گوڵتان کشاناک لە زینداندا دەستى بە چالاکیى مانگرتن لە خواردن کرد

گوڵتان کشاناک هاوسەرۆک شارەوانیى گەورە شاری ئامەد لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە زینداندا دەستى بە چالاکیی مانگرتن لە خواردن کرد و رایگەیاند، دەبێت گۆشەگیری هەڵبگیرێت.

پشتیوانییەکان بۆ لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى جڤاکى دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگى هەدەپە رۆژ لە دواى رۆژ روو لە زیادبوون دەکەن، کە لە دژی گۆشەگیریى سەر ئیمراڵی لە زینداندا دەستى بە چالاکیى مانگرتنی بێسنوور کردووە.

لە بەردەوامیى ئەو پشتیوانیانەدا گوڵتان کشاناک هاوسەرۆک شارەوانیى گەورە شاری ئامەد ئەمڕۆ لە زینداندا دەستى بە چالاکیى مانگرتن لە خواردن کرد و رایگەیاند، دەستیکردووە بە چالاکیى مانگرتن لە خواردن بۆ ١٠ رۆژ بەشێوەى دەوری.

"رۆڵی  بەڕێز ئۆجالان بینرا"

کشاناک لەبارەى چالاکیی مانگرتن لە خواردنەکەیەوە رایگەیاند "بۆ کۆتایهاتن بە گۆشەگیریى سەر بەڕێز ئۆجالان منیش لە ئەمڕۆ بە دواوە دەست بە چالاکیى مانگرتنى دەوری دەکەم. پشتیوانى لە چالاکیى مانگرتنى لەیلا گیوڤەنى پەرلەمانتارمان دەکەم، کە بۆ هەمان ئامانج دەستى بە چالاکیى مانگرتن لە خواردن کردووە. بۆ ئەوەى ئەنجام بەدەست بهێنرێت، بەرپرسیارێتیى گەورە دەکەوێتە سەر شانی هەموومان. گۆشەگیریى قورس و چڕی سەر ئیمراڵی لە دژی هەموو مافە بنەڕەتییەکانی مافەکانى مرۆڤە. هەروەها پێشێلکردنى زەق و گەورەی هەموو یاسا و مافەکانە. ئەو پێشێلکارییە لەلایەن هیچ دەوڵەتێکەوە ئەنجام نادرێت، کە بیەوێت ببێتە دەوڵەتێکى مافەکان و دیموکراتیک. لە قۆناغی رابردوودا بینرا، کە رۆڵی بەرێز ئۆجالان بۆ ئاشتیى کۆمەڵایەتى چەند گرنگە. بۆیە کۆتایهاتن بە گۆشەگیریى سەر ئەو دەبێتە سەرەتایەکى نوێ، کە رێگا بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتى دەکاتەوە".

"بڕوام بەوە هەیە، کە ئێمە سەردەکەوین"

داوا لە راى گشتیى دیموکراتیک و ویژدانى کۆمەڵگە دەکەم، بەشێوەیەکى راست و دروست لە چالاکییەکانى مانگرتن لە خواردن تێبگەن و پشتیوانیى لێ بکەن. پێش ئەوەى تورکیا بکەوێتە ناو شەڕی جیهانیى سێیەمەوە، کە ئیمپریالیزم لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا دەستى پێدەکات، پێویستمان بە دەنگێکى ئاشتى هەیە. بۆ ئەوەى دەنگى بەرپرسیارێتى و ئاشتى و دیالۆگ ببیسترێت، پێویستە گۆشەگیریى سەر ئیمراڵی بە خێرایى کۆتایى پێبهێنرێت. نابێت ئێمە رێگا بدەین شەڕ، کوشتن و زوڵم کۆتایى بە دەنگى ئاشتى بهێنێت. من بڕوام بەوە هەیە، کە ئێمە سەردەکەوین".

ر.م