سلێمانی: بە پێشانگایەک پێشوازی لە ڕۆژی جیهانی فۆتۆگڕافی کرد

لە ڕۆژی جیهانی فۆتۆگرافیدا ناوەندی هەفت ڕەنگە لە سلێمانی پێشانگایەکی بۆ ١٠٠ فۆتۆگرافەری چواربەشی کوردستان کردەوە.

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی فۆتۆگرافی ناوەندی هەفت ڕەنگە لە هۆڵی ئەمنە سورەکەی شاری سلێمانی یەکەمین ڤیستیڤاڵی فۆتۆگڕافی لەسەرئاستی هەرچوار پارچەی کوردستان بۆ ١٠٠ فۆتۆگڕافەر کردەوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و شێوەکاران ئامادەبون لە پێشانگاکەدا.

دکتۆر ڕێبوار سەعید کە هونەرمەندی شێوەکارە یەک لەو ئامادەبوانە بو و سەبارەت بە ئاستی فۆتۆگرافەر لە باشوری کوردستاندا وتی: ئەم پێشانگایە پێکهاتوە لە کۆمەڵێک ئەزمونی فۆتۆگڕافەری جیاواز کە هەر یەکە و بەپێی ئەزمونی خۆی چەند کارێکی نمایش کردوە، ئەزمونەکان جیاوازە، لەناو ئەم کارانەدا بەر هەندێک چیرۆک دەکەویت کە واتادارن بۆیە من ئەمرۆ چێژم بینی و باوەڕم وایە ئەمە سەرەتایەکی باش بێت بۆ کاری فۆتۆگرافی.

هەڵۆ جەباری بە وێنەیەک بەشداری لە پێشانگاکەدا کردوە و سەبارەت بە کردنەوەی پێشەنگایەکی لەو جۆرە وتی: گرینگیەکی تایبەتی هەیە چونکە ئاشنایەتی یاخود تێکەڵبونی فۆتۆگرافەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان دروست دەکات وەک دەبینن بە خۆشحاڵیەوە کلتوری ڕۆژهەڵات باشور باکور ڕۆژئاوا لەم هۆڵەدا کۆبۆتەوە، هیوادارین ئەم جۆرە ڤیستیڤاڵە کە ئەمساڵ یەکەم ساڵێتی بەردەوام بێت و زیاتر گرینگی پێ بدرێت.

هەروەها هیرمان عەبدوڵای شێوەکار وتی: من ئەمڕۆ چێژم وەرگرت لەم پێشانگایە، جوانی کلتوری کوردی لەم پێشانگایە ڕانگی داوەتەوە بە گشتی فۆتۆگرافەرەکان ئاستێکی باشیان هەیە.

ک-ش