کەجەکە شەهیدانی نەورۆزی وەبیرهێنایەوە

کەجەکە: بەتایبەتی سوودیان لە یەکنەبوونی کورد وەرگرتووە و هێرشی هێزەکانی تێکۆشانی ئازادیان کردووە. بەداخەوە لە میژووماندا نموونەی لەو شێوەیە هەن. بۆیە کورد بۆ ئەو دۆخە دەڵێن دار کرمی لە خۆیەتی.

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە - KCK) ناسنامەی ٥ شۆڕشگێر و شەهیدی لە قەندیل ڕاگەیاند کە لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانیدا شەهید بوون و ڕایگەیاند: "لە هێرشی ڕۆژی ٢١ئازاری ٢٠١٩/ ١ی نەورۆز کە لەدژی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەمان کرا، دەستی سیخوڕی خۆفرۆش هەیە. میت بە دەستی هەندێک هێزی جیاواز کەسایەتییە لاوازەکان دەکاتە سیخوڕ و بەو زانیارییانەی لەوانەوە دەستی دەکەوێت هێرشی ئاسمانی دەکات. لەو هێرشەشدا وەکو هێرشەکەی دژی شەهید هەڵمەت 'دیار غەریب' دەستی هاوکارانی تورک هەیە".

لە راگەیاندراوەکەی کەجەدا هاتووە: "لە هێرشی فرۆکە جەنگییەکانی تورکدا لە ٢١ ئازاری ٢٠١٩/١ی نەورۆز لە قەندیل، یەکێک لە فەرماندە سەرەتاییەکانی تێکۆشانی گەریلا سنانێ سۆر 'عەلی ئاکتاش'، کادرێکی پەیوەندییەکانی دەرەوەمان سەرحەد ڤارتۆ و ناڤدار سینەگیر، سەرحەد شەفەق و شەڕڤانێکی گەنجمان هاوڕێ شیار فەراشین شەهید بوون. سەرەخۆشی لە گەل و بنەماڵەکانیان دەکەین؛ بەڵێنی خۆمان دووبارە دەکەینەوە کوردستان ئازاد دەکەین کە حەسرەتی ئەوانە.

هاوڕێمان سنان 'عەلی ئاکتاش' سالی ١٩٧٨ بەشداریی نێو ڕیزەکانی پارتی بووە. سەرەتا لە ناوچەی مێردین کاری حزبایەتی دەکرد، کاتێک لەناو گەنجان کاری دەکر دەستگیر کرا و ماوەیەک لە گرتووخانەی ئامەد مایەوە. دوای کودەتای سەربازیی ١٢ی ئەیلول پەرییەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ بەشداریی ئامادەکارییەکانی گەریلا بوو. کاتێک هەڵمەتی ١٥ی ئاب دەستیپێکرد لە بۆتان شەڕڤان و فەرماندار بوو. هەتا ئەو رۆژەی شەهید بوو، سەرەتا لە بۆتان و چەندین هەرێمی دیکە فەرماندەیی کرد و لە بەهێزکردنی تێکۆشانی گەریلادا رۆڵێکی گەورەی گێڕا. لە ساڵەکانی دواییدا لە زۆر شوێندا خەباتی کۆمەڵایەتی و سیاسی کرد، کاتیک کە بەرپرسی کۆمیتەی دارایی بوو شەهید کرا.

هاوڕێمان شەهید سینان رەنجێکی گەورەی دا بۆ تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد، لەناو گەلەکەمان بە گشتی و لەناو گەلی مێردین و بۆتان بەتایبەتی خاوەن پێگەیەکی لەبیرنەکراوە. هاوڕێکانی و گەلەکەمان هیچکات فەرماندە سینان لەبیر ناکەن و بە دڵنیاییەوە داواکاریی و حەسرەتەکەی جێبەجێ دەکەن.

