لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی شەهیداندا: ئەمریکاو روسیاو ناتۆ بەرپرسیارن لە کردەوەکانی دەوڵەتی تورک

لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی ٥ شەهیدی بەرخۆدانی شکۆدا راوێژکاری بەرێوەبەرایەتی خۆسەری جزیر قسەی کردوو جەختی کردەوە کە ئەمریکاو روسیا و ناتۆ بەرپرسیارن لە کردەوەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کە لە باکور و رۆژهەڵتی سوریا ئەنجامی دەدات.

بە هەزاران هاوڵاتیانی ناوچەی دێرکی سەر بە هەرێمی جزیرو دەوروبەری لە بەردەم نەخۆشخانەی هۆگر جەنازەی هەر یەک لە ئایشە عەبدواللە (ئاگری) و حاجی شمشەک (ئاگری عادل) و سەیفواللە دیرا (زنار کانی ڕەش) و ساڵح ئازکا (جاهید) و محمد ئەحمەد (شەڤگەر تۆڵهڵدان)  کە لە ئەنجامی بەرخۆدانی شکۆدا بەرامبەر بە سوپای تورک و هێزەداگیرکەرەکانیان شەهید بوون، وەرگرت و بە کاروانێکی فراوانی جەماوەری بەرە گۆڕستانی شەهید خەبات-ی ناوچەی دێرک بەڕیکەوتن.

مەراسیمی بەخاکسپاردنی شەهیدان بە دەقەیەک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد و دواتر دیلبەر یوسف راوێژکاری بەرێوەبەرایەتی خۆسەری هەڕێمی جزیر وتەیەکی پێشکێش کردوو سەرەتا سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵەی شەهیدان و گەلی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و هەسەدە کرد.

یوسف لە چوارچێوەی قسەکانی دا باسی لە بەرگری هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک لە خاک و نشتیمانیان کرد و وتی: "سەرەڕای ئەوەی هەسەدە بە پێی رێکەوتنی ئاگربەست دەجۆڵێتەوە و مافی پاراستنی رەوا لە وڵامدانەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکرە و چەتەکانیدا بەکار دەهێنێت، بەڵام دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بە پێی رێکەوتنەکە ناجۆڵێنەوەو رۆژانە ناوچە ئارام و مەدەنیەکان تۆپباران و بۆردومان دەکەن و هێرش دەکەنە سەر خەڵکی مەدەنی."

دیلبەر یوسف هەورها جەختی کردەوە کە ئەمریکا و روسیا و ناتۆ بەرپرسن لەو کردەوانەی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا روو دەدەن، وەکو گۆڕینی دیمۆگرافی و ئاوارەکردنی گەلانی ناوچەکە و هەورها جێگیرکردنی گروپە چەتەکان لەو ناوچانەی دەوڵەتی تورک داگیری دەکات.

لە چوراچێوەی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە داگیرکەرییەکانی رژێمی ئەردۆغان، دیلبەر یوسف راوێژکاری بەرێوەبەرایەتی خۆسەری هەڕێمی جزیر پەیامێکی ئاڕاستەی گشت رێکخستنە مرۆییەکان و دەوڵەتە پەیوەندیدارەکان، بە تایبەت روسیا و ئەمریکا کرد کە رێکەوتنی ئاگربەستیان ئیمزا کردووە و وتی:" بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە، کردەوە خۆکوژییکانی گروپە تیرۆرستیەکانیش لە شار و شارۆچکەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا زیادی کردووە و بەم هۆیەوە لە جاران زیاتر هێرشی تیرۆرستی ئەنجام دەدرێن."

دوای تەواوبوونی قسەکان تەرمی شەهیدان بە وتنەوەی دروشم و بە رێزەوە بە خاک سپێردران.

ز.ش