پسپۆرێکی دەزگای هەواڵگری ئەلمانیا هەواڵێکی ANFی لەبارەی میتەوە پشتڕاست کردەوە

ئەریچ چمیدس-ئەنبۆم پسپۆری دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیا لێکۆڵینەوەی لەسەر وتەی ئەرهان پەکچەکین و ئایدن گونەی هەر دوو بەرپرسی میتی تورکیا کرد و رایگەیاند، 'ئەو زانیاریانە راستن'. ئەو دوو بەرپرسەی دەزگای میت، لە بارەی کۆمەڵکوژیەکەی پارسەوە زانیاریان دابوو.

شەوی رابردوو لە بەرنامەی زوومی تەلەفیزیونی ZDFی ئەلمانیادا، بە بەرفراوانی باس لە کاروچالاکیەکانی میتی تورکیا لە وڵاتی ئەلمانیا کرا. لە بەرنامەکەدا باس لەوە کرا کە، لە ئەلمانیا ٨ هەزار کەس کار بۆ میتی تورکیا دەکەن و لە چوارچێوەی پشتیوانی لە کاروچالاکیەکانی دەزگای هەواڵگری تورکیا- میت دا، ٩٠٠ مزگەوتی سەر بە 'کاروباری ئایینی بۆ یەکێتی ئیسلامی تورکیا – DITIB' رۆڵێکی گرنگ دەبینن.

'مەلاکان دژ بە کەسانی ئۆپۆزسیون زانیاری کۆدەکەنەوە'

لەو بەرنامەیەدا باس لەوە کرا کە، لەو مزگەوتانە مەلا تورکەکان لە دژی کەسانی ئوپوزیسیونی رژێمی ئەردۆغان زانیاری دەدەن بە نوێنەرایەتی و کۆنسولخانەکانی تورکیا و لە ساڵی ٢٠١٧دا بە هۆی کاری سیخوریکردن لە دژی چەندین مەلای تورک لێپرسینەوە دەستی پێکردبوو، بەڵام دوای ماوەیەک ئەو پەڕاوانە داخران.

هاوکات لە بەرنامەی زوومی تەلەفیزیۆنی ZDF دا باس لە پلانی کوشتنی هایکۆ بەغداک کرا و ئاماژە بەوەشکرا کە، بە هۆی زانیاریی ئەندامێکی دەزگای هەواڵگری میت، لە هەرێمی NRW سکاڵا لە دژی تورگوت ئۆکار ئەندام پەرلەمانی پێشووی هەدەپە تۆمار کرا.  

ئاڵمانیا خۆی لە بەرامبەر میت بێدەنگ کردووە

لەو بەرنامەیەدا هاوکات باس لەوەش کرا کە لە دژی چەندین چالاکوانی وەکو ئۆکەر و ئەو کەسانەی لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان رەخنە لە رژێمی ئەردۆغان دەگرن، لە ئەنجامی کاروچالاکیەکانی میت لە ئەلمانیا، لە تورکیا سکاڵا تۆمار کراوە و سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە.

ئەو سیاسەتمەدار و پسپورانەی لەو بەرنامە تەلەفیزیۆنیەدا قسەیان کرد، جەختیان کردەوە کە، دەوڵەتی تورکیا لەسەر هاوڵاتیانی ئەلمانیا زانیاری کۆدەکاتەوە کە ئەمەش لە خۆیدا تاوانە.

ئەریچ چمیدس-ئەنبۆم پسپۆری دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیا کە لە راپۆرتێکدا بۆ بەنامەکە قسەی کرد، رایگەیاند، میتی تورکی لە ئەلمانیا یەکێکە لە بەهێزترین دەزگا هەواڵگریەکان و لەم چوارچێوەیەشدا رەخنەی لە بێدەنگیی حکومەتی فیدراڵی ئەلمانیا گرت بەرامبەر بەو دەزگا هەواڵگریە.

