گفتوگۆکان بۆ هەڵبژاردنى پارێزگارێک بۆ کەرکووک لەگەڵ پێکهاتەکانى ئەو شارە دەستیپێکردووە

دواى ساڵێک چاوەڕوانکردنی پارتی و نەگەڕانەوەى بۆ کەرکوک و رێکنەکەوتنى پارتی و یەکێتى لەسەر هەڵبژاردنى پارێزگارێک بۆ کەرکووک، ئێستا یەکێتى لەگەڵ پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمان دەستی بە گفتوگۆکردووە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێکی کورد و ئاسایکردنەوەی دۆخی شارەکە.

شوان داودی نووسەر و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە سەر لیستی یەکێتی بە ئاژانسی فورات هەواڵی (ANF) ڕاگەیاند: "ئێستا هەموو پێکهاتەکان گەیشتونەتە ئەو قەناعەتەی گفتوگۆیەکی جدی بکەین بۆ دۆزینەوەی ڕێکارێک کە هەر سێ پێکهاتەکاتە بەشداربن لە بەڕێوبردنی شاری کەرکووک دا".

 

یەکێتی دەستی بە دانوساندن کرد لەگەڵ پێکهاتەکان

شوان داودی دەربارەی گفتوگۆکان وتی: "ئێستا هەموو پێکهاتەکان گەیشتونەتە ئەو قەناعەتەی گفتوگۆیەکی جدی بکەین بۆ دۆزینەوەی ڕێکارێک کە هەر سێ پێکهاتەکە بەشداربن لە بەڕێوبردنی شارەکەیا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەکو لایەنی کوردی دەستی بە دانوساندن کردووە، دوای ئەوەی ساڵێک چاوەڕێی پارتیی کرد بۆ ئەوەی بە یەک پاکێج بەشداری دانوساندن بکەن، بەڵام پارتی بەبێ ئەوەی بەشداری هەڵبژاردن بکەن داوای پۆستی پاریزگاریانکرد".

پێویستە چارەسەرێکی گونجاو بدۆزرێتەوە

هەروەها وتیشی: "پێویستە چارەسەرێک بدۆزرێتەوە بۆ دۆخی کەرکووک بە مەرجێک هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک ڕازیبن لەسەر ئەو چارەسەرە، دەبێت ئەم سێ لایەنە بەشداربن لە ئیدارەدانی هەر سێ مەلەفی ئیداری و ئابووری و ئەمنی بۆ ئەوەی جۆرێک لە ئارامی دروست بێت، کە ئەمە کرا متمانە ئەگەڕێتەوە بۆ ناو پێکهاتەکان".

پێویستە دەستە دەرەکیەکان لە کەرکووک ببڕدرێت

داودی ئاماژەی بەوەشکرد: "بۆ ئەوی گفتوگۆیەکی کەرکووکییانە سەرکەوتو بێت، پێویستە دەستە دەرەکییەکانی دەرەوەی کەرکووک ببڕی لە کەرکووک پێویستە کاریگەرییەکانی تورکیا و ئێران و هەولێر و سلێمانی و بەغداش لە کەرکووک ببڕی ئەم گفتوگۆیە لە نێوان خودی پێکهاتەکانی کەرکووکا بێت. پێکهاتەکانی کەرکووک و بەرژەوەندیی پێکهاتەکانی کەرکووک لەناو کەرکووک بڕیار لەسەر جۆری چارەسەرکردنەکە بدەن".

پارتی بەرژەوەندی خۆی لە پێش بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان دادەنێت

شوان داودی ئەوەشی خستەڕوو، پارتی وەکو حیزب بەرژەوەندییەکانی خۆی لەپێش بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانەوە دادەنێت، پارتی خۆی بە کوێخای کورد ئەزانێت و پێیوایە بڕیاری کوردی ئەبێت لای ئەو بێت هەر ڕایەک لە دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بێت، پارتی وا حیسابی ئەکات ئەم ڕایە دژی کوردە، بۆیە ئامادەنەبوو بگەڕێتەوە کەرکووک باجی کوردبونی بدات.

باشترین چارەسەر دروستکردنی شەراکەتە

لە کۆتایدا ڕایگەیاند: "باشترین ڕێگا چارە بۆ ئەوەی متمانە بۆ خەڵکی ئەم شارە بگەڕێندرێتەوە دەبێت شەراکەتێکیان بۆ دروست بکرێت. چارەسەری پرسی ئەم شارە بکرێتە دوو قۆناغ، قۆناغی یەکەم بەڕای من دروستکردنی گفتوگۆ و پێکهێنانی شەراکەت و گەڕانەوەی متمانەیە لە نێوان پێکهاتەکان گرنگترین شت ئەوەیە خەڵک پێویستی بە ئارامی هەیە".

ر.م