ڤیدیۆى چالاکیى کوژرانی ٤٥ ئەندامی هێزە تایبەتەکانى تورکیا لە ئاگرى بڵاوکرایەوە

گەریلا تیڤى ڤیدیۆى چالاکیى گەریلاکانى هەپەگەی لە دژى هێزی تایبەتی یەکەی هەواڵگریى سوپاى تورکیا لە ناوچەى بازیدى ئاگری بڵاوکردەوە، کە ٤٥ ئەندامى ئەو هێزە تایبەتە هەواڵگرییەى تیایدا کوژرا.

ناوەندى راگەیاندن و چاپەمەنیى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) لەبارەى ئەو چالاکییەوە رایگەیاند "کاتژمێر ٠٧:٣٠ رۆژی ٢٠ى ئایاری ٢٠١٨ هێزەکانمان لە چوارچێوەى هەڵمەتى سەرکەوتوانەى شۆڕشگێڕیدا لە شارۆچکەى گیوربولاکی ناوچەى بازیدى پارێزگاى ئاگری لە دژى سوپاى تورکیاى داگیرکەر چالاکییەکی بەرفراوانیان ئەنجامدا".

هەپەگە راشیگەیاندووە "هێزەکانمان لە دواى دەستکەوتنى زانیاریى تایبەتى هەواڵگری، چاودێریى پاسێکى سوپاى تورکیایان کرد، کە یەکەى تایبەتى جەندەرمەى (JOH)ى تیادا بوو. بە ئیرادەیەکى بەهێز و بەپێداگرییەوە، ئەو پاسە کە یەکەى تایبەتەکەى تیادا بوو کرایە ئامانج. ئەوەندەى سەلمێنراوە لەو چالاکییەدا ٤٥ ئەندامى یەکەى تایبەتى ئەو هێزەى سوپاى تورکیا کوژراون".

 هەپەگە ئەوەشى خستووەتەڕوو "دواى چالاکییەکە سوپاى کۆمارى تورکیاى داگیرکەر بە ئۆتۆمبێلى زرێپۆش دەستێوەردانى لە شوێنى چالاکییەکەکردووە، بەڵام هێزەکانمان بەشێوەیەکى سەرکەوتوانە زرێپۆشەکانیش کردە ئامانج و لێیاندان و بەو هۆیەوە ناچار بە کشانەوە کران. هەروەها ٢ کۆپتەرى هێرشبەرى جۆرى ئاتاک کە دەیانویست لە ئاسمانەوە دەستوەردان لە شوێنى چالاکییەکە بکەن، کرانە ئامانجى هێزەکانمان و سەرکەوتوانە لە کۆپتەرەکانیان دا و بەهۆى پێکانیانەوە ناچاربوون بکشێنەوە. سوپاى کۆمارى تورکیاى داگیرکەر لە نیوەرۆەوە تاوەکو کاتژمێر ١٦:٠٠ی ئێوارە بە تۆپخانە و هاوەن دەستیکرد بە تۆپبارانکردنى ئەو ناوچەیە و دواتر سەربازە کوژراو و بریندارەکانیان بە کۆپتەر جۆرى سکورسکی و ئامبولانس گواستەوە. هەروەها پارچەکانى ئەو پاسەشیان کۆکردەوە و لەگەڵ خۆیان بردیان، کە پارچە پارچە بوو بوو".

 

ر.م