لە ئێران تەقینەوەیەکى تر روویدا

ئەم بەیانییە لە کارگەیەک لە باشووری شاری تارانی پایتەختی ئێران تەقینەوەیەک روویدا. دەوترێت بەهۆی ئەو تەقینەوەیەوە ٢ کەس گیانیان لە دەستداوە و چەندین کەسیش بریندار بوون.

بەپێی میدیاکانى ئێران، تەقینەوەکە لە شارۆچکەى پیشەسازیی باقر شەهر روویداوە، کە دەکەوێتە ٥٠ کیلۆمەتریی باشووری تارانی پایتەختی ئێران.

تاوەکو ئێستا بەرپرسان لەبارەى تەقینەوەکەوە هیچ لێدوانێکیان نەداوە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان لەو تەقینەوەیەدا ٢ کەس کوژراون و چەندین کەسی تریش بریندار بوون. تاوەکو ئێستا هۆکاری روودانی ئەو تەقینەوەیە بە تەواوەتی روون نەکراوەتەوە و تەنها باس لە تەقینەوەى بتڵی ئۆکسیجن دەکرێت.

لە ماوەى ٢ هەفتەى رابردوودا بەلانیکەمەوە ٢ تەقینەوەی تر لە تارانی پایتەختی ئێران روویانداوە. یەکێکیان تەقینەوەیەک بوو لە رۆژهەڵاتی تاران و لە نزیک ناوەندى سەربازیی پارچین، کە پارچین یەکێکە لە ناوەندە گەورە سەربازی و مووشەکییەکانى ئێران و لە راپۆرتەکانى ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا ناوی هاتووە. هەروەها تەقینەوەیەکى تر لە ناوەندی پزیشکیی سینا ئەتهەر لە ناوەڕاستی تاران روویدا، کە بەلانیکەمەوە ١٩ کوژراو و ٣٤ برینداری لێکەوتبووە.

هەروەها رۆژی پێنجەشەممەى رابردوو تەقینەوەیەکیش لە وێستگەى ئەتۆمیی نەتەنز لە پارێزگای ئیسفەهان لە ناوەڕاستی ئێران روویدابوو و زیانێکى زۆری لێکەوتبووە. وێستگەى ئەتۆمی نەتەنز کاری پیتاندنی یۆرانیومی تیادا دەکرێت.

 زۆرێک لە سەرچاوەکان ئیسرائیل بە بەرپرسیاری تەقینەوەکانى ئەمدواییەى ناو ئێران دەزانن.

ژ.ت