باوکی شەهیدان لە تێکۆشانی خۆی بەردەوامە

عەلی بەکر زیاتر لە ٣٥ ساڵە لە ناو خەبات و تێکۆشاندایە و دوو کچی لە خەباتدا شەهید بوون. سەرەڕای ئەشکەنجەدانی ڕژێمی بەعس لە ڕێگاکەی نەگەڕایەوە. هەموو ڕۆژێک بە بایەخ و گرنگییەوە لەگەڵ بنەماڵەی شەهیداندایە و لە تێکۆشانی خۆی بەردەوامە.

عەلی بەکر تەمەنی ٦٤ ساڵە و خەڵکی دربێسیە، لە ڕێگەی ئەو یارمەتییانەی، کە بۆ کوردە ڕزگاربووەکانی کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە کۆکرانەوە، بە بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان ئاشنا بوو. لە تێکۆشانەکەیدا، کە ۳٥ ساڵە بەردەوامە، هەر خۆی بە تەنها بەشداری تێکۆشان نەبووە، بەڵکو گوڵستان و ڕوکەنی کچی بەشداری نێو ڕیزەکانی خەبات و تێکۆشان کرد. سەرەڕای گوشار و سەرکوتکارییەکانی ڕژێمی بەعس، بەردەوام بوو لە خەباتی خۆی و لەسەر ڕێگای کچە شەهیدەکانی درێژەی بە خەبات دا. ئێستاش لە پەیوەندیدایە لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدان و خزمەت بە شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکات.

 عەلی بەکر لە ساڵی ۱۹۸۸ەوە خزمەتی گەلی کورد دەکات و پارێزگاری لە بەها نەتەوەییەکانی کورد دەکات. دڵسۆزیی خۆی بۆ بزووتنەوەی ئازادیی کورد بەم وتە و پەیڤانە دەربڕی: "لە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆدا لایەنی خاوەنداریکردن بەها نەتەوەییەکانی گەلی کورد لایەنێکی بەهێزە. ئەو شۆڕشگێڕ و جەنگاوەرانە، کە خۆیان بۆ خەباتی ئازادیی کورد فیدا دەکەن، بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان کار ناکەن و ژیانی خۆیان بە گەلی کورد دەبەخشن. ئەوان زۆر سەرنجی منیان بۆ خۆیان ڕاکێشا. بۆیە دڵسۆزیم بۆ تەڤگەری ئازادیی کورد لە دوای کۆمەڵکوژییەکەی هەڵەبجەوە بەردەوامە. لەو کاتەوە وەک وڵاتپارێزێک بەشداریم لە کارەکاندا کردووە."

٧ جار دەستگیر کراوە

عەلی بەکر ٧ جار لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستگیرکراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەری لە بەرامبەر زوڵم دا نەچەماند. لە بەردەوامیی وتەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، "بزووتنەوەی ئازادی کورد لە سوریا بە ئاسوودەیی و ئاسانی کاری نەکردووە. هەموو ساتێک چاودێریی ئێمەیان دەکرد و ئەوانەی ئاشکرا دەبوون لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستگیر دەکران و ئەشکەنجە دەدران. یەکێک لەوانەش من بووم. تا ئێستاش چارەنووسی زۆر کەس نادیارە. ئێمە کاری بەرفراوانمان دەکرد. ئێمە هەموو ڕۆژێک لەنێو گەلەکەماندا بووین، باسی خەبات و بیر و ڕامانەکانی ڕێبەر ئاپۆمان بۆ دەکردن. هەندێک لە ئێمە بە نهێنی خولی فێرکردن و ڕاهێنانی زمانی کوردیمان دەکردەوە، هەندێکمان کاری ڕێکخستن و ڕێکخراوەیییان دەکرد. لە ئەنجامی ئەم ڕەنج و تێکۆشانەدا ئێمە سەرکەوتین."

دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان

عەلی بەکر ڕایگەیاند، تاکە خەونی ئەوە بوو، کە عەبدوڵا ئۆجالان ببینێت و وتی، "لە مێژووی کورددا، ڕێبەرێک وەک ڕێبەر ئاپۆ لە پێناو گەلی کورد دا تێنەکۆشاوە و خۆی فیدا نەکردووە. بۆ یەکەم جار بوو، کە گەلی کوردستان بە شێوەیەکی یەکگرتووانە لە گۆڕەپانەکاندا بوون. خەباتێکی پاک و بێ بەرژەوەندی دەستیپێکردبوو. لە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگاوە دەستە دەستە بەشداریی لە شۆڕش و تێکۆشان دا دەکرا؛ خوێندکاران ڕوویان لە چیاکان دەکرد، لە شارەکانیشدا دەستیان بە تێکۆشان دەکرد. بە دڵنیاییەوە، منیش بەرگریم لەو بیر و ڕامانە دەکرد و زۆر تامەزرۆ و سەرسام بووم بە ڕێبەر ئاپۆ. من هاوسەرگیریم کردبوو، منداڵم هەبوو، بەڵام زۆر شتیش هەبوو، کە دەبوو بۆ گەلەکەمی بکەم. لەو کاتەدا گوشار و ستەم زۆر قورس بوو، لە هەمان کاتدا کاریش زۆر بەرفراوان بوو. چوون بۆ لای ڕێبەر ئاپۆ کارێکی ئاسان نەبوو. هەندێک جار هەڤاڵان نەیاندەتوانی بۆ چەندین ڕۆژ بگەنە لای ڕێبەر ئاپۆ، چونکە ڕژێمی بەعس زۆر بە توندی ڕێگاکانی هاتوچۆی کۆنترۆڵ دەکرد. گەلیش نەیاندەتوانی بە ئاسانی بڕۆن بۆ لای. هەڤاڵان لە ساڵی ۱۹۹٥ دا وتیان، گروپێک دەبن بۆ لای ڕێبەر ئاپۆ و منیش لە نێو ئەو گروپەدا بووم. ئەوە خەونی من بوو، کە ڕێبەر ئاپۆ ببینم. ئیمە بە گروپێکی ۲٥ کەسی چووینە دیمەشق و دەرفەتمان بۆ ناسینی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ڕەخسا. بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لەلای ماینەوە. ئەو زۆر هەڵسەنگاندنی بۆ خێزان و کۆمەڵگا و نەتەوەی کورد کرد. لە ڕاستیدا ئێمە وەک گروپەکە تووشی شۆک بووین، چونکە ئێمە  بیر و رامانێکی نوێمان ناسی. لەگەڵ ئەوەشدا، خەبات و بەها و ڕێز و گرنگیپێدانی بەرزکردەوە، کە هەرگیز لەبیر ناچێتەوە. ئەو ڕۆژە زۆر ڕەخنەی لێ گرتین، بەڵام ڕاستیی  خۆمانی پێوتین و بە وەڵامدانەوەی پرسیاری ئەوەی، کە لە ئێستا بەدواوە چۆن بەردەوام بین، ئاست و ورەی هەموومانی بەرزکردەوە و ریگای بۆ ڕووناک کردینەوە."

دوو کچی بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بوون

عەلی بەکر وتی، دوای ئەم کۆبوونەوەیە گۆڕانکاری لە شێوازی خەباتیدا ڕوویدا و وتیشی، "بەو خەبات و تێکۆشانە خوێن ڕژا، خوێنی گەلەکەمان ڕژا. گەلەکەمان لە هەموو بوارەکاندا قوربانیی داوە. ئاسان نییە مرۆڤێک خۆی بە مرۆڤ بزانێت، بەڵام وەک مرۆڤێکی مردوو بێت. من سەرلەنوێ چاوم بە خەباتی خۆمدا تا ساڵی ۱۹۹٥ دا خشاندەوە و بۆم دەرکەوت کە کەموکوڕیم هەیە. بۆم دەرکەوت، کە هیچ کارێکی هێندەی خزمەتکردن بە نەتەوەی کورد پیرۆزتر نییە، بۆ بڕیارم دا لەگەڵ خێزانەکەم تێبکۆشم. هەر یەک لە منداڵێکم لە شارێکی جیاوازدا بەشدارییان لە کار و تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد دا کرد. هەندێکیان بەشدارییان لە کار و خەباتی هونەری و کولتوورییەکان کرد،و هەندێکیان بەشدارییان لە فێرکردن و پەروەردەی زمانی کوردی دا کرد. هەروەها گوڵستان و ڕوکەن-یش بڕیاریان دا ببنە گەریلا و نە من و نە دایکیان ڕێگریمان لێنەکردن. دوای ئەوەی شەهید بوون، هەمیشە سەرمان پێیان بڵند بوو و شانازیمان پێوە دەکردن و درێژەمان بە رێگا و خەباتیان دا و خەباتەکەی ئەوانمان گەیاندە ئەم ئاستە."

ژ.ت