پارتی ٥ شاخی تری لە زاخۆ رادەستى دەوڵەتى تورک کرد

هاوکات لەگەڵ بەردەوامیى هێرشەکانى دەوڵەتى تورک بۆ داگیرکردنى باشووری کوردستان، پارتی دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) ٥ شاخی تری لە زاخۆ رادەستى سوپاى تورک کرد. چەند رۆژ لەوە پێشیش پارتی ٦ شاخی تری لە کانی ماسی رادەستى سوپای تورک کردبوو.

ئاژانسى هەواڵی رۆژ نیوز بڵاویکردەوە، هێزەکانى پێشمەرگە رۆژی ٢٢ی حوزەیرانى ٢٠١٩ / ١ی پووشپەڕ ٥ شاخیان لە ناوچەى زاخۆ بۆ سوپای تورک چۆڵکردووە و ئەو شاخانەیان رادەستى ئەو سوپا داگیرکەرە کردووە.

یەکێک لەو شاخانە کە رادەستى سوپای تورک کراوە شاخی سەرزێرک-ە لە ناوچەى بادینان. ئەوەش لە کاتێکدایە ماوەى ٢٠ ساڵ بوو، کە بارەگاى پێشمەرگە لەو شاخەدا بوو. هاوکاتیش ناوەندی هەواڵگری و سیخوڕیى تورکیاشی تیادا. لە ئێستادا ئەو شاخە بە تەواوەتى رادەستى سوپای تورک کراوە.

شاخەکانى تریش کە لەلایەن پارتی دیموکراتى  کوردستان (پەدەکە)ەوە رادەستى سوپای تورک کراون بریتین لە: شاخی خەمگین لە بەرامبەر شاخی بارۆخ، شاخی کاسوس لە سەروی گوندەکانی گرکا و قورمی لە هەرێمى بەرواری، ٢ شاخ و خاڵی تریش لە نزیک تونێل لە چیای سپیی زاخۆ رادەستى سوپای تورک کراون.

لە ناوچەى تونێل لە شاخی سپی پێشتر سەربازانى تورک و کەلوپەلی سەربازیى سوپای تورک لەگەڵ پێشمەرگەدا پێکەوە بوون، بەڵام ئێستا پێشمەرگە ئەو شوێنانەى بە تەواوی بۆ سوپای تورک  چۆڵکردووە و رادەستى ئەو سوپا داگیرکەرەى کردوون.

ئاماژە بەوەشکراوە، دانیشتوانى ئەو ناوچانە ناڕەزایەتییان لە دژی رادەستکردنى ئەو ناوچانە بە سوپای تورک دەربڕیوە و رایانگەیاندووە، سوپای تورک ماوەى ٢١ ساڵە لە ناوچەى بادیناندایە.

 راشیانگەیاندووە "حکومەتى هەرێمى کوردستان تەنها بە ناو بوونی هەیە، جگە لە ناوەکەى، هەموو شتەکانى تر لە دەستى تورکەکاندایە".

لە کانی ماسی ٦ شاخی تر رادەستى دەوڵەتى تورک کراون

پارتی دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) لە رۆژی ٢١ی حوزەیرانی ٢٠١٩ / ٣١ی جۆزەردان و لە کاتى سەردانەکەى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ ئەنقەرە، گرنگترین وستراتیژیترین شاخ و خاڵی ناوچەى کانی ماسی-یان رادەستى سوپای تورک کردبوو.

لەو رۆژەدا و هاوکات لەگەڵ سەردانەکى نێچیرڤان بارزانى بۆ ئەنقەرە، بە گشتی ٦ شاخی ناوچەى کانی ماسی رادەستى سوپای تورک کران، کە شاخەکانى دلمان و بارۆخ-یان لە ناودایە.

دواى رۆژێک لە چۆڵکردنى ئەو شاخانە لەلایەن پێشمەرگەکانى پەدەکەوە، سوپای تورک بە چەند قافڵەیەک چوونە ئەو شاخانە و خۆیان تیادا جێگیرکرد.

ر.م