کچان و کورانی کەرکوک هەڵمەتێکی نەمام چاندنیان بەڕێوە برد

لەشاری کەرکوک لە لایەن کچان و کورانی گروپی هۆشیاری گەنجانەوە لەژێر دروشمی (بۆ داهاتوویەکی سەرکەتوو،یەکەم رێگا ژینگەیەکی پاکە)هەڵمەتێکی نەمام چاندنیان ئەنجامدا کە لە هەڵمەتەکدا ژمارەیەکی زۆر نەمام چێندران.

لای هەمووان ئاشکرایە کە شاری کەرکوک شارێکی پیشەسازی و گەرمە و رێژەی سەوزاییتیدا لە ٪٢کەمترە و لە هەمان کاتدا ساڵانەش پڵەکانی گەرما لەم شارە بە بەردەوامی بەرزتر دەبێتەوە و ساڵ لە دوای ساڵ شارەکە لەلایەنی ژینگەییەوە بەروە دۆخێکی مەترسیدار هەنگاو دەنێت.

پێش نیوەرۆی ئەمرۆش لە گەرەکی (حیسابات) لە شاری کەرکوک، بە دەستپێشخەری کچانی نێو گروپی هۆشیاری گەنجان، کچان و کورانی ئەو گروپە خۆبەخشانە هەڵمەتێکی نەمام چاندنیان دەستپێکرد کە لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا توانرا ژمارەیەکی زۆر نەمام بچێنن لە شاری کەرکوک.

شیراز فازل ئەندامێکی گروپی هۆشیاری گەنجان لە کەرکوک سەبارەت بەچالاکییەکەیان و ئامانج لە چالاکییەکە بەئاژنسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "ئێمە ئەمرۆ وەکو گروپی هۆشیاری گەنجان هەستاوین بە ئەنجامدانی چالاکییەکی ژینگەیی بە دروشمی (بۆ داهاتوویەکی سەرکەتوو، یەکەم رێگا ژینگەیەکی پاکە)، ئامانج لەم کارە بەرزکردنەوەی رێژەی سەوزایی و بەکلتور کردنی چاندنی نەمامە لە شاری کەرکوک، وە هەروەها دەمانەوێت بەم هەڵمەتەسیامایەکی جوان بدەین بە شارەکەمان."

هەروەها شێراز فازل سەبارەت بە چۆنیەتی چالاکییەکە بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: " ئەمرۆ توانیمان زیاتر لە ٥٠ نەمام بچێنین وە هەروەها رێنەمایی ژینگەیمان دابەش کرد بەسەرهاووڵاتیانی شاری کەرکوک بۆ ئەوەی هۆشیاری زیاتر لەلای هاووڵاتیان دروست ببێت بۆ پاراستنی ژینگەی شارەکە تا نەوەکانی داهاتوو زەرەمەند نەبن بەهۆی خراپی ژینگەی شارەکە."

سەبارەت بە چالاکییەکانیان شیراز فازل وتیشی: "ئێمە وەکو کچان و کورانی گروپی هۆشیاری گەنجان لە کەرکوک خۆبەخشانە ئەم هەڵمەتەمان لە ئەستۆی خۆمانگرتووە بۆ خزمەتکردنی زیاتری شاری کەرکوک،ماوەی چەند مانگێکەچەندین چالاکی جیاوازمان ئەنجامداوە بۆ خزمەتکردنی شاری کەرکوک، ئەمرۆش ئێمە زیاتر لە٥٠ نەمامان چاند وە لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین لە چالاکی جیاواز کە خزمەت بە تەواوی هاووڵاتیانی شارەکە بکات بەبێ جیاوازی کردن لەنێوان نەتەوەو پێکهاتەو ئاین چونکە کەرکوک شاری پێکەوەژایان و فرە کەلتورە."

لە کۆتایدا شیراز فازل وتی: " داواکارم لە هاووڵاتاینی شاری کەرکوک هاوکارمان بن لە پاراستنی ژینگەی کەرکوک چونکە پاراستنی ژینگە پاراستنی تەندروستی نەوەکانی داهاتووی شارەکەیە وەهەروەها سیمایەکی جوان بە شاری کەرکوک دەدات، بەداخەوە جێگای رەخنەیە کە ژینگەی کەرکوک لەلایەن شارەوانی کەرکوکەوە پشتگۆێ خراوە، وە داواکارین شارەوانی کەرکوک گرنگی زیاتر بە ژینگەی شارەکە بدات و کەمتەرخەم نەبێت لەجێبەجێ کردنی ئەرکەکانی."

ز.ش