پەدەکە بە درێژایی سنوری ڕۆژئاوا ٤٠ بارەگای سەربازی دروست کردووە

پەدەکە بە درێژایی سنوری باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان ٤٠ بارەگای سەربازی دروست کردووە و چەک و کەلوپەلی سەربازی تێیایاندا جێگیر کردووە.

ئاژانسی هاوار نیوز ڕایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) چەکی قوڕسی لەنزیک دەروازەی سنوری پیشخابوور لەبەرانبەر دەروازەی سێمالکا جێگیر کردووە و دەستی بە دروستکردنی بارەگای سەربازی کردووە.

ئەو هەنگاوەش لە کاتێکدایە کە سوپای داگیرکەری تورک هێرشەکانی بۆسەر باشووری کوردستان بە تایبەتی هەرێمی حەفتانین چڕ کردووە.

بەپێی سەرچاوەکان، پەدەکە تا ئێستا نزیکەی ٤٠ بارەگای سەربازی بە درێژایی سنوری باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دروست کردووە و چەکی قوڕسی لە بارەگاکان جێگیر کردووە.

لە سێگۆشەگی سنوری (باکوور، باشوور و ڕۆژئاوا) ٣ بارەگای سەربازی دروستکراون. هەروەها جموجووڵی سەربازی گواستنەوەی چەکی قوڕس بۆ سنوری نێوان باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بینراوە.

ئەو سیاسەتەی کە پەدەکە لەسەر سنوری نێوان باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بەرێوەی دەبات، چاولێکەری سیاسەتی دەولەتی داگیرکەری تورکە کە دیوار و خەندەق لەنێوان ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان دروست دەکات.

ف.ق