شەهید سەرحەد ڤارتۆ 'ئەمڕوڵا دورسوون' ساڵی ١٩٩١ بەشداری ناو ریزەکانی گەریلا بوو، لە هەموو ناوچەکانی کوردستان و لە ئامانۆسان فەرماندەیی کرد. ساڵی ٢٠٠٠ لە پارێزگای خوراسانی ئێران لەناو کوردەکانی ئەوێ ئیشی کرد، بۆ ئەوەی رێبەر ئاپۆ و پەکەکە زیاتر بە کوردەکانی خوراسان بناسێنێت.

هاوڕێمان سەرحەد ڤارتۆ، هاوڕێیەک بوو ئەندێشەکانی پتەو بوون، کە بەشداری هەموو کارەکانی تێکۆشانمان بۆ ئازادیی بوو. لەناو کۆمیتەی یاسا، کۆمیتەی سیاسی، کۆمیتەی گەل و باوەڕەکان و کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەرپرسیارییەتی گرنگی جێبەجێ کردووە، هەموو کارەکانی بە شێوەیەکی سەرکەوتوو جێبەجێ کرد. لەبارەی هەڵسەنگاندنی ئیسلامی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆدا قاڵ ببووەوە، بە لێکۆلینەوەکانی هاوکارییەکی گەورەی کارەکانی ئیسلامی دیموکراتیکی کرد.

کارێکی دیکەی کە شەهید سەرحەد ڤارتۆ زۆر رەنجی تێدا هەبوو، کاری دیپلۆماسی بوو. بۆ پێکهاتنی یەکێتی نەتەوەیی خەباتی کرد. لە چوارچێوە یەکێتی نەتەوەییدا لەگەڵ هەموو حزبەکانی باشووری کوردستان دیداری کرد، بە هەڵوێستە نەرم و دروستکەرەکانی خزمەتی گەورەی بە خولقاندنی عەقڵییەت و زهنییەتی یەکێتی نەتەوەیی کرد. حزبەکانی کوردستان هەموویان گەواهیدەری ئەو خەباتەن کە بۆ یەکێتی نەتەوەیی کردوویەتی. کارەکانی بەو ئامانجەوە بەردەوام بەڕێزەوە پێشوازی لێ کراوە.

شەهید ناڤدار سینەگیر 'میکایل ئۆزدەمیر'یش لەگەڵ شەهید سەرحەد ڤارتۆ لە کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بوو. لە ساڵەکانی ١٩٩٠دا لەگەڵ چەندین کچ و کوڕی دەوروبەری بنەماڵەکەیان بەشداری نێو ریزەکانی گەریلا بوو. ماوەیەکی درێژ سەرەتا لە ئامەد و لە چەندین ناوچەی دیکە گەریلایەتی کرد. یەکێک لەو هاوڕێیانەمانە کە لە ئیالەتی ئامەد لە بەهیزکردنی گەریلادا رۆڵێکی گەورەی گێڕاوە. دواتر پێشەنگایەتی چەندین کاری رێکخستنی کرد؛ بە دانایی و ئەزموونەکەی بە شێوەیەکی چالاک بەشداری کارەکانی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بوو.

هاوڕێمان شەهید سەرحەد شەفەق 'وەهیب تەکین' یش لە سالی ١٩٨٨ بەشداری ناو ریزەکانی گەریلا بوو، ساڵانی دوور و درێژ لە دێرسیم، زاگرۆس گەریلایەتی و فەرماندەیی کرد. لە ساڵانی ٢٠٠٠دا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیادا گەریلایەتی و فەرماندەیی کرد. ساڵەکانی دوایی هەر ئەرکێک کە حزب پێی سپاردبێت جێبەجێی کردووە، کاتێکیش کە شەهید بوو کاری دارایی دەکرد و بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە شەهید بوو.

شەهید شیار فەراشین 'جەلال ئۆزتورک' وێڕای تەمەنە گەنجەکەی لە ماوەیەکی کورتدا شارەزا بوو و بە گیانبازییەکی گەورەوە بەشداری ریزەکانی تێکۆشانمان بوو. گەریلایەکی گەنجی فیداکار و رەنجدەری گەلی کوردستان بوو.

