لە سلێمانی بۆ پشتیوانی لە بانگەوازەکەی کۆدار کوردانی ڕۆژهەڵات ڕێپێوانیان ئەنجامدا

کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری سلێمانی بۆ پشتیوانیکرد لە هەڵمەتەکەی کۆدار و پژاک لە دژی داگیرکاریی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە دروشمی “بەڵێ بۆ دیموکراسی، نا بۆ سێدارە” ڕیپێوانێکیان ئەنجامدا.

ئێوارەی ئەمڕۆ بە پێشەنگایەتی چالاکوانانی سیاسی ڕۆژهەڵات و ژنانی چالاکوانی سیاسی ڕۆژهەڵات لە باشوری کوردستان، کوردانی ڕۆژهەڵات لە باشوری کوردستان بۆ پشتیوانیکردن لە بانگەوازیی هاوبەشی کۆمەڵگای دیموکراتی و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک، بەدروشمی “بەڵێ بۆ دیموکراسی، نا بۆ سێدارە” ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا.

ڕێپێوانەکە بە وتنەوەی دروشمەکانی” چیتان دەوێ کوردەکان، ئازادی بۆ ڕێبەرمان” و ” ئەی کۆماری سێدارە دەستهەڵگرە لەم کارە” و ” بەڵێ بۆ دیموکراسی، نا بۆ سێدارە” و بەرزکردنەوەی وێنەی شەهیدانی ڕۆژهەڵات و ئاڵای کۆدار و پەژاک، لە بەردەم باخی گشتی شاری سلێمانییەوە دەستی پێکرد تا شەقامی سەهۆڵەکە بەدرەوام بوو.

لە ڕێپێوانەکەدا نوێنەرایەتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەشێک لە هاوڵاتییانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بۆ پشتیوانیکردن و ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردان ڕۆژهەڵات بەشدارییان کرد و ژنان پێشەنگی ڕێپێوانەکە بوون.

لە کۆتایی ڕێپێوانەکەشیاندا لە شەقامی سەهۆڵەکە گردبوونەوە و چەند بەیاننامەیەکیان خوێندەوە.

سەرەتا بەختیار مەریوان، لەسەر ناوی چالاکوانانی سیاسی ڕۆژهەڵات لە باشوری کوردستان بەیاننامەیەکی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو: ئێمە وەک کوردانی ڕۆژهەڵات کە بەهۆ سیاسەتی سەرکوتکەرانە و زەوت کردنی مافی ژیانی و سیاسیمان و گرتن و ئەشکەنجە پەنابەری باشوری وڵات بووین، تێکۆشانی بێ وچان لەبەرامبەر سیاسەتی قێزەونی کۆماری سێدارە دەکەین و هەوڵدەدەین ئەو سیستمەی کە پێکەوەژیانی گەلان ناناسێت هەڵبوەشێنرێتەوە.

ئەوەش هاتبوو تێیدا: بۆ لەناوبردنی هێزی دەسەڵات و داگیرکەر لەسەر خاکی کوردستان، گەڕانەوەی کوردانی پەنابەر بۆسەر زێدی خۆیان و ئازادی ڕێبەر ئۆجالان بە دروشمی نابۆ ‘سێدارە بەڵی بۆ دیموکراسی، بۆ پێکهێنانی دیموکراسی و کوردستانێکی ئازاد’ پشتیوانی خۆمان لە بانگەوازییەکەی کۆدار، پژاک و کەجەرە ڕادەگەیەنین و تا دوایین سات بەشداریی تێکۆشان دەبین، بانگەوازیی لە گەلانیش دەکەین کە بەشداریی ئەم هەڵمەتە ببن.

دواتر بێریتان جوانڕۆ، لەسەر ناوی ژنانی چالاکوانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانی خۆیان بۆ هەڵمەتەکە ڕاگەیاند کە تێیدا هاتبوو: داوا لە ژنان دەکەین کە هێزی خۆیان یەکبخەن و ڕووبەڕووی نایەکسانی، قڕکردنی ژنان، داگیرکاریی، هێزی دەسەڵاتخواز، سیستمی پیاوسالاریی و ئەشکەنجە و لە سێدارەدان ببنەوە، وەکو ژنانی ڕۆژهەڵات پشتیوانی خۆمان لەو هەڵمەتە دەکەین لە پێناو کۆتاییهێنان بە سێدارە و داگیرکاریی و دیموکراسی و ئازادی ژنان.

ف.ق