ئەریچ چمیدس-ئەنبۆم دەڵێت، تیرۆرکردنی ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز کە لە ٩ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠١٣ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، کاری میتی تورکیا بوو.

'هەنگاوەکانی فەرمانی تیرۆرەکە و زانیاریەکان جێگەی باوەڕن'

ئەو پسپۆرەی دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیا باسی لە وتەی هەر یەک لە ئەرهان پەکچەکین و ئایدن گونەی هەر دوو بەرپرسی میتی تورکیا کرد کە لە ٤ی ئابی ساڵی ٢٠١٧ لە باشوری کوردستان لە ئەنجامی ئۆپڕاسیۆنێکی تایبەتی پەکەکە دا دەستگیر کران. وتەی ئەو دوو ئەندامەی میت، لە چوارچێوەی راپۆرتێکی تایبەتی ئاژانسی هەواڵی فورات – ANF دا بڵاو کرابوونەوە.

ئەریچ چمیدس-ئەنبۆم پلان و هەنگاوەکان بۆ فەرمانی تیرۆرکردنەکە و زانیاریەکان لە بارەی رووداوەکەوە، جێی باوەڕن و جەختیشی کردەوە کە دەزگای هەواڵگیری فەرەنسا و دەزگا ئەمنیەکانی، زانیاری پشتڕاستکراوی ئەوەیان داوەتە داواکاری گشتی فەرەنسا کە فەرمانی تیرۆرکردنی ئەو سێ ژنە سیاسەتمەدارە لە لایەن خودی ئەردۆغانەوە دراوە و ئەم زانیاریەش خراوەتە ناو دۆسیەی لێپرسینەوەکەدا. ئەریچ چمیدس-ئەنبۆم راشیدەگەیێنێت، بۆ ئەوەی رووداوێکی وەک رووداوەکەی فەرەنسا روونەدات، حکومەتی فیدرالی ئەلمانیا هۆشداری داوەتە ئەنقەرە و پێی وتووە 'سنووری خۆت بزانە'.

ئەو دوو بەرپرسەی میتی تورکیا ئاشکرای دەکەن، تکتی هاتووچۆی نێوان تورکیا و فەرەنسا بۆ عومەر گونەی بکوژەکەی کومەڵکوژی پاریس، لە لایەن کۆمپانیایەکی کەشتیاریی سەر بە میت ئامادە دەکرا. بە پێی دانپێدانەکان کە ئاژانسی هەواڵی فورات بڵاوی کردبووەوە، زنجیرەی پلانەکە کە ئاشکرا بوو، بەم شێوەیە یە؛ ئوغور کائان ئایک سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری رەگەزی و جیاکردنەوەی دەرەوەی وڵات، ئوغوز یورەت بەڕێوەبەری بەشی ئۆپڕاسیۆنەکە، ئایهان ئوران ئەندامی بەشی ئۆپڕاسیۆنەکە و شەهابەدین ئاسال پلاندارێژەری تیرۆرکردن و کۆمەڵکوژیەکە.

شایەنی باسە ٩ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠١٣ لە ناوەڕاستی پاریسدا و لە ئۆفیسی ئینفۆرماسیۆنی کوردستان سێ ژنی نەبەز لە لایەن دەزگای سیخوڕیی دەوڵەتی تورکیا-(میت)وە تیرۆر کران. ساکینە جانسز (سارا) یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە و سیاتوانێکی ژیر و تێکۆشەر. فیدان دۆغان (رۆژبین) بەرپرسیاری کاری دەرەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە پاریس و لەیلا شایلەمەز ( روناهی) تێکۆشەری گەنج لە بزاڤی ئازادی کوردستاندا. سێ شۆڕشگێڕی دۆزی کوردستان، سێ خەباتگێڕی چالاکی بزووتنەوەی ژنانی کوردستان، سێ ژن کە هەموو تەمەنی خۆیان کردە قوربانی دۆزی کوردستان. سێ ژن کە بە بیروباوەڕو کردار نمونەی گیانفیدایی دۆزی کوردستانن.

ز.ش