٣٢ پارت و هێزی سیاسی ڕۆژئاوا داوایان لە فەرەنسا کرد کۆمەڵکوژیەکی پاریس ئاشکرا بکات

٣٢ ڕێکخراو و لایەنی سیاسی داوایان لەحکومەتی فەرەنسا کرد کەڕاستی ئەو کۆمەڵکوژیانە لەپاریس ئاشکرا بکات و ڕایانگەیاند کەهێرش بۆ سەر سەنتەری ڕۆشنبیری کورد لەپاریس هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراو بووە بۆ سەر کورد و هێزە دێموکراتییەکان.

لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ٣٢ ڕێکخراو و لایەنی سیاسی لە بەیاننامەیەکدا دووەمین کۆمەڵکوژی پاریسیان شەرمەزار کرد و تیایدا دەڵێن:سەرەڕای بارودۆخی ناوچەکە و جیهان و پێویستیی تەواوەتی هاوئاهەنگی بۆ سەقامگیرکردن و پێشخستنی خەباتی دیموکراتی، هێشتا هەندێک هێز و لایەنی پەیوەستن بە زمانی توندوتیژییەوە.

ئەو ڕێکخستن و پارتانە ئامژە بەوەشدەکەن: هێرشکردنە سەر ناوەندی ڕۆشنبیری کورد لە پاریس هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراوە لە دژی کورد و هەموو هێزە دیموکراتییەکان کە بۆ دیموکراسی ڕاستەقینە تێدەکۆشن و هەموو بەڵگەکان ئەوە نیشان دەدەن کە دوژمنانی گەلی کورد بەدوای ئەو هێرشە تیرۆریستییەدا بون و ئەم کۆمەڵکوژییەیان لە دەوڵەتێکدا ئەنجامدا کە داوای دیموکراسی و پاراستنی مافەکان دەکات.

ئەوشیان ڕاگەیاندووە: ئەم هێرشە کە دژی کورد و بەردەوامی سیاسەتی جینۆسایدە و دژایەتییەکی ئاشکرای فەرەنسا و ئەوروپایە، پەیامێکە کە هیچ یاسا و سەروەرییەکی دەوڵەتان بۆ ئەنجامدانی تیرۆر و تاوانەکانیان ناناسێت لە دوای ئەم هێرشە لایەنی پلان بۆ داڕێژراو هەیە و کاتەکەشی ڕێکەوت نییە.

ئەوان ئیدانەی کۆمەڵکوژیی دووەمی پاریس دەکەن کە هاوکات بوو لەگەڵ نزیکبوونەوەی ١٠ ساڵەی کۆمەڵکوژیی یەکەمی پاریس لە ساڵی ٢٠١٣ کە بووە هۆی شەهید بونی ژنانی تێکۆشەری کورد.

لەبەشیکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە لایەنە فەرمییەکانی فەرەنسا کراوە،  دەستبەجێ ڕاستی ئەم کردەوە تیرۆریستییە بۆ ڕای گشتی کوردستان و جیهان ئاشکرا بکەن و ڕێوشوێنی خێرا لە دژی بکوژان بگرنەبەر و ئەوانەی لەپشتی ئەو کۆمەڵکوژیەوە بوون ئاشکرا بکەن.

ف.ق