کەجەکە وەڵامی نامەى ژنانی لەبارەى 'زینی وەرتێ' دایەوە

هاوسەرۆکانی کەجەکە بەسێ هۆزات و جەمیل بایک وەڵامی نامەى زیاتر لە ١٥٠ ژنەیان لەبارەى قەیرانی زینی وەرتێ دایەوە. هاوسەرۆکان وتیان، نامەکە بۆ هەموو مرۆڤایەتی بە هێژا دەزانن.

رۆژی ٢١ی ئایار زیاتر لە ١٥٠ ژنی سیاسەتمەدار، نووسەر و ئەکادیمی لە ٢٠ وڵاتەوە نامەیەکیان بۆ کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) نووسی و لە نامەکەیاندا سەرنجیان خستبووە لەسەر کردە داگیرکەرییەکانى دەوڵەتى تورک و داوای یەکێتیان لە کوردان کردبوو.

هاوسەرۆکانی کۆنسەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەسێ هۆزات و جەمیل بایک دڵخۆشیی خۆیان بەهۆی نامەى ئەو ژنانەوە خستەڕوو و رایانگەیاند، ئەو داوایەى لەلایەن ژنانەوە لەوان کراوە بە "ئەرکێکى" دەزانن و دەبێت بەدی بێت.

وەڵامی نامەکەى هۆزات و بایک بەمشێوەیەیە:

"زیاتر لە ١٥٠ ژن لە رێکخراوەکانى ژنان، چالاکوانان، نووسەران و ئەکادیمییەکان نامەیەکى کراوەیان بۆ سەرۆکی پەدەکە بەڕێز مەسعود بارزانى و بۆ هاوسەرۆکانی یەنەکە بەڕێزان لاهور تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی و هاوسەرۆکانی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە بەسێ هۆزات و جەمیل بایک نارد و ئێمە بە دڵخۆشییەوە نامەکەمان خوێندەوە. بەهۆی ئەو نامەیەوە، ئێمە سپاسیان دەکەین و بۆ ئێمە بوونە هێزێکى گەورە.

پەیامی ژنان، کە دواى رووداوی قەیران لە نێوان پەدەکە و پەکەکە لە ناوچەى زینی وەرتێی قەندیل، کە بە شێوەى نامەیەکى کراوە بڵاوکرایەوە زۆر مانادار و هێژایە. شەڕ لەگەڵ سروشتی ژن نایەتەوە. هەر خۆی لە خۆیدا شەڕ بەهۆی عەقڵییەتى باڵادەستی پیاو و سیاسەتی ئەوانەوە روودەدات. ژنان کە رۆڵەکانیان، هاوسەر، خوشک و برای خۆیان لە دەست دەدەن، لە سەرتاسەری مێژوودا هەموو کات لە دژی شەڕ وەستاونەتەوە. ئێستاش ئەو هێزەى پێشەنگایەتی بۆ دژایەتیکردنی شەڕ دەکات ژنانن. ژنانی کوردیش هەموو کات لە دژی شەڕ وەستاونەتەوە، لە شەڕی عەشیرەکانیشدا چوونەتە نێوانیان و وایانکردووە، کە ئاشت ببنەوە و رێبکەون. لەبەر ئەو کولتور و رۆشنبیرییە مێژووییە لەو بڕوایەداین، کە حیزبەکان و سیاسەتمەدارانى کورد ئەو بانگەوازەى ژنان ببینن.

هەر کات عەقڵییەتى باڵادەستخوازیی پیاو لاوازکرا و رێ و رێبازی بیر و رامانی ژن لەسەر ژیانی کۆمەڵگە و سیاسەت باشتر کاریگەریی دروستکرد، ئەو کاتە لە دونیادا شەڕ کۆتایی پێدێت و ئاشتی باڵادەست دەبێت. ئێمە ئەو بانگەوازەى ژنان نەک تەنها بۆ چارەسەرکردنی کێشەى نێوان حیزبە کوردییەکان بە گرنگ دەزانین، بەڵکو هاوکات بۆ هەموو مرۆڤایەتیی زۆر بە گرنگی دەزانین. لەم دونیایەدا کە پیاو تیایدا باڵادەستن، ژن نوێنەرایەتیی ویژدانی کۆمەڵگە دەکات.