لە هێرشی ٢١ ئازار/ ١ی نەورۆز کە لە دژی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێمەدا کرا، دەستی سیخوڕی خۆفرۆش هەیە. میت بە دەستی هەندێک هێزی جیاواز کەسایەتییە لاوازەکان دەکاتە سیخوڕ و بەو زانیارییانەی لەوانەوە دەستی دەکەوێت هێرشی ئاسمانی دەکات. لەو هێرشەشدا وەکو هێرشەکەی دژی شەهید هەڵمەت 'دیار غەریب' کرا، دەستی هاوکارانی تورک هەیە. ئەو هێرشانە بەتایبەتی لەدژی ئەو هەڤاڵانەمان دەکرێت کە لە باشووری کوردستان ناسراون، ئەوەش نیشان دەدات کە لە باشووری کوردستان میت خۆی بە چاکی ڕێکخستووە. ئەگەر بە هاوکاریی هەندێک هێز نەبێت، ناتوانێت لە هەرێمەکان بادینان و سۆران هێندە خۆی رێکبخات. حکومەت و حزبە سیاسییەکانی باشوری کوردستان ئاگایان لە خۆڕێکخستنی میت هەیە، چونکە لەبەرچاو ناگیرێن، لە هەموو شوێنێک خۆیان ڕێکدەخەن. میت لە هەولێر و سلێمانی خۆی ڕێکخستووە.  ئەگەرنا مومکین نییە بتوانێت لە بادینان و قەندیل زانیاری هەواڵگریی بەدەست بخات.

لە مێژووی تێکۆشانی ئازادیماندا، دەوڵەتی تورک بەردەوام هەندێک سیخوڕ و هاوکاری خۆی لە دژی بزووتنەوەکەمان بەکارهێناوە. هێزە داگیرکەر و قڕکەرەکان بەردەوام سوودیان لە لاوازیی کورد وەرگرتووە. بەتایبەتیش لە نەبوونی یەکڕیزیی کورد کەڵکیان وەرگرتووە و هێرشی هێزەکانی تێکۆشانی ئازادییان کردوە. بەداخەوە لە مێژووی ئێمەدا نمونەی لەو شێوەیە هەن. لەبەرئەوە کورد لەبارەی ئەو دۆخەوە دەڵێن، دار کرمی لەخۆیەتی. لەم کاتەدا کە هۆشمەندیی و تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد بەهێز بووە، دەبێت ئیتر کۆتایی بە لاوازی لەو شێوەیە بهێنرێت. دەبێت گەلی کورد و ڕای گشتیی کورد لە دژی هاوکاری و هاوبەشی تاوانەکانی دوژمن بن و هەڵوێست دەرببڕن دژی خیانەت و هاوکارییکردنی دوژمن نەهێڵن.

ئەرکێکی مێژوویی دەکەوێتە ئەستۆی پارتە سیاسییەکان، رۆشنبیر، هونەرمەند و وڵاتپارێزانی کورد. لەدژی ئەوانەی کە هاوکاریی دوژمن دەکەن و زیان بە تێکۆشانی ئازادی دەگەیەنن، کام حزب، هێزی سیاسی، کەس و کەسایەتی بن گرنگ نییە، دەبێت هەڵوێست نیشان بدرێت. دەبێت هیچ هێزێکی سیاسی، کەس و کەسایەتی ئیدی جەسارەتی ئەوە نەکات کارێکی لەو شێوەیە بکات.

دەبێت گەلی کورد بزانێت کە بزووتنەوە ئازادییەکەمان ئەو بزووتنەوەیەیە کە لێپرسینەوە لەگەڵ تاوانباران دەکات، خیانەت و نۆکەریی لەناو دەبات. چونکە هەتا نۆکەریی و خیانەت کۆتایی نەیەت، مومکین نییە کە ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک بخولقێنرێت. لەو چوارچێوەیەشدا تۆڵەی شەهید هەڵمەت، شەهید سینانی سۆر، شەهید سەرحەد ڤارتۆ، شەهید ناڤدار سینەگیر، شەهید سەرحەد شەفەق، شەهی شیار فەراشین، شەهید شاهین دیجلە و شەهید دەڤران دەکرێتەوە".

ک-ش