پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ژێر چەتری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دا حیزب و لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان سەردانی نوێنەرایەتیی هەدەپەیان کرد لە شاری هەولێر و دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانی باکوری کوردستانیان لەلایەن دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپەەوە شەرمەزار کرد و پشتگیریی خۆیان بۆ هەدەپە دوپات کردوە.
حیزب و لایەنە سیاسییەکان لە دوای سەردانەکەیان لێدوانێکی هاوبەشیان بۆ ڕای گشتی خوێندەوە و سەرەڕای شەرمەزارکردنی هێرشەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە بۆسەر شارەوانییەکانی هەدەپە لە باکوری کوردستان، لە لێدوانەکەیاندا ئاماژەیان بەوە کرد: کە ئەردۆغان و دەسەڵاتە فاشیستییەکەی تووشی هێستریایە بووە بە بیستنی ناوی کورد و کوردستان.
هەروەها لە بەشێکی تری لێدوانەکەدا داوایان کردووە: پێوستە بە گیانی یەکێتیی نەتەوەیی هەموومان یەک دەنگ و یەک هەڵویست بین دژی کردەوە نا دیموکراتی و دڕندانەکانی تورکیا لە پەلاماردانی سەرۆک شارەوانییەکان و پەرلەمانتاران و چالاکوانانی باکوری کوردستان و خەڵکی سڤیل.
هەر لە لێدوانی لایەنە سیاسییەکان دا سەرنجیش ڕاکیشرایە سەر داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان و وتیان: بەرپرسیارێتیی ڕووبەرو بوونەوەی داگیرکەریی تورکیا لە باشوور دەکەوێتە ئەستۆی تاک بە تاکمان بە گشتی و بەتایبەتیش حیزب و لایەنە سیاسییەکان و بە تایبەتریش ئەو حزب و لایەنە سیاسییانەی کە لە دەسەڵاتدان، چونکە ستراتیژیی ئەردۆغان سڕینەوەی هەموومانە و سڕینەوەی کورد و کوردستانە لە هەموو بەشەکانی کوردستان دا.
هەروەها موزەیەن گیونەش هاوسەرۆکی نوێنەرایەتیی هەدەپە لە باشووری کوردستان بۆ راگەیاندنەکان قسەی کرد و وێڕای سوپاسی بۆ پشتگیریی حیزب و لایەنە سیاسییەکان ئاماژەی بەوەدا: ئەردۆغان هێرش دەکاتە سەر هەموو کەسێک ئەگەر وەک خۆی بیرنەکاتەوە، هێرش بۆ سەر شارەوانییەکان پرۆسەی دیموکراسی و دەنگدان لە تورکیا دەخاتە ژێر پرسیارەوە و کە کەس باوەڕی بە هەڵبژاردن نامێنێت.
هەروەها وتی: بەڕێز ئۆجالان لە دوایین دیداریدا بانگەوازی بۆ ئاشتی کردووە و وتیشی، با دەوڵەتی تورکیاش ئەرکی خۆی بەجێبهێنێت، بەلام ئەردۆغان نەک ئەرکی خۆی بەجێنەهێنا، بەڵکو ئەوەشی هەبوو تێکیدا و پڕۆسەی دیموکراسیی لە ناوبرد و دەستی بەسەر ئەو شارەوانیانەدا گرت، کە بە دەنگی گەل هەڵبژێردراون.
ژ.ت