گەنجانی شاری کەرکوک: بە بایکۆتکردنی کالای تورکی ئابوری تورکیا دەرووخێنین

گەنجانی کەرکوک بەردەوامن لە بایکۆتی کالای تورکی و داوا لە بازرگانان دەکەن کالای تورکی هاوردەی باشوری کوردستان نەکەن.

 لەگەل زیادبوونی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کوردان لە هەموو پارچەکانی کوردستان بەگشتی و ڕۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی، لە باشوری کوردستان  هەڵمەتێک ڕاگەیاندڕا بۆ بایکۆتکردنی کەلوپەل و شتومەکی تورکی وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گەلی کورد لەسەرتاسەری کوردستان و داوای تێپەربوونی ماوەیەکی زۆر بەسەر ڕاگەیاندنی بایکۆتکردنی کالای تورکی، هاووڵاتیان و گەنجانی شاری کەرکوک بەردەوامن لە بایکۆتکردنی کالای تورکی و داوا دەکەن هەڵمەتی بایکۆتکردنەکە فراونتر بیت و داوا لە بازرگانان دەکەن کالای تورکی هاوردەی باشوری کوردستان نەکەن.

مستەفا ڕەئوف گەنجێکی شاری کەرکوکە دەربارەی رووبەروبوونەوەی فشارەکانی تورکیا بە بایکۆتکردنی کالای تورکی بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی (ANF)ڕاگەیاند: "بایکۆتکردن شۆرشیکی سپیە ، ئەگەر ئێمە نەتوانین چەک هەڵگرین بۆ پشتیوانی خوشک و براکانمان لە شاخ یان لە باکور و رۆژئاوای کوردستان ئەوە ئێمە بەلایەنی کەمەوە دەتوانین هەریەکێکمان لە جیگای خۆمانەوە بایکۆتی کالای تورکی بکەین تا ئەم بایکۆتە بەتەواوەتی تەشەنە دەکات ئەوکات دەتوانین کاریگەری بکەینە سەر ئابوری تورکیای داگیرکەر یان هەر وڵاتێکی داگیرکەری دیکە بێت."

هەروەها مستەفا ڕەئوف ووتی: "بایکۆت کردنی کالای وڵاتێک چەکێکی بەهێزە بۆ لێدان و لاواز کردنی ئابوری ئەو ووڵاتە، دەتوانین بە بایکۆت کردن شۆرشێکی سپی هەڵگیرسێنین شۆرشێكی بێ قوربانی، شۆرشیک کە جەرگی هیچ دایکێک نەسووتێت، بایکۆت کردنی کالا و خوراکی تورکی دەبێتە مایەی تەندروست بوونی کۆمەلگاکەمان چونکە دوژمنێک کە بەئاشکرا هەولی کوشتنی کورد دەدات دەبێت چ جۆرە خۆراکێک بنێرێت بۆ بازارەکانی کوردستان، بۆیە بایکۆتکردنی کالای تورکیا ئەرکێکی نشتیمانی و مرۆڤایەتیە لەسەر هەموو تاکێکی کورد."

لە کۆتایدا مستەفا ڕەئوف وتیشی: "گەلی هندستان بە شۆرشیکی سپی کە تەنها بە بایکۆتکردنی قوماش دەستی پێکرد تا توانی بەریتانیا لە وڵاتەکەی دەربکات، ئێمەش دەتوانین هەموو کالایەکی تورکی بایکۆت بکەین تا هەموو سیاسەت و بازرگانی و چەمکی تورکی ناهێلین لە ووڵاتەکەمان."

شەپۆل فوئاد گەنجێکی دیکەی شاری کەرکوکە دەربارەی رووبەروبوونەوەی دەوڵەتی تورک بە بایکۆتکردنی کالاکانیان بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی (ANF)وت: "ئێمە لەلایەنی هێزی سەربازی تا ئاستێک لاوازین بۆیە بۆ پشتیوانی کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و رووبەروبوونەوەی داگیرکەرانی وڵاتەکەمان دەتوانین بایکۆتکردنی کالا بەکاربهێنین دژی تورکیا و داگیرکەرانی دیکەی کوردستان، بە بایکۆتکردنی کالای تورکی دەتوانین ئابوری تورکیا بروخێنین چونکە ئابوری ئەو وڵاتە تا ئاستێکی زۆر پشتی بە باشوری کوردستان بەستووە."

هەروەها شەپۆل فوئاد ووتیشی: "لە شاری کەرکوک هەڵمەتی بایکۆتکردن تا ئاستێک باش بەرێوەدەچیت بەڵام هێشتا وەکو پێویست نیە بەراورد بە شارەکانی دیکەی باشوری کوردستان، ئەگەر ئەم بایکۆتە بەردەوام بیت ئەوە تورکیا رووبەوی دارووخانی ئابوری دەبێتەوە بە حوکمی ئەوەی بەشیکی زۆری کالاکانی لە بازارەکانی باشوری کوردستان و عێراق ساغ دەکاتەوە."

دەشتی حەمە ساڵح گەنجێکی دیکەی شاری کەرکوکە دەربارەی بایکۆتکردنی کالای تورکی بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی (ANF)ڕاگەیاند: "ئێمە دەتوانین سەرەتا ئەڵتەرناتیڤێک بۆ ئەو کالایانە بدۆزینەوە کە لە تورکیاوە هاوردەی باشووری کوردستان دەکرێت پاشان هاوڵاتیان هۆشیار بکەینەوە تا کالای تورکی نەکرن چونکە ئەو پارەیەی دەیدەنە کالای تورکی دژی کورد بەکاردێتەوە.

دەربارەی هۆکاری ئەوەی کە شاری کەرکوک رێژەی بایکۆتکردنی کەمترە بەراورد بە شارەکانی دیکەی باشوری کوردستان دەشتی حەمە ساڵح وتی: " رێژەی ئەو کەسانەی بایکۆتی کالای تورکیان کردووە کەمترە لە شاری کەرکوک بەراورد بە شارەکانی دیکەی باشوری کوردستان ئەمەش بۆ ئەوە دەگرێتەوە کە کەرکوک پێکهاتەی دیکەی تێدایە بۆیە رێژەکە وەکو شارەکانی دیکەی باشووری کوردستان نیە."

لە کۆتایدا دەشتی حەمە ساڵح وتی: "داوا لە بازرگانەکان دەکەین کالای وڵاتانی دیکە بهێننە وڵاتەکەمانە نەک کالای تورکی، ئەگەر بازرگانەکان بایکۆتی ئەو کالایانە بکەن ئەوا ئەو کاتە بەرهەمی ناخۆ دەست بە بوژاندنەوە دەکات و هەڵی کار زیاد دەکات و پارەی وڵاتەکەمان لەناوخۆ ئالۆگۆری پێوە دەکرێت بەنرخ تر دەبێت."

ف.ق