دەوڵەتى تورک دواى بڕینی ئاوی خواردنەوە کارەبای تلتەمریشی بڕی

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر هێرشی کردە سەر گوندی ئوم کێف لە تلتەمر و تۆڕی کارەبای ناوچەکەى کردە ئامانج.

رژێمى تورکی داگیرکەر شەوی رابردوو بە تۆپخانەکانى هێرشی کردە سەر گوندی ئوم کێف و ئەمجارە لە بۆردومانەکەیدا وێستگەى کارەبا و تۆڕی کارەبای ناوچەکەى کردە ئامانج و بەو هۆیەوە کارەبای تلتەمر بڕا.

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر رۆژی ٢ی نیسان هێرشی کردبووە سەر هەمان گوند و لەو هێرەشەیدا تۆڕی ئاوی کردبووە ئامانج و بۆریی گواستنەوەى ئاوی خواردنەوەى ناوچەکەى تەقاندبووە. ئەو بۆرییە ئاوی خواردنەوەى حەسەکە، شەدادی و تلتەمری دابین دەکرد.

رژێمی تورکی داگیرکەر وێستگەى دابەشکردنی ئاوی ناوچەکەی لە گوندی عەلۆک لە نزیک سەرێکانی، کە ئەو ناوچانە لەلایەن دەوڵەتى تورکو چەتەکانییەوە داگیرکراوە، لەکار خستوە و ئاوی خواردنەوەی ئەو وێستگەیە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتى بەرێوەبەریی خۆسەر بڕیوە.

سندوقی هاوکاریی منداڵانی نەتەوە یەکگرتوەکان (يونيسێف - Unicef) لەبارەى بڕینی ئاوی خواردنەوەى ناوچەکان خۆبەڕیوەریی رۆژئاوا وتبوی، بڕینی ئاو زۆرترین زیان بە منداڵان و ژنان دەگەیەنێت و مەترسییەکی گەورەشە بۆ سەر دانیشتوانى ناوچەکە و ئەوەشی وتبوو "بڕینی ئاو قبوڵ ناکرێت".

ژ.ت