ژنان دەزانن لە کوێ دەبێت با ببێت، شەڕ عەقڵییەتى باڵادەستیی پیاو بەهێزتر دەکات.  هەر هەڵوێستێک کە لە دژی شەڕ دەوەستێتەوە، بەشێک لە تێکۆشانی ئازادیی ژنانە. وتەیەک هەیە 'لەو ناوچانەدا کە شەڕ روودەدەن، لە پێش هەموو شتێکەوە راستی دەمرێت'. لەو ناوچانە کە شەڕ روودەدەن لە بنەڕەتدا زیان بەر دیموکراسی و ئازادی دەکەوێت. لەبەر ئەوانەش، زۆر هێژایە کە ژنان بانگەوازەکەیان لەسەر بنەمای یەکێتیی نێوان کوردان نووسیوە و سەرنجیان خستووەتە سەر رۆڵی کوردان بۆ دیموکراتیککردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان. کورد بەو ڕۆڵەی خۆی دەتوانێت زۆر زیاتر ژیانی ئازاد و دیموکراتیکى کوردان بەهێز بکات و هەبوون و دەستکەوتەکانى کورد بپارێزێت.

ئەو بانگەوازەى ژنان، کە دۆستانە و لە دڵەوە بۆ یەکێتیی کوردان کردویانە، بۆ ئێمە ئەرکێکە، کە دەبێت بەدیبهێنرێت. دەستنیشانکردنی 'مەترسیی سەر کوردان لەو رێگەوە لە ناو ببەن، دەتوانرێت دەرفەتی لەو شێوەیە بەکار بهێنرێت' ئەرکی ئێمە لەم سەردەمەدا ئەوەمان بیردەخاتەوە. ئێمە دەمانەوێت بڵێین، کە لەبەر ئەو هەستیارییەى ئەوان ئێمە خۆمان بە قەرزراریان دەزانین.

دەوڵەتى تورک بۆ ئەوەى رێگری لە ژیانی دیموکراتیک و ئازادی کوردان بە رۆشنبیریی و ناسنامەى خۆیانەوە بکات، هێرش دەکاتە سەر داواکانى کوردانی بۆ دیموکراسی و ئازادی و دەیەوێت دەستکەوتەکان لە ناو ببات. دوژمنایەتیکردن بەرامبەر بە ژنان و دوژمنایەتیکردن بەرامبەر بە کوردان پێکەوە بەڕێوەدەچێت. هەر دوای بانگەوازی ژنان بۆ یەکێتی و ئاشتیی نێوان کوردان، هێرش لە دژی ژنانی کورد کرا و ئەوەش سەلمێنەری ئەو کارەکتەرەیە. گەورەترین ترسی دەوڵەتى تورک لەو تۆڕی پشتیوانییەیە، کە ژنانی کورد لەگەڵ ژنانی تورکیا و ژنانی هەموو ناوچەکانى جیهاندا دروستیانکردووە. ئەوە لە بەرامبەر کردەوە و سیاسەتە داگیرکەر و قڕکەرەکانى خۆی، لە بەرامبەر عەقڵییەتى فاشیستی باڵادەستی پیاو و سیاسەتیان بۆ شەڕ بە رێگر دەزانێت. لەبەر ئەوەش هێرشی کردە سەر ئەو ژنانەی، کە بۆ ئازادی و دیموکراسی تێدەکۆشن.

ئێمە لەو بڕوایەداین ژنانی ئازادیخواز و دیموکراتیک لە سەرتاسەری جیهاندا دۆست و خوشکی ژنانی کوردن. ئەگەر ژنانی دونیا لەگەڵ ژنانی کورد لە دژی ناهەقی و شەڕی چەپەڵ بە شێوەی هاوبەش تێکۆشن، ئەوا لە دونیایەکى دیموکراتیک و ئازاد کە شەڕی تیادا نەبێت، باشتر و زیاتر نزیک دەبیننەوە. کارەکتەری سەدەی ٢١ لە رووی تێکۆشانی هاوبەش و پشتیوانیی ژنان دەستنیشان دەکرێت. ئێمە هاوکات ئەو بانگەوازەى ژنان وەک بانگەواز بۆ تێکۆشانی هاوبەشی ژنان لە دژی هێزەکانى دوژمنی ئازادی و دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەبینین و لێی تێدەگەین. ئێمە پشتیوانی لە تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادیی ژنان لە دونیادا دەکەین. بانگەوازەکەیان بۆ ئێمە هەموو کات دەبێتە ئەرکێک کە دەبێت بەدی بهێنرێت.

لەسەر ئەو بنەمایە دەڵێین، بۆ داواکەیان بۆ یەکێتیی نەتەوەیى و ئاشتیی نێوان کوردان، ئێمە هەوڵ دەدەین بە کردەوە وەڵامدەر دەبین و بە رێزەوە سڵاو لە هەموو ئەو ژنانە دەکەین، کە بۆ دیموکراسی و ئازادی تێدەکۆشن".

ژ.ت

****

****

****

****

****

****

****

****

****

****

****

****

****

****

****

****