بایک: هاوپەیمانی کورد و عەرەب بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت -١-

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە جەمیل بایک ڕایگەیاند، کە هاوپەیمانی کورد و عەرەب بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت و وتی"تاکە هێزێک کە رێگری لە خەونەکانی دەوڵەتی عوسانی نوێی تورک دەکات، هاوپەیمانی کورد و عەرەبە"

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە جەمیل بایک وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەی ئەلنەهاری دایەوە کە لە میسر دەردەچێت.

بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ جەمیل بایک بەم شێوەیەیە:

ئێوە چالاکی هەواڵگری و سەربازی ئەم دواییەی تورکیا لە عێراق چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئەمە چ کاریگەرییەکی لەسەر پەکەکە و گۆڕەپانی سەربازی هەیە؟

لە راستیدا دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی گەریلا لە سەر سنووری تورکیا و عێراق، کە بە ناوچەکانی هەرێمەکانی پاراستنی میدیا دەناسرێن، بە فڕۆکەی چاودێری و فڕۆکەی جەنگی هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی گەریلا، بەڵام هەموو ئەمانە بە هەواڵگری میت نابێت. یەکە هەواڵگرییەکانی پەدەکە ئەم زانیارییانە دابین دەکات، یان بە دەرفەتەکانی هەواڵگری پەدەکە زانیاری بەدەست دەهێنێت، میت بەشێک لە سیخوڕییەکانی ڕێکخستووە لەناو پەدەکە، زانیاری دەدەنە میت. بەم شێوەیە لە گەریلاکانماندا. ئەو جۆرە هێرشانە ئەنجامی پەیوەندییەکانی پەدەکە لەگەڵ تورکیا دەردەخات. ئەگەر هەواڵگریی پەدەکە هاوکاری میت نەکات، ئەو جۆرە هێرشانە روونادات. بێگومان ئەم هێرشە کاریگەری لەسەر بزووتنەوەکانمان هەیە، بەڵام ئێمە ڕێوشوێنی خۆمان لە دژی ئەمە دەگرینەەر. بۆیە بەپێی ساڵانی ڕابردوو زیانەکانمان بە کۆمەڵ نین. هەروەها ئێمە لە دژی ئەو شێوازە هێرش و هەواڵگری و تەکنیکی دوژمن دەستمان بە شێوازێکی جوڵانەوە کردووە. گەریلاکان دەیان ساڵە لە دژی تەکنیکی دوژمن شێوازی خۆیان دروست دەکەن و درێژە بە تێکۆشانی خۆیان دەدەن.

سەرەڕای ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی کە تورکیا چوار مانگ پێش ئێستا دەستی پێکردبوو، ئەنقەرە بەم دواییانە پڕوپاگەندەی ئەوەی کرد کە پەکەکە لە قۆناغی داڕماندایە. بەم پێیەش مەزەندە دەکرێت کە تەنیا سەدان ئەندامی پەکەکە لەناو تورکیا ماونەتەوە. ئەمە تا چ رادەیەک ڕاستە؟ ژمارەی چەکدارەکانی پەکەکە لە ناو سنوورەکانی تورکیا و دەرەوەی تورکیا چەندە؟ ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت، باوەڕتان وایە کە لە دژی سوپای تورک و هێزە سەربازیی و لۆجستی و تەکنۆلۆژییەکانی سەردەکەون؟

وەزیری ناوخۆی فاشیستی ئاکەپە – مەهەپە لە ساڵی 2017ەوە دەڵێت، ساڵی داهاتوو کەسی ناوی پەکەکە نابیستێت. واتە، ئەو دەڵێت، ئێمە تەواو دەبین. دەیان ساڵە هەموو حکومەتێک کە هاتوتە سەر دەسەڵات هەمان شتی گوت. سوپای تورک ماوەی 6 مانگە هێرش دەکات؛ هەروەها گەریلا بە شێوەیەکی فیدایی بەرخۆدان دەکات. جگە لە چەند گردێک لەسەر سنووری تورکیا نەیتوانیوە پێشڕەوی بکەن، بەهۆی ئەوەی لە بەرامبەر بەرخۆدانی گەریلادا بێچارە بووە، دەستی بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و ژەهراوی کردووە. بەم شێوەیە دەیان هێرشی بە چەکی کیمیایی ئەنجامدا. بەو چەکانە دەیان گەریلا شەهید بوون. بەم شێوەیە سوپای تورک هەوڵ دەدات بەرخۆدان بشکێنێت و حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە لەسەرپێ ببهێڵێتەوە. تەیب ئەردۆغان فەرمانی بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێک دەکات. وابیردەکاتەوە کە ئەمریکا و ئەوروپا کە پەکەکەیان خستووەتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، بێدەنگ دەبن. بۆیەش ئەو چەکانە بەکاردەهