بایک: داهاتوو بۆ پارادیگماکەى ئێمەیە

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە رایگەیاند، "گەورەترین هێز و هێڵی ئایدۆلۆژی پارادیگمای نوێی گەلی کوردە. بەو پارادیگمایە تێکۆشانی گەلی کورد بووە خاوەن کارەکتەری تێکنەشکان و لە بن نەهاتن. داهاتو بۆ ئەو پارادیگمایەیە".

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بە بۆنەى ٤٢هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

بایک، لە ساڵی ١٩٧٣ەوە باسی مێژووی تێکۆشانی ئازادیی گەلی کوردی کرد و وتی، "گەرچی پەکەکە دەچێتە ٤٣هەمین ساڵی تێکۆشانەوە، بەڵام بزووتنەوەکەمان لە ٤٨هەمین ساڵی تێکۆشاندایە. رێبەر ئاپۆش لە تێکۆشانی ٥٠ ساڵەدایە. تێکۆشانێکی بەردەوام و بێ سرەوتنی بەڕێوەبردووە. هەموو ساتێکی خۆی بە تێکۆشانێکی گەورە تێپەڕاندووە".

"کولتوری بەرخودانی کۆمەڵگە ئافرێنرا"

جەمیل بایک باسی ئەوەیکرد، ئەو تێکۆشان و بەهایانە، کە لە ٥٠٠ ساڵدا دەئافرێندرێن لە ٥٠ ساڵدا ئافرێنراون و وتی، "تێکۆشانی پێشتر، نەک بۆ نەوەیەک، بەڵکو بە زۆری بۆ وەرزێک یان چەند وەرزێک بەردەوام بووە، بەڵام ئەو تێکۆشانە، کە رێبەر ئاپۆ پێشەنگایەتیی بۆ دەکات ٣ بۆ ٤ نەوەیە بەردەوامیی هەیە. کۆمەڵگە بە ناسنامەى خۆیەوە بووە خاوەن کولتوری بەرخودان و ئەو نەریتەى بۆ ئافرێنرا. راستییەکی کۆمەڵایەتیی بونیاتنا، کە کەسایەتی و کولتوری تێکۆشان بە بەردەوامی دەئافرێنێت. ئەستەمە و هەرگیز ئەوە پێچەوانە ناکرێتەوە، ئەستەمە ئەو گەلە لە تێکۆشانی ئازادی بگەڕێندرێتەوە. پێش هەموو شتێک دەبێت لە واتا و بەهای ئەو تێکۆشانە ٥٠ ساڵییە تێبگەین".

"ئەم تێکۆشانە خۆی بە هەموو کوردان گەیاندووە و بووەتە تێکۆشانی گەل"

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەکە رایگەیاند، هێڵی چالاکی، رێکخستنی، سیاسەت و ئایدۆلۆژیی پەکەکە لە هەموو روویەکەوە ئەزموونی گرنگی خستووەتەڕوو و وتی، "سەرهەڵدان و چالاکییە دیموکراتیکەکانی ئەم گەلە، لە هەموو گەلێک زیاتر بەرفراوان بووە. دەبێت ئێمە هەموو ئەوانە وەک هێز و  کۆکراوەیەکی گەورەی تێکۆشان ببینین. دەکرێت بڵێین، هەموو ماڵێک شەهیدێکیان داوە، بریندارێکیان هەیە، زیندانییەکیان هەیە، کە هیچ نەبێت ١٠ ساڵ زیندانیکراوە. ئەو تێکۆشانە خۆی گەیاندووەتە هەموو گەلی کورد، گەلی کوردی بە تەواوی خستووەتە سەر ئەو تێکۆشانە، بۆیە ئەو تێکۆشانە بە شێوەیەکی گشتی وەرچەرخاوە بۆ تێکۆشانی گەل".

"داهاتوو بۆ ئەم پارادیگمایەیە"

بایک رایگەیاند، پەکەکە ئێستا کۆکراوەیەکی لەو شێوەیەی تێکۆشانە و پێشەنگایەتی بۆ هێز و پارادیگمایەکی نوێ دەکات.

جەمیل بایک باسی ئەوەیکرد، بە پارادیگمای کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادیپارێزی ژن، هێزی تێکۆشان و ئەو کۆکراوەیە بەلانیکەمەوە ١٠ هێندە زیاتر و بەهێزتر کرد.

لە بەردەوامیی وتەکانیدا رایگەیاند، "گرنگترینیش هەر ئەوەیە، کاتێک پێشەنگایەتی راست بکرێت، تێکۆشانی ئەو گەلە لە رێگەی ئەو پارادیگماییەوە دەبێتە خاوەنی کارەکتەرێکی وەها کە هەرگیز تێکناشکێت. نەک تەنها لە کوردستان، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، داهاتوو بۆ ئەو پارادیگمایە. بۆیە گەلی کورد خاوەنی پارادیگمایەکە، ئەگەر بە پێشەنگایەتیی راست و دروست تێکۆشان بەهێز بکرێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە سەردەکەوێت. لەگەڵ خۆی وادەکات، کە گەلانی تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکى گەورە و شکۆمەدانە سەر بکەون. بەو شێوەیە پەکەکە نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێزی ئازادی و کۆمەڵگەپارێزی دیموکراتیکە. بە مۆدێڕنیتەى دیموکراتیکی خۆی، ئەڵتەرناتیڤی مۆدێڕنیتەى کاپیتالیستی ئافراند، بۆیە رێگای نیشانی هەموو مرۆڤایەتی داوە. گەلی کورد نەک تەنها لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو لە سەرتاسەری جیهان بووەتە خاوەن شکۆیەکی لەو شێوەیە".

"گەورەترین هێز، پارادیگمای نوێ و هێڵی ئایدۆلۆژیی گەلی کوردە"

بایک ئاماژەى بەوەشکرد، پەکەکە ئێستا گەورەترین هێز و هێڵی ئایدۆلۆژیی پارادیگمای نوێی گەلی کوردە و وتی، "ئەوانەى مێژوو دەخوڵقێنن و سەرکەوتنی گەورە مسۆگەر دەکەن، هەمیشە ئایدۆلۆژیا و پارادیگما بوون. بە کۆمەڵگەیی کردنیان بە شێوەیەکی راستە، چونکە هێزی ئایدۆلۆژیی خۆی، ئایینە گەورەکان سەرکەوتن، بزووتنەوەى رێنسانس و ریفۆرم سەرکەوتن، بیری دیموکراسی و سۆسیالیزم لەم چەند سەدەیەی رابردوودا وەرچەرخاوە بۆ سیستمی ژیانێکی کۆمەڵایەتی. ژیانی دیموکراتیک و کۆمەڵگەپارێز بە سیستمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، کە پشتبەستووە بە کۆمەڵگەى دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیک و ئازادیپارێزی ژن، کە رێبەر ئاپۆ دەستنیشانیکردووە، یانی سۆسیالیزمی دیموکراتیک دەبێتە سەرکەوتنی ئەم سەدەیە. ئەو بزووتنەوەیە لە کوردستان دەستیپێکردووە، هەنگاو بە هەنگاو بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا بڵاودەبێتەوە".

بایک باسی ئەوەیکرد، بە ناوی حیزبەوە ئەو پێشەنگایەتییە بۆ جێبەجێکردنی راستی ئەو بیر و رامانە بکەن، کە بەو شێوەیە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دایڕشتووە و وتی، "بە ناوی حیزبەوە ئێمە خاوەنی کۆکراوە و ئەزموونین. ئێمە خاوەنی ئەو ئیرادە شۆڕشگێڕییەن، کە تێکۆشانی ئەو هێڵە بەڕێوەببات. لەگەڵ بەڕێوەبردنی تێکۆشان لەسەر هێڵی رێبەری، ئەوە بەرپرسیاریی ئێمەیە، کە هێڵی رێبەرایەتی بە گەلانی جیهان و هەموو هێزە دیموکراسییەکان بگەیەنین. بیر و رامانی رێبەر ئاپۆ لە هەموو شوێنێک دەناسرێت و تێگەیشتنی هەیە. لە ٤٣هەمین ساڵی تێکۆشانی خۆیدا ئێمە هێڵی رێبەرایەتی بەهێز دەکەین و بەدیهێنانی ژیانی دیموکراتیک و ئازادی گەلی کورد، گەلانی تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر نزیک دەکەینەوە".

