قادر وسوو: ئێمە باوەڕمان بە حکومەتی هەرێم نییە کە بمانپارێزێت

قادر وسوو موختاری گوندی شارۆش سەر بە بناری قەندیل رایگەیاند، هیچ باوەڕیان بە هەرێمی کوردستان نەماوە، کە بیانپارێزێت، لە کاتێکدا هەموو حزبەکانی باشور لەو ناوچەیە گەشەیان کردوە.

لە بەردەوامیی بەسەرکردنەوەی گوندەکانی بناری قەندیل و بە تایبەتی ئەو گوندانەی زەرەر و زیانیان بە هۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیاوە بەرکەوتوە، قادر وسوو موختاری گوندی شارۆش دەربارەی بێدەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا و بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ی ڕاگەیاند: "ئەوەندەی لە بیرم بێت زۆربەی حزبەکان لێرە لە دایکبوون و لێرە گەورە بوون، بەڵام بەداخەوە هیچیان بۆ ئێرە نەکرد. خەڵکی ئێرە بەتانیی لەسەر منداڵی خۆی هەڵگرتوە و بەخشیویەتی بە پێشمەرگە، بەڵام کاتێک ئەوان چونەوە بۆ شار و دەسەڵاتیان کەوتە دەست، ئێمەیان لەبیر کرد بە ئاستێک لە کورتەکەوە بۆ ئێرە ٢٠ کیلۆ مەترە هەر حزبی یەک کیلۆمەتری بەر ئەکەوێ بۆمان قیرتاو بکات بەڵام نایکەن".

لە بارەی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە قادر وسوو باسی ئەوەیکرد، کە ٧ بۆ هەشت ساڵە گوندەکەیان لەژێر ڕەحمەتی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیایە و تاکو ئێستا چەندین ماڵی کردووەتە ئامانج. هەروەها وتیشی: "ساڵی پار ٣ کەس لە خزمانی خۆمان لە ئاشوڵکە و لە کورتەک فڕۆکە جەنگییەکان بۆردومانی کردن، ٣ کەسمان شەهید بوو و چواریش بریندار بوو. ئەوان کەسانی مەدەنی بوون و سەیارەیەکی مەدەنیان پێبوو، تاوانی ئەوان تەنها کورد بوون بوو".

سەبارەت بەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستکاریی کەیسی شەهیدان وم بۆردومانکراوەکان دەکات و هیچ حیسابێک بۆ خەڵکی ناوچەکە ناکات قادر وسوو ڕایگەیاند: "کاتێک ئەو کەسانەمان شەهید بوون حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنانەت بە کاغەزێکیش ناڕەزایەتی دەرنەبڕی، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ هەڵوێستێکی نەبوو بەرامبەر بەو هەموو بۆردومان و داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیا. تورکیا بە قوڵایی ٤٠ کیلۆ مەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا حکومەتی هەرێم هیچ هەڵوێستێکی نەبوە، بەڵام حکومەتی بەغداد لەو مەترسییانە تێگەشتوە و تا ئاستێک بە نوێنەرایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەڵوێستیان هەبووە لەو بارەیەوە. ئەوەی من تێبینیم کردبێت حکومەتی هەرێم لە پێناو بەرژەوەندیی ئابووریدا میلەتی خۆی و هاووڵاتییانی خۆی پێشکەش بە دەوڵەتێک کردووە کە بە خوێنی کورد تینووە".

دەربارەی ژیانیان لە گوندەکاندا و خەڵکی ناوچەکە بە گشتی قادر وسوو ئاماژەى بەوەکرد، ژیانیان بەردەوام لە مەترسیدایە و هەمومان فیداییانە لێرە دەژین، ڕوحی خۆمان لێرە داناوە و نازانین کەی لێمان دەدات. هەروەها وتیشی: "کاتێک تورکیا بۆردومان دەکات جیاوازی ناکات، بە دەیان ڕەز و باخمان بۆردومان کراوە، مام ڕەسوڵ خەڵکی گوندەکەمانە و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ٨٠ سەر مەڕی ئەویان بۆردومان کرد. تورکیا تەنها بیانوی پەکەکەیە ئەگینا تورکیا دەستی لە کەس نەپاراستوە، من و پەکەکە بۆ تورکیا هەمان کەسین، هەردوکمان هەر کوردین، تورکیا ئامانجی تەنها کوردە".

قادر وسوو لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایە دەوڵەتی تورکیا لێرە هێرشی زەمینی بکات بڕوایان بە کام لایەن هەیە بیانپارێزێت ڕایگەیاند: "ئێمە بڕوامان بە حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە بمانپارێزێت، بەڵام باوەڕی تەواومان بە گریلاکانی پەکەکە هەیە کە ئێمە بپارێزێت و تاکو ئێستایش گەریلاکانی پەکەکە ئێمەیان پاراستوە".

لە کۆتایشدا وەک وەڵامێک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کە دەڵێت بوونی پەکەکە نا شەرعیە لە خاکی کوردستان، قادر وسوو وتی: "کوردستان دابەش نەکراوە، کوردستان موڵکی هەموو کوردێکە کە تیایدا بژی، هەر کوردێکیش بێت پارێزگاری لە کوردستان بکات ئێمە سوپاسی دەکەین و لەگەڵ ئەوین".

ژ.ت