کینۆ گابریەل وڵامی لاڤرۆڤی دایەوە

کینۆ گابرییەل وتەبێژی قەسەدە وڵامی لێدوانەکەی سێرگی لاڤریڤی وەزیری دەرەوەی روسیای دایەوە کە وتبووی، گیراوانی داعش ئازاد دەکرێن. گابریەل دەڵێت، ئەوان لەسەر بابەتی داعشییەکان جگە لە روسیا لە گەڵ هەموو وڵاتە پەیوەندیدارەکان لە سەر هێڵن.

کینۆ گابرییەل وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک-قەسەدە وڵامی لێدوانەکەی سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی روسیا لە بارەی ئازادکردنی گیراوانی داعشی دایەوەو وتی:" بەڕێز سێرگی لاڤرۆ وەزیری دەرەوەی روسیا باس لە مەترسییەکانی دەکات لە بارەی ئازادکردنی گیراوانی داعش لە لایەن هێزەکانی سوریای دیمۆکراتەوە.

ئێمە وەکو قەسەدە رایدەگەیێنین ئەو راپۆرتانەی گەیشتوونەتە بەر دەستی لاڤرۆڤ پشتڕاست نەکراونەتەوە. پەیوەندییەکانمان، جگە لە روسیا، لەگەڵ هەموو دەوڵەتە پەیوەندیدارەکان هەیە. ئێمە بیروڕا و زانیارییەکانیان لەگەڵ گۆتوبێژ دەکەین. زانیاریی هەموو گیراوانی داعشمان لەبەر دەستدا هەیە.

لەگەڵ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکانمان و مەترسییەکانی بۆ سەر ئەو گرتووخانانەی گیراوانی داعشی تێدایە و هاوکات لەگەڵ ئەوەی دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە پێشێلکاری و هێرشەکانیدان، تا ئێستا ئێمە ئەو ناوەند و گرتووخانانە دەپارێزین.

لە بارەی تاوانبارە سورییەکانیشەوە، بەڕێوەبەرایەی خۆسەر بە پێی یاسا تێپەڕێنراوەکان مامەلەیان لەگەڵدا دەکات. دادگایی دەکرێن و ئەو کەسانەش کە سزاکانیان تەواو دەکەن، ئازاد دەکرێن. دادگا هەرێمییەکان لەم بارەیەوە خاوەن بڕیاری خۆیانن."

ز.ش