نامەیەکی سەرئاوەڵا بۆ نێچیرڤان بارزانی

مەسعود هاشم بەرزنجی نووسەری باشووری کوردستان نامەیەکی سەرئاوەڵای بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نارد و تێیایدا هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر ڕۆژئاوا کوردستان ڕەخنە کرد.

زۆر بەڕێز جەنابی نێچیرڤان ئیدریس بارزانی،

 سڵاو و ڕێز،

 مانگی ڕابووردو گەلی کورد بە گشتی تووشی دڵەڕاوکێ و نائومێدییەکی زۆر بوو، ئەویش کاتێ خەڵکی رۆژئاوا بەگشتی بە کورد و غەیر کوردەوە لە ئەنجامی بڕیارێکی تاکڕۆیانەی سەرۆک ترامپ لە پشتەوە خنجەری لێدراو و سەرئەنجام تووشی ھەڕەشەو ھێرشی سوپا و چەتەکانی بندەستی تورکیا بوونەوە، و سەدان خەڵکی سڤیل شەھید و بریندار و سەدان ھەزار خەڵک ئاوارە بوون. بەڵام بە ھۆی پشتیوانی سیاسەتمەدارانی ئەمەریکا و ئەوروپا و دونیای عەرەبی سەدان ھەزار کەسایەتی و خەڵکانی  بەویژدان، سەری سەرۆک ترامپ و ئەردغانێش لە بەردی دا. ئەوە یەکەم جارە کە بەم شێوەیە زیاتر لە نیوەی دونیا ھاتە دەنگ و ھەموو کوردستانیش بوو بە ڕۆژئاوا، ئەویش نەک بۆ حیزبێکی دیاریکراو، بەڵکوو بۆ پارێزگاری لە کەرامەتی نەتەوەیەکی ژێر دەست، ھەر بۆیە دروشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" لە کوردستان و ھەموو دونیادا بە دەنگی بەرز دەگووترا، لەوانەیە تەنیا بەر گوێی جەنابت نەکەوتووبێت.

 بەڕێز، منداڵی ناو بێشکەش ئەمڕۆ لە کوردستان دەزانێت کە دژایەتی دەسەڵاتدارانی تورکیا و ئەردۆغان لە گەڵ ناخی کورد بووندایە، لە گەڵ ئەو ئاڵایەدایە کە لە کاتی سەردانی جەنابت بۆ تورکیا لە پشتی سەرت نایبینت. ئایا جێگای سەرسوڕمان نییە، کە بەڕێزتان بڵێن کە "تورکیا موشکلی لەگەڵ کورددا نییە"؟ نۆرەم بدە ئەم گووتەی جەنابت وەک سەرچاوە و بنەما بە کار بێنم. ڕژێمی بەعسیش موشکیلەی لەگەڵ گەلی کورد نەبوو، بەڵکو لەگەڵ ئێوە چەکدارانی شاخدا بوو. چونکە ھەر ئەو کات پێشمەرگەکانی پارتی و یەکێتی بە پێنج ھەزار نەدەگەیشتن، و ژمارەی جاشەکانی بەعس کە ئێستا ھەندێکیان مەعاشیان لای بەڕێزتانە و لە پێشمەرگەش زۆرترە، زیاتر لە پەنجا ھەزار کەس دەبوون. وەڵامت چی دەبێت لە بەرانبەر بە ٥٠ ھەزار جاشدا؟

ئایا چۆن بەڕێزتان بە ٥ ھەزار کەسەوە مەشروعییەت بە خۆت دەدەیت؟ ئێستاش ئەو بێڕێزیانەی کاتی ڕێفراندۆم کە ئەردوغان بە جەنابی کاک مەسعودی مامتی کرد، لە مێشکمدا قورسایی دەکات، نازانم ھەستی جەنابت بۆ ئەو ئیھانەتانە چۆن دەبێت. ئایا عەفرین و داگیرکاری و دەستدرێژی سوپای تورکیا لەو شارە دژ بە شەرەفی کورد بۆ بەڕێزتان بەس نابێت؟ ئایا بەڵگەی پارتی جەهەپە لە مەڕ ھاوکاری ئاکەپە بۆ داعش، بۆ جەنابتان بەس نابێت؟ ئایا بێڕێزی بە ئاڵای کوردستان و گەشتیارانی چاو بە گریانی باشوورت  بۆ بەس نابێت؟ ئایا داگیرکاری سەدان کیلۆمەتری باشووری کوردستان بۆ بەڕێزتان بەس نابێت؟ ئایا ھەناردەکردنی ھەزاران تەن خۆراکی نەخۆشیندار بۆ گەلی باشوور و بە شێرپەنجەبردنیان بۆ جەنابت بەس نابێت؟ ئایا ھەڕەشەکان و ھۆشدارییەکانی تورکیا بۆ سەر کەرکووک، بۆ بەڕێزتان بەس نابێت؟ ئایا...

بە دڵنیاییەوە کە ئەو "گووتەی" جەنابت، پێناسەی باڵوێزی تورکیا بە جەنابت دەدات، نەک سەرۆکی ھەرێم، و دەنگی جەنابت تەنانەت نوێنەرایەتی بنەماڵەی بەڕێزی بارزانیش ناکات، ھەربۆیە جەنابت بە دەنگی خۆت دەست لەکارکێشانەوەی خۆتت وەک سەرۆکی ھەرێم واژۆ کردوە.

خۆزگە ئەم ھەواڵە تەنیا دەنگۆ بوایە و بەندە شەرمەزاری خۆم بۆ بە ھەڵە گەیشتنم  بە جەنابت پیشکەش بکردایە.

ف.ق