنەویات و جەماوەرییەوە لاواز بوو ئەمەش بوو بە هۆکار کە لەبەرامبەر ئەو هێرشانەی هەبوون نەتوانێت بەرگری بکات. ئەمانە بوونە هۆکاری ئەوەی کە کۆماری مەهاباد لەماوەیەکی کورتدا سەرەڕای دەساکەوتی گرنگ و هیوای گرنگ، سەرەڕای خەباتی ڕۆشنبیری و وێژەی و پەروردەیی.... کە خەباتی گرنگ بوون، بەڵام لاوازییەکان بوونە هۆکاری ئەوەی کە کۆمار نەتوانێت بەردەوامی بە ژیانی خۆی بدات و لە ماوەێكی کورتدا کۆتایی پێبێت''.

''دەبێت سوود و وانە لە ئەزموونەکانی کۆماری کوردستان وەربگرین''

شەهید دیار غەریب لەبارەی ئەزموون وەرگرتن و سود وەرگرتن لە ئەزمونەکەی کۆماری کوردستان دەڵێت: ''لە کۆماری کوردستان هەم لە ڕووی ئەزموونی باشەوە بۆ ئەمڕۆ دەتوانین سودی لێببینین و بێگومان لە ڕووی کەموکورتیشەوە... کۆمار بێ کەموکورتی نەبوو یاخود هۆکارەکانی بەردەوامی و سەرنەکەوتنی دەتوانن بۆ ئەمڕۆی گەلی کورد ببنە ئەزموون و سودیان لێوە وەربگرین. ئەو دەسکەوتانەی کە لە بواری خزمەت لە هەموو بوارەکاندا کراون بواری گرنگن بۆ ئەمڕۆ هەر هێزێکی کورد لەهەر ناوچەیەك و بەشێکی کوردستان بێت دەتوانێت لەم بابەتانەدا سود وەربگرێت. ئەو هۆکارانەی کە بوونە هۆی ئەوەی کۆمار تەمەنی کورت بێت و نەتوانێت لەبەرامبەر هێرشەکاندا خۆڕاگری بکات و سەرکەوتوو بێت بێگومان ئەمانەش بۆ هەموو هێزێکی ئازادیخواز گرنگن کە ئامانجی سەرکەوتن بێت، گرنگە شرۆڤەی لەسەر بکات. بە تێڕوانینی من ئەوەندەی کە لێکۆڵینەوەم لەسەر کۆماری کوردستان کردووە ئەگەر بێت و بەراوردی بکەین بە ئەمڕۆ کۆمەڵێك خاڵ هەن لە بواری بونیادی کۆمەڵایەتی، جەماوەری، سەربازی و سیاسی ئەتوانین دەستنیشانی بکەین کە هۆکارن بۆ ئەوەی کە کۆمار نەیتوانی بە تەواویەتی بەرخۆدان بکات و  ئەوەی کردیشی سەرکەوتوو نەبوو. ئەگەر ئێمە بتوانین ئەمە چارەسەر بکەین ئەوا من پێم واییە لە ئەمڕۆدا ئەو دەساکەوتانەی کە لە بەشەکانی تری کوردستاندا بەدەستهێنراون دەتوانرێت بپارێزرێن و بەرەوپێشەوەشی ببەین''.

''دەبێت لێکۆڵینەوەکانمان واقیعیانە بێت، بۆ ڕووداوە مێژووییەکان''

شەهید دیار غەریب  لە کۆتایی ئەم بەشەی وتەکانیدا بایەخ دەدات بە گرنگیی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوە مێژووییەکان و ڕوولە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات و دەڵێت: ''پێم باشە لە کاتێکدا کە ئێمە یادی کۆماری کوردستان دەکەیەنەوە گرنگی بەم بابەتانە بدەین کە بە ڕای من پێوسیت دەکات ئەکادیمییەکان، زانکۆکان، کۆلێژەکان بابەتی تایبەتی لەسەر بنووسن و یاخود لێکۆڵینەوەی تایبەتی لەسەر ئەنجامبدەن، چونکە ئەمە کێشەیەکی ئێمەیە لە ڕووی بواری لێکۆڵینەوەدا کە لەسەر ڕووداوە مێژووییەکانمان ئێمە تاوەکو ئێستا یاخود  لایەن نەرینیەکانی زیاتر ئەدەینە پێش یان لایەنە ئەرێنیەکانی بە شێوەێكی واقیعی، بابەتیانە، زانستیانە لێکۆڵینەوەیان لەسەر ناکەین یان ئەگەر بیشیکەین کەم دەیکەین. بەداخەوە کە ئەمە خاڵی لاوازی ئێمەیە، هیوادارم کە ئەم بابەتە زیاتر بەرەوە پێشەوە بچێت''.