"چارەسەریی کێشەکان لە تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بیر ورامانی رێبەرایەتییە"

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری هاوسەرۆکایەتیی کەجەکە لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانەوە وتی، "دەبێت هێزە دیموکراسییەکان لە تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوە ببینن، کلیلی چارەسەریی هەموو کێشەکان لە تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست  بیر و رامانی رێبەرایەتییە. ئەوەى عەقڵییەتی کاپیتیالیست مۆدێڕنیست، نەتەوەپەرەستی و مەزهەبپەرەستی نەهێڵێت، کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هۆکاری گوشار، داگیرکەری و شەڕن، ئەوەی گەلان، باوەڕەکان و ناسنامەى ئیتنیکییەکان ئازاد بکات، بیری ئایدۆلۆژی – سیاسیی رێبەر ئاپۆیە. لەبەر ئەوەش هێزە دیموکراسییەکان دەبێت هەم باشتر لەو هێڵە تێبگەن و هەمیش ئەوە ببینین، کە دیموکراسی تەنها بە هاوپەیمانی بەدی دێت، ببنە خاوەنی هەڵوێستێکی وەها، کە هێزە دیموکراسییەکان لە دەوری یەک کۆ ببنەوە".

"بە تێکۆشان لە دەوری رێبەر ئاپۆ، بە دڵنیاییەوە گەلی کورد ئازاد دەبێت"

بایک باسی ئەوەیکرد، گەلی کورد دڵسۆزی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردە و وتی، "ئەگەر لە دەوری پارادیگمای رێبەر ئاپۆ تێکۆشان بەڕێوەبچێت، بە دڵنیاییەوە دەبنە خاوەنی ژیانێکی دیموکراتیک و ئازاد. با گەلی کورد بڕوای بە خۆی هەبێت، با بزانێت، کە بە دڵنیاییەوە لەسەر هێڵی رێبەرایەتی سەردەکەوێت. گەلی کورد هەر چییەکی قازانج کردبێت و بە دەستی هێنابێت، بە تێکۆشان قازانجی کردووە و بەدەستیهێناوە. بێگومان لە کوردستان بە ئاسانی قازانجی نەکردووە، تاوەکو مرۆڤ زۆر و زەحمەتی نەداتە پێش چاوی خۆی لە کوردستان نە دەتوانێت هەبوونی خۆی بپارێزێت و نە دەشبنە خاوەنی ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک".

هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە جەمیل بایک ئاماژەى بەوەکرد، گەلی کورد لە چوونە ٤٣هەمین ساڵی دامەزراندنی پەکەکە و کاتێک لەسەر هێڵی رێبەرایەتی بەرامبەر بە سەختی و دژوارییەکان وەستاییەوە ئەوا بە دڵنیاییەوە دەتوانێت سەرکەوتن بەدیبهێنێت.

بایک لە کۆتایدا وتی، "گەنجان و ژنانی کورد خاوەنی ئەو هێزەن، کە دەتوانن پێشەنگایەتی بۆ ئەو سەرکەوتنە بکەن. لەسەر ئەو بنەمایە بڕوامان بەو هەیە، کە لە ٤٣هەمین ساڵ دا سەردەکەون، بۆیە سڵاو و خۆشەویستی و رێزی خۆم پێشکەشی هەموو هێزە تێکۆشەرەکان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم".

ژ.ت