پەیەدە: عەفرین ئازاد دەکرێت!

ئەنجومەنی گشتی پارتی یەکێتی دیمۆکراتیک-پەیەدە لە دووهەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، بەیاننامەیەکی بلاو کردەوەو رایگەیاند، عەفرین ئازاد دەکرێت و هاوڵاتییانیشی دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ٢٠ی کانونی دووهەمی ٢٠١٨ دەستی بە هێرشی داگیرکردنی عەفرین کردبوو، دواجاریش لە مانگی ئازاردا شارەکەی داگیر کرد.

ئەنجومەنی گشتی پارتی یەکێتی دیمۆکراتیک-پەیەدە لە ساڵیادی دەستپێکردنی هێرشەکانی سوپا تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بۆ سەر عەفرین، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

لە بەیاننامەکەی پەیەدەدا هاتووە:

"لە ٢٠/٠١/٢٠١٨ فاشیزمی تورک بە پێی رێکەوتنێکی زلهێزەکانی جیهان دەستی بە هێرشی سەر عەفرین کرد و تەنها بژاردەی هاوڵاتییانی عەفرینیش لە دژی ئەو هەنگاوە پاراستنی پرۆژەکەیان بوو. هاوکات لە دژی هێرشە دڕندانەکان کە بە چەکی ناتۆ ئەنجام دران، خۆڕاگری سەردەم بەڕێوە چوو. دوژمن هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانی کە دژی بە ئامانج گرتنی خەڵکی مەدەنییە، پێشل کرد و لە ئەنجامدا بە هەزاران هاوڵاتی شەهید و بریندار بوون و زیاتر لە ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی عەفرینیش لە زێدی باو و باپیرانیان ئاوارە بوون.

فاشیزمی تورک و چەتەکانی لە دژی ئەو هاوڵاتییانەی ماڵ و موڵکیان بەجێ نەهێشت، پلانی رفاندن، تاڵانکردن، هەڕەشەی کۆچبەرکردن بە زۆرەملێ و دواتر جێگیرکردنی چەتە و کەسوکارییان، جێبەجێ کرد. جگە لەوەش سامی سەرعەرز و شوێنەرەکانیان بە تاڵان برد و دزییان و ماڵی هاوڵاتییانیان سووتاند. تا ئێستاش ئەم بنپێکردنانە بە زیهنییەتی هێزە زلهێزەکانی پەیوەندیدار بە بارودۆخی سوریاوە، بەردەوامە. لە لایەکی دیکەشەوە فاشیزمی تورک ناهێڵێت هیچ دەزگایەکی راگەیاندن یان رێکخستنێکی مرۆیی سەربەخۆ دەرباسی عەفرین ببێت، بۆ ئەوەی بنپێکاریی و تاوانەکانی ئاشکرا نەکرێن. هەروەها فاشیزمی تورک و چەتەکانی هێرش دەکەنە سەر ئاوارەکانی ناوچەی شەهبا. کۆمەڵکوژییەکەی تل رفعەتیش سەلمێنەری تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانییەتی لە دژی خەڵکی مەدەنی، بە تایبەت منداڵان.

بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا خۆڕاگریی هاوڵاتییانی عەفرین بەردەوامە و رۆژەکان دەژمێرن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

عەفرین، برینی ناو دڵی گشت کورد، سوری و هەموو مرۆڤە خاوەن شکۆکانە کە خیانەت و هێرشی پێ قبوڵ ناکرێت. هاوکات برینی ناو دڵی هەموو پارێزەرانی نرخی مرۆڤایەتی و ئەخلاتییە و پێویستە هاوڵاتییانی عەفرین بگەڕێنەوە سەر ئەو خاکەو ببێتە ناوچەیەکی ئارام بۆ دانیشتووانی.

ئێمە وەک ئەنجومەنی گشتی پەیەدە باش دەزانین کە هێرش و داگیرکردنی عەفرین یەکەم هەنگاوی داگیرکردنی سەرتاسەری باکوری سوریا یە بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافی و لەگەڵ ئەوەشدا داگیرکردنی گرێ سپی و سەرێکانیش دەستی پێکرد. تا ئێستاش فاشیزمی تورک بەردەوامە لە سیاسەتەکانیدا بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی میساقی میللی. بۆیەش ئەمە پلانێکە لە دژی سەرتاسەری کوردستان پەیرەو دەکرێت و پێویستە هەموو هێزە کوردییەکان و کوردستانییەکان لە بەرامبەر ئەم سیاسەتە یەک بگرن و ببن بە یەک. هاوکات پارتەکەشمان پێشەنگ دەبێت لە خۆڕاگریی لە دژی داگیرکەری تا ئەو کاتەی خاکەکەمان کە لە لایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە داگیر کراوە، رزگار بکرێت.

دواجار عەفرینییەکان دەگەڕێنەوە سەر خاکەکەیان و رزگارکردنەکەشی دەبێتە سەرەتای هەڵوەشاندنی عوسمانیی نوێ."

ز.ش