''سوێند بەخوا من سەرکەوتم''

بە گرنگمان زانی کە بەشێك لە نامەکەی پێشەوا قازی محەمەدیش لێرەدا بخەینە ڕوو کە  قازی محەمەد کە لە کۆتایی تەمەنیدا نووسیویەتی و وەك خۆی دەڵێت، بانگەوازە بۆ گەلی کورد کە ناوەڕۆکی نامەکە بەم شێوەییە: ''بەناوی خوای گەورە و دلۆڤان ئەی گەلی کورد شتێکتان لە گەلانی دونیا کەم نییە. بەڵکو دلێری و بوێریتان لە بەشێک لەم گەلانەی کە گەیشتونەتە ئازادی زیاتریشە. ئەوانیش کە ئێستا لە دەستی دوژمن ڕزگار بوونە ڕۆژانێك لە نموونەی ئێوە بوون. بەڵام ئەوان بوون بە یەك و گەیشتنە ئازادی، لەمەوبەدوا ئیتر لەدەستی یەکتر شت نەگرن و نەبن بە دوژمنی یەکتر بۆ ئەوەی ئێوەش لەشێوەی گەلانی جیهان بگەنە ئازادی خۆتان. ئەگەر لەبەرامبەر یەکتردا دوژمنایەتی نەکەن ئەوا دەتوانن ئازادی بخەنە دەستی خۆتان.

برادەران

ئیتر بە فێڵ و یاریەکانی دوژمن هەڵمەخەڵەتێن، دوژمنی کورد لە کام نەژاد و نەتەوە بێت دیسانەوە دوژمنە. ئەوان بێ ڕووحم و بێ ویژدانن، دڵیان بە هیچ کوردێك ناسوتێت. کوردان بەدەستی یەک دەکوژێت، هیچ دوژمنێك وەك دوژمنی کوردان بێ ویژدان و لە خودا نەترس نییە. هەموو کردەوەیەکی نا دادی و نا مرۆڤانە لەبەرامبەر کوردان ڕەوا دەبینێت، لە قوڵایی مێژووە لە دژی کوردان بوون و بەکینە  و ئێستاش بەردەوامن. هیچ کاتێك لەگەڵ کوردان ڕاست و ڕەوان نەبوونە. هەر کاتێك کە بەڵێن و پەیمانیان داوە بۆ هەڵخەڵەتاندن بووە. من وەك برایەکی بچووکتان بۆ ئێوە ئەوە دەڵێم: ''بۆ خاتری خودا پشتی یەکتر بگرن، هەر کاتێك دوژمن ویستی باشەتان لەگەڵ بکات باش بزانن کە دەیەوێت ژەهرتان دەرخوارد بدات؛ ئەگەر هەزار جاریش بە قورئان سوێند بخۆن ئەوا دیسانەوە دەیانەوێت ئێوە هەڵخەڵەتێنن''. من لە کۆتایی ژیانمدا  ڕینمایتان دەکەم و دەڵێم لەیادتان نەچێت کە من بۆ بەختەوەریی ئێوە چی لەدەستم هات درێغیم نەکرد، دیسان پێتان دەڵێم کە بە قسەی دوژمن هەڵمەخەڵەتێن. چونکە بڕوایان بە خوا، پێغەمبەر و ڕۆژی حەشر نییە. دەبێت ئێوە لە کوشتنی من، براکەم و  کوڕە مامەکەم نەترسن؛ دەبێت زۆر کەس لەم ڕێگایەدا شەهید ببێت تا دەگاتە ئاواتی خۆی. باوەڕم کە دوای منیش کەسانێکی تریش بکوژرێن. لەم بڕوایەدام کە زۆر کەسی تریش بکەوێتە داوی ئەوان، بەڵام با کوشتنی من ببێتە وانەێك بۆ هەموان. لە خودا هاوکاری داوا بکەن. دەبێت کە ئێوە پرسیارم لێبکەن و بڵێن:'' تۆ بۆ چی سەرنەکەوتی؟ لە وەڵامدا من دەڵێم:'' بەخودا سوێند دەخۆم کە من سەرکەوتووم. چ شتێك لەوە باشتر و هێژاترە، کە مرۆڤێك لە ڕێگای گەلەکەیدا سەر و ماڵ و گیانی فیدا بکات. هەمیشە دەمویست کە مردم لەبەردەم خودا، پێغەمبەر، گەلەکەمدا ڕووسپی بم ئەمە بۆ من سەرکەوتن و  پیرۆزییە''.

