کۆنگرەی هەدەپە بەردەوامە: چارەسەری ئۆجالانە

٤مین کۆنگرەی ئاسایی هەدەپە بەردەوامە. لە کۆنگرەکەدا پەیامی 'چارەسەری ئۆجالانە' درا. لە ٢٨ وڵات میوانان بەشداریان لە کۆنگرەکەدا کرد.

٤مین کۆنگرەی ئاسایی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەردەوامە.

سەدات شەنئۆغلۆ هاووتەبێژی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە) و بەدران ئوزتورک هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتیک (کەجەدە) قسەیان کرد.

شەنئۆغلۆ وتی، "ئەرکی ئێمە وەک ئەنجومەنی گەلان ئەوەیە گەڕەک بە گەڕەک، خوێندنگە بە خوێندنگە، گوند بە گوند ، ناوچە بە ناوچە و کارگە بە کارگە دروست بکەین.

ئوزتورک: کێشەکان بە ئۆجالان چارەسەر دەبن

ئوزتورک لە قسەکانیدا ڕایگەیاند، کیشەی کورد و کیشە سەرەکیەکانی تورکیا بە کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد چارەسەر دەبن و وتی، "بەڕێز ئۆجالان نە تەنها بۆ گەلی کورد، لە هەمانکاتدا بۆ گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش کەسایەتیەکی گرنگە. هێشتا ڕێگاکە نزیکە پێویستە دەست لە هەڵەکان هەڵگرن. ڕووسیا بۆ ئێوە نابێتە دەرمان. ئەمریکا نابێتە چارەسەری. تاکە ڕێگای چارەسەری بەڕێز ئۆجالانە."

پەیامی دەمیرتاش و یوکسەکداغ

فیگەن یوکسەکداغ و سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە پەیامیان بۆ کۆنگرەکە نارد.

یوکسەکداغ و دەمیرتاش لە پەیامەکانی خۆیاندا ڕایانگەیاند، 'ئێستا ئێمە لە زیندانداین، بەڵام دڵمان لای ئێوەیە. گەنجان، ئێمە لە ئێوە بەرخۆدان فێر بووین. هەڵوێستی سەربەرزی لە ئێوەی ژن و دایکان فێر بووین. لە گۆڕەپانەکانی سەرهەڵدان ئێمە لە چاوەکانی ئێوەدا هیوامان بینی. ئێمە ئێوەمان خۆش ویست و زۆر بیرمان کردوون."

لە ٢٨ وڵات میوانان بەشداریان لە کۆنگرەکەدا کردووە

لە تونس، فەڵەستین، ئوردن، فاس، قوبڕس، سوید، شریتی ڕۆژئاوا، فەڕەنسا، گالچیا، ئەڵمانیا، نەمسا. لوبنان، یونان، باسک، میسڕ، ئیتاڵیا، کەتەلۆنیا، دانیمارک، نەرویچ، بەریتانیا، سکۆچیا، پۆرتۆگال، فینلەندا، سویسرا، ئیسپانیا، ئەرمینیا و بە گشتی لە ٢٨ وڵاتی جیهان میوانان بەشداریان لە کۆنگرەی هەدەپەدا کرد. هەروەها نوێنەرانی زیاتر لە ٣٠ پارتی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخستنەکانی ژنان بەشداریان لە کۆنگرەکەدا کرد.

تینی کۆخ سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئەنجومەنی پەرلەمانتارانی ئەوروپا، لۆرێنا لاکاڵ سەرۆکی هاوپەیمانی ئازادی ئەوروپا، گیاکۆما فیلیبیک یاریدەدەری سکرتێری گشتی پارتی سۆسیالیستی ئەوروپا، نیکۆس ئاندرۆلاکیس ئەندامی گروپی سۆسیالیست و دیموکراتی پەرلەمانی ئەوروپاش لە ناو میوانەکاندان.

هەروەها نوێنەرانی ژمارەیەکی زۆر لە پارتە سیاسیەکان، سەندیکا، دەزگا و رێکخراوەکانی مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ و یاسایی و نووسەر بەشداریان کردووە.

محەمەد ئۆجالان برای عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کوردیش لە کۆنگرەکەدا ئامادەیە.

ف.ق