لە ئیدلب تۆڵەى عەفرین دەکرێتەوە؛ ٥ چەتە کوژران

شەڕڤانانی ژوورى توڕەیى زەیتون لە ناوچەى ئەتمەى ئیدلب چالاکییەکیان لە دژى چەتەکانى دەوڵەتى تورکیا ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا ٥ چەتەى فەیلەقی شام کوژران و ٦ چەتەى تریش برینداربوون و عەمبارى چەک و تەقەمەنییەکانیشیان تەقێنرایەوە.

ژووری چالاکییەکانى توڕەیى زەیتون راگەیاندراوێکى لەبارەى چالاکیى شەڕڤانان لە ئیدلب بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، هێزەکانیان رۆژی ١٦ى تەمووز لە دژى چەتەکانى فەیلەقى شام لە ناوچەى ئەتمەى پارێزگاى ئیدلب چالاکییەکیان ئەنجامداوە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووشە، لە ئەنجامى چالاکییەکەدا عەمبارێکى چەک و تەقەمەنی و کارگەیەکى بۆیاخ تەقێنرایەوە و ٥ چەتە کوژران و ٦ چەتەى تریش برینداربوون و زیانێکى زۆرى ماددیش بە چەتەکان گەیشتووە.

"ئەوانەى دەستیان لە داگیرکردنى عەفریندا هەبووە دەبێت بە قورسی باجەکەى بدەن"

لە راگەیاندراوەکەى ژوورى توڕەیى زەیتوندا ئەوەش خراوەتەڕوو "جەخت لەوە دەکەینەوە، هەر کەسێک دەستى لە داگیرکردنى عەفریندا هەبوو بێت، ئەوا دەبێت بە قورسی باجەکەى بدات. دەوڵەتى تورکی داگیرکەر ناتوانێت ئەوانە بپارێزێت و پێویستە لە عەفرین بچنە دەرەوە".

ژوورى توڕەیى زەیتون ئەوەشى راگەیاندووە "تاوەکو گەلی عەفرین لە ئاوارەیدا بێت رێگا نادەین یەک چەتە بە ئاسوودەیى سەر بێنێتەوە. ئێمە لە هەموو ئەو شوێنانەین کە زوڵم و زۆرداریى سوپاى تورکیاى داگیرکەر و چەتەکانی لە دژى گەلی عەفرین بەڕێوەدەچێت و لەوێ گورزیان لێدەدەین".

ژوورى توڕەیى زەیتون راشیگەیاندووە "لەبەر ئەوەش بەڵێن دەدەین هەر کەسێک دەستى لە داگیرکردنى عەفریندا بوو بێت و ماڵ و موڵکى هاووڵاتییان و گەلی عەفرینى تاڵانکردبێت و سوکایەتیى بە گەلەکەمان کردبێت، ئەوا دەبێت بەقورسى باجەکەى بدات. هەروەها ئێمە بەڵێن دەدەین، ئەوەى بەڕێوەیە قورسترە، عەفرین چاوەڕێ بکە تۆڵە تۆڵەى تۆیە".

 

ر.م