''نموونەی ڕۆژئاوای کوردستان کە وەڵامی کۆماری کوردستانە  دەبێت زیاتر پێشبخرێت''

شەهید دیار غەریب باس لە ئاڵۆزیی ناوچەکە  لە ئێستادا و بەرژەوەندی دەوڵەتان دەکات کە چۆن دەیانەوێت کوردان بەکاربهێنن و دەڵێت: ''ئەمڕۆ لە دونیادا ئاڵۆزیێك هەیە ئێمە دەبینین هەر هێزێك دەیەوێت بە گوێرەی بەرژەوەندیی خۆی نزیکی بابەتی کورد ببێتەوە هەر هێزێك دەیەوێت کورد بخاتە ناو چوارچێوەی ئەجێندای خۆیەوە. هەر هێزێك دەیەوێت چ کاتێك ئەوان ویستیان کورد هەنگاو بنێت و تاوەکو ئەوان نەیانەوێت کورد بۆ هیچ شتێك هەنگاو نەنێت و کورد لە جێگای خۆیدا دابنیشێت بێگومان کاری بەم ڕەنگە زیانی بۆ ئایندەی کورد و بۆ دۆزی کورد دەبێت پێویستە ئێمە بەم شێوەییە هەڵسوکەوت نەکەین. گرنگە ئێمە بارودۆخی ئێستا باش بخوینینەوە هەڵوێستی لایەنەکان ئەو هێزانەی کە  لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا لەسەر ناوچەکەدا کاریگەریان هەیە باش ئەجێنداکانیان بناسین و بتوانین مامەڵەێکی سەربەخۆیانە و ئازادانەیان لەگەڵدا بکەین و خۆمان نەخەینە ناو ئەجێندای هیچ هێزێکی سیاسیەوە، چاوەڕوانیمان لە هیچ هێزێك نەبێت کە بمانپارێزێت، بۆ دۆستایەتیی هەموو هێزێك ئەوانەی کە ئامادەبن ماف و  ئازادی گەلی کورد قبوڵ بکەن ئێمە ئامادەی دۆستیایەتین، بەڵام ئێمە ئامادەی ئەوە نەبین کە ببینە بەشێك لە ئەجێندای هیچ هێز و دەوڵەتێك، ئەمە رەنگە لەم چوارچێوەی دۆستایەتیەدا کە ماف و  ئازادی یەکتر قبوڵ بکەین ئێمەی ئامادەین لەگەڵ ئەو لایەن، نەتەوە تێکۆشان و  خەباتی هاوبەش بکەین و هەوڵ بدەین بەیەکەوە مۆدێلی هاوبەش دروست بکەین. ئەوەی ئەمڕۆ پەکەکە یاخود کەجەکە یان کۆمەڵێك هێزی شۆڕشگێڕ لە کوردستان و ناوچەکەدا ئەیکەن بۆ ئەمەیە، نموونەی ڕۆژئاوای کوردستان نمونەێکی گرنگە، ئێمە ئەگەر ببینین هێزە پێشەنگەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بە هەموو نەتەوە و لایەنەکانیەوە بەیەکەوە هەنگاو دەنێن و خۆیان نەکردووە بە بەشێک لە ئەجێندای هێزێك. ئەو پڕۆژانەی کە دایدەنێن هەندێ جاریش ئەم هێزانە زۆر لەگەڵیاندا نین؛ یاخو دەڵێن کاتی نییەن بەڵام لەبەر ئەوەی  تاوەکو  ئێستا بەشێوەێکی ڕێکوپێک و لە کاتی خۆیدا  بە پشتبەستن بە خۆیان و بە جەماوەری خۆیان هەنگاویان ناوە. ئێمە دەبینین ڕۆژ بە ڕۆژ هەنگاوەکانیان بەرەوە پێشدەچێت، بە تێڕوانینی ئێمە دەتوانرێت ئەو مۆدێلەی ڕۆژئاوای کوردستان پێشتر بخرێت، سەقامگیرتر بکرێت و بکرێتە مۆدێلێك بۆ هەموو کوردستان و بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئەمە من پێم وایە وەڵامێك دەبێت بۆ پڕۆژە و ئەزموونی کۆماری کوردستان یاخود مرۆڤ دەتوانێت بڵێت کە وانە وەرگرتنێك دەبێت لە ئەزموونی کۆماری کوردستان''.

