لە دانیمارک و سوید کاردانەوە لە دژی دەزگای (سیتا - SETA)ی سیخوڕیى ئاکەپە

دوای ئەوەی ئاشکرابوو دامەزراوەی (سیتا - SETA)ی سەر بە ئاکەپە دەستیکردووە بە چاودێریکردنى رێکخراوە کوردییەکان و ئەو سیاستەمەدارانەی پشتیوانی لە کورد دەکەن و دواتر دەکرێنە ئامانج، رێکخراوەکانى کۆمەڵگەی مەدەنیی دانمارک و سوید کاردانەوە و هەڵوێستیان نیشان دا.

 

دوای ئەوەی چاودێریکردن و بە ئامانجگرتنی کورد و ئەو سیاسەتمەدارانەی پشتیوانی لە کورد دەکەن، لە لایەن دەزگایەکی سیخوڕیى ئاکەپەوە بە ناوی دامەزراوەى توێژینەوەى سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی (سیتا - SETA) ئاشکرا بوو، دەزگاى زانیاری و ئاسایشی ناوخۆی دانیمارک (PET) ئەو کەسانەی ئاگادار کردەوە.

ئاگادارکردنەوەى دەزگای زانیاری و ئاسایشی ناوخۆی دانیمارک (PET) لە دێرینترین و گەورەترین ڕۆژنامەی دانیمارک بەناوی بێرلینگ سکی تیدنینگ (Berlingske Tidende) و رۆژنامەیەکی سویدی بەناوی ئیکس پرێسن (Expressen)، بابەتەکەیان کردە ڕۆژەڤ و بابەتیان لەسەر بڵاوکردەوە. ڕۆژنامەکان گوێیان لە سیاسەتمەدار و پسپۆر و بەرپرسان گرت و سەرنجیان ڕاکێشایە سەر مەترسیی چاودێریکردن و بە ئامانجگرتنی کەسایەتییەکان لەلایەن دەزگای سیخوڕیى سیتای ئاکەپە و دەوڵەتى تورکەوە.

دەزگای سیخوڕیى دەوڵەتى تورک بە ناوی دامەزاروەی توێژینەوەی سیاسەت، ئابووری و کۆمەڵایەتی (سیتا - SETA) لە ڕاپۆڕتێکی ٦٦٦ لاپەڕەیدا بە ناونیشانی "ژێرخانى پەکەکە لە ئەوروپا" رێکخراوە کوردییەکان لە ئەوروپا، بەڕێوەبەرەکانیان، نوێنەرانی رێکخراوەکان، ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی کۆمەڵگەی مەدەنی، کە پشتیوانی لە کورد دەکەن بە ناو و وێنەکانیانەوە لە راپۆرتەکەدا بڵاوکراوەتەوە و کراونەتە ئامانج.

یەکەمین کاردانەوە لە دانیمارک لەلایەن دەزگای زانیاری و ئاسایشی ناوخۆی دانیمارک (PET) بوو. ئەو دەزگایەی دانیمارک، کە بە دەزگاى هەواڵگریى دانیمارکیش دەناسرێت هۆشداریی داوەتە ٩ کەس، کە لە ڕاپۆرتەکەدا کرابوونە ئامانج. هەر یەک لە پیا ئۆڵسن دیهر سەرۆکی پارتی گەلی سۆسیالیست، پیرنیلە سکیپێر سەرۆکی لیستی یەکگرتووی سەوزە سورەکان (Enhedslisten) و جاکۆب مارک سکرتێری گشتی، ئوفە ئیلبیک سەرۆکی پارتی ئەڵتەرناتیڤ و هۆڵگر نیلسن وەزیری پێشووی دەرەوەی دانیمارک-یان لە ناودایە.

لە راپۆرتەکەى دەزگا سیخوڕییەکەى سیتای ئاکەپەوە لەبارەی ئەو کەسانە و حزبەکانیانەوە "ئەو حیزب و سیاسەتمەدارانە پشتیوانی لە کۆمەڵە، ئۆرگان و دەزگاکانى پەکەکە دەکەن."

ئاسلان: مەترسی لەسەر ژیانم هەیە

لارس ئاسلان راسموسن پەرلەمانتاری پارتی سۆسیال دیموکرات بە رۆژنامە دانیمارکییەکەى راگەیاندووە، اپۆرتەکە ئەنجامی کارێکی بەرنامە بۆ دانراو و سیستماتیکە. راشیگەیاندووە : "من دان بەوەدا دەنێم، کە بەهۆی ڕاپۆرتەکەوە مەترسی لەسەر ژیانم هەیە. ئەگەر بچمە تورکیا، چیم بەسەردێت، نازانم."

