بانگەوازی دایکانی گەریلا بۆ پەدەکە: ئیدی بەسە

دایکانی گەریلا لە قامیشلۆ بەشداری "رێپێوانی شکۆ لە دژی داگیرکەری و خیانەت" بوون و بانگەوازی "ئیدی بەسە پەدەکە، دەست لە رۆڵەکانمان هەڵگرە" بڵاوکردەوە.

دایکانی گەریلا خالیا نەجاڕ و مەنیجە حەیدەر هەڵوێستی دوژمنانەی پەدەکەیان بەرامبەر بە گەریلا ئیدانەکرد و رایانگەیاند، "ئیدی بەسە، دەست لەسەر رۆڵەکانمان هەڵگرە".

'ئێوە ناتوانن گەریلا لە گەل داببڕن'

دایە خالیا نەجاڕ وتی، "گەریلا گەلە و گەل گەریلایە. رۆڵەکانمان لە چیاکانی کوردستان لە دژی دەوڵەتی تورک بەرەنگاری و بەرخودان دەکەن، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هێرش دەکاتە سەر رۆڵەکانمان. ئیدی بەسە. دەست لەسەری رۆڵەکانمان هەڵگرە. هێرش مەکە سەر رۆڵەکانمان. ئێوە ناتوانن گەریلا لە گەل داببڕن. گەلیش لە گەریلا دانابڕێت. ئێمە تاوەکو دوا دڵۆپی خوێنی خۆمان پشتیوانی لە رۆڵەکانمان دەکەین. ئێمە پشتیوانی گەریلا دەکەین. با پەدەکە دەست لە رۆڵەکانمان هەڵگرێت. ئەگەر هێرش بکەنە سەر رۆڵەکانمان ئێمە سنوورەکان ناناسین، ئێمە کەس ناناسین".

'ئێمە دەبینە قەڵغانی مرۆیی'

دایە مەنیجە حەیدەر یەکێکی ترە لە دایکانی گەریلا و باسی ئەوەیکرد، ئێمە بۆ پشتیوانیکردن لە گەریلا رژاوینەتە سەر شەقامەکان و وتی، "ئەوە ماوەیەکە لە دژی گەریلا هێرشی دڕندانە ئەنجام دەدرێت. دەوڵەتی تورک لە هێرشەکانیدا چەکی کیمیایی بەکار دەهێنێت. هەموو جیهان و بەڕێوەبەریی باشووری کوردستان بەرامبەر ئەو دۆخە بێدەنگن. ئێمە هەڵوێستی پەدەکە ئیدانە دەکەین. چی دەبێت با ببێت دایکان هەموو کات پشتیوانی لە رۆڵەکانی خۆیان دەکەن. ئێمە رێگا بە پەدەکە و دەوڵەتی تورک نادەین. ئەگەر ئەو سیاسەتە هەڵەیە بەردەوام بێت دایکانی گەریلا لە بەردەم پەدەکەدا دەبنە قەڵغانی مرۆیی بۆ ئەوەى رۆڵەکانی خۆیان بپارێزن".

ژ.ت