ڕاپەڕین لە ئێران لە ١١هەمین ڕۆژدایە: هەزاران کەس دەستگیرکراون

خۆپیشاندان دژی حکومەت بۆ داوای دیموکراسی و ئازادی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ١١هەمین ڕۆژدایە و دەزگای دادوەریی دەوڵەتی ئێران هەڕەشەی لە خۆپیشاندەران کرد!.

دوای ئەوەی سەرۆک کۆماری ئێران ئیبراهیم ڕەیسی فەرمانی بە هێزەکانی دەوڵەت کرد، کە "لە دژی هەر کەسێک زیان بە ئاسایشی وڵات و سەقامگیری و گەل دەگەیەنێت" توندوتیژی بکەن. ئەمجارە بەپێی هەواڵێکی میزان ئۆنلاین، غولام حوسێن موحسینی سەرۆکی دەزگای دادوەری هەڕەشەی لە خۆپیشاندەران و پێشەنگەکانی ڕاپەڕینەکە کردووە.

لە ١٣ی ئەیلولدا ژینا ئەمینیی تەمەن ٢٢ ساڵ بە پاساوی ئەوەی کەمێک لەسەر و قژی بە دەرەوە بووە، لە تاران بە ئەشکەنجە و پەلاماردان دەستگیرکرا و بەهۆی قورسیی ئەشکەنجەکانەوە لە دوای ٣ رۆژ لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا. لەو کاتەوە خۆپیشاندان و چالاکیی ناڕەزایەتی دەستیپێکردووە و تا ئێستا بەردەوامە.

ئەو خۆپیشاندانانە، کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد بە خێرایی بە سەرتاسەری رۆژهەڵات و ئێران دا بڵاو بوویەوە. بەپێی سەرچاوە ئۆپۆزسیۆنەکان لەشەوی ٢٥ی ئەیلولدا بەلایەنی کەمەوە لە ١٠ شار و تارانی پایتەختی خۆپیشاندان ئەنجامدراون. لە خۆپیشاندانەکاندا دروشمی دژ بە حکومەت و سەرکردەی ئاینی عەلی خامنەیی دەوترێتەوە.

 ئەو وێنە و ڤیدیۆیانە، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوونەتەوە دەریدەخەن، کە لە شاری تەبرێزی باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەکەش خۆپیشاندان ئەنجام دراوە. هەندێک لە دیمەنەکان نیشانی دەدەن، کە هێزەکانی دەوڵەت ڕاستەوخۆ تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن.

لەبەردەم زانکۆی تەکنەلۆجیای بابول نۆشێرڤانی لە پارێزگای مازەندەران لە باکووری ئێران، بەپێی گرتە ڤیدیۆیەکان خۆپیشاندەران پۆستەری دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئایەتوڵا خومەینی دەدڕێنن.

بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە، خۆپیشاندان لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەلووچستان بەردەوامە. لە ڤیدیۆیەکاندا لە بەلوچستان دروشمی دڵسۆزی و هاوپشتی بۆ کورد دەوترێتەوە.

خۆپیشاندانەکان بە ١٤٦ شاردا بڵاوبوونەتەوە و بەردەوامن

سەرچاوەکانی ئۆپۆزسیۆن دەڵێن، خۆپیشاندانەکان بەلایەنی کەمەوە لە ٣١ پارێزگای ئێراندا بە ١٤٦ شاردا بڵاوبووەتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی، لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا ٤١ کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لەو ئامارەدا ڕوون نییە ئەو کوژراوانە چەند کەسیان چالاکوان و خۆپیشاندەر بوون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، کە ناوەندەکەی لە شاری ئۆسلۆ پایتەختی وڵاتی نەرویج دایە ڕایگەیاندووە، بەلایەنی کەمەوە ٥٧ چالاکوان گیانیان لەدەستداوە.

هاوکات بەرپرسانی دەوڵەت ڕایانگەیاندووە، تەنیا لە یەک پارێزگادا زیاتر لە ٧٠٠ کەس دەستگیرکراون.

کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان سی پی جەی، کە بارەگاکەى لە ئەمریکایە رایگەیاندووە، ١٧ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون.

ژ.ت