'هێزەکانی ڕژێم دەیانەوێت گوشار دروست بکەن'

ئەڤ فلیڤیهۆڵم وتەبێژی سیاسی کاروباری دەرەوەی لیستی یەکگرتووی سەوز و سوور، کە ناوی لە ڕاپۆرتەکەی (سیتا - SETA) هاتووە و کراوەتە ئامانج رایگەیاندووە: "ڕاپۆرتەکە نیشان دەدات کە هێزە تاریکەکان لە تورکیا، لەسەر هەر ڕەخنەیەکی دژی ڕژێم هەوڵ دەدەن گوشار دروست بکەن."

ئوفە ئیلبیک سەرۆکی پارتی ئەلتەرناتیڤ وتی: "ئەو دۆخە نیشانەیە ئەوەیە، کە کێشەی کورد لە تورکیاوە گواستراوەتەوە بۆ دانیمارکیش."

مارتین لیندگار سەرۆکى شاندی کاروباری دەرەوەی پارتی چەپی ڕادیکاڵ-یش لەو بارەیەوە وتی، بابەتەکە دەکەنە ڕۆژەڤ و داوا دەکەن حکومەت ڕوونکردنەوە بدات.

پرۆفیسۆر پیتر ڤیگۆ جاکۆبسن پسپوڕی ئەکادیمیای بەرگری و سیاسەتى ئەمنی لەوبارەیەوە رایگەیاند، ئەگەر دەزگای زانیاری و ئاسایشی ناوخۆی دانیمارک (PET) پەیوەندیی بە سیاسەتمەدارەکانەوە کردبێت و ئاگاداری کردبنەوە، ئەوە نیشانەی ئەوەیە بە شێوەیەکی لەسەر بابەتەکە رادەوەستن.

حکومەتی تورک وەک هەمیشە نکۆڵی دەکات

بەرپرسانی حکومەتی تورک بۆ رۆژنامەی بێرلینگ سکی قسەیان کردووە و وتویانە، حکومەتی تورکیا هیچ پەیوەندییەکی بە (سیتا – SETA)ەوە نییە.  وتوشیانە: "ئەو ڕاپۆرتە لەلایەن دامەزراوەی ستراتیژیی سەربەخۆی (سیتا – SETA)ەوە ئامادە کراوە و هیچ پەیوەندییەکی بە حکومەتەوە نییە و نیگەرانیی حکومەتی ئێمە نیشان نادات. بەرپرسانی تورک لەبارەی بابەتی ڕاپۆرتەکەوە لەگەڵ بەرپرسانی دانیمارک لە دانووستان دان."

سیسیلیا ستۆکهۆلم بانکە پسپۆری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان وتی: "بەڕێوەبەرانی تورک لەسەر هەڵوێستی سیاسەتمەدارانی ئەوروپی بەرامبەر بە کێشەی کورد و پەکەکە زۆر هەستیارن."

رۆژنامەی سویدی ئیکس پرێسن-یش بابەتەکەی کردووەتە ڕۆژەڤ و لە رۆژنامەکەدا بڵاوکراوەتەوە، پیتر هولکڤیست وەزیری بەرگری و جۆناس سۆتێد سەرۆکى پارتی چەپ، ئامینە کاکە باوە پەرلەمانتاری پارتی چەپ و مالین یۆرک ئەندامى پەرلمانى ئەوروپا لەگەڵ چەندین سیاسەتمەداری تری سوید ناویان لە ناو راپۆرتەکەدا هاتووە و کراونەتە ئامانج.

بە ئاسانى خەڵک تاوانبار دەکەن

جۆناس سۆتێد سەرۆکی پارتی چەپ لە راپۆرتەکدا کراوەتە ئامانج و لەسەر هەژمارەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویکردووەتەوە وتی: "بۆ ئەوەی مرۆڤ تاوانبار بکرێت و بە ئاسانی ئەو تاوانانەى بخرێتە پاڵ، هەر  ئەوندە بەسە کەسێک باسی مافی کورد بکات، کەسێک لە دژی هێرشی تورکیا بۆسەر عەفرین بوەستێتەوە، یان پشتیوانی لە پارتی چەپی تورکیا بکات. لە تورکیا چەندین کەس بەو تۆمەتە بێ بنەمایانە سزای قورسیان بەسەردا سەپێنراوە".

سەرۆکی پارتی چەپ ئەوەشی وتوە، ئەو دانوستانانە، کە لە نێوان پەکەکە و تورکیا کە هەڵپەسێردراون دەبێت دەست پێبکەنەوە و داوای ئەوەشیکرد کە پەکەکە لەناو لیستی تیرۆر دەربهێنرێت.

ژ.ت