''هیوا و ئاواتی پێشەوا قازی پێکدەهێنین''

شەهید دیار غەریب لە کۆتایی وتەکانیدا بەم شێوەیە دەڵێت: ''هاوکات ئێمە لە بواری ڕێکخستنی، جەماوەی گرنگە کە پشت بە جەماوەی زەحمەتکێشی گەلان ببەستین ئەوەی کە ئێستاش لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە و کەمێکیش بێت هەنگاوی بۆ دەنرێت پێمواییە ئەمەییە، نموونەی باکوری کوردستان کە هێزی یەکگرتووی گەلان دروست بووە هەمان واتایە، لە باشوری کوردستانیش  من پێم واییە کە هێزە کوردستانیەکان پێویستە پشت بەمە ببەستن. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا پێویست دەکات کە وابێت واتە هێزە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئازادیخوازانی ئێراندا بتوانن هاوپەیمانی بکەن و بەیەکەوە بە پڕۆژەی هاوبەش بۆ دیموکراتیزە کردنی ئێران و چاکسازی لە بارودۆخی سیاسی، ئابووری، بەڕێوەبەری، کۆمەڵایەتی ئێراندا  بکەن هەنگاو بنێن، ئەگەر ئەم شتانە بکرێن پێم وایە ئێمە دەتوانین بڵێین وانە و ئەزموونمان لە کۆماری کوردستان و کوردستان و ناوچەکەدا وەرگرتووە وە ئێمە دەتوانین وەك ئەنجام هەم کوردستان و هەم ناوچەکەش بەرەوە کەناری ئارام ببەین، سیستمێکی دیمومکراتیك لەم ناوچەیەدا بونیاد بنێن، لەم بڕوایەدام ئەمە دەبێتە وەڵام بۆ ئەو هیوا  و ئاواتەی کە پێشەوا قازی محەمەد دەبەنە سەر پەتی سێدارە و دەڵێت: ڕۆڵەکانی ئێمە، دوای ئێمە بەردەوامی ئەدەن بەم خەباتە من دڵنیام لەوەی کە ئەم تیکۆشانە هەر بەرەوە پێشەوە ئەچێت و سەردەکەوێت، ڕاستە ئێوە ئێمەتان لەناو برد و لەناومان ئەبەن؛ بەڵام گەلی کورد لەناو ناچێت و تێکۆشانی ئازادی لەناوناچێت لە کۆتای و دەرئەنجامدا هەرد دەگات بە ئەنجامی خۆی''؛ من پێم وایە ئەگەر کارێکی لەم شێوەیی بکەین ئەوا دەتوانین بینە ئەو هیواو و دوا ئاواتانەی پێشەوا قازی محەمەد و سەرجەم شەهیدانی کوردستان و ئازادیخوازانی دونیا بووە پێکبهێنین''.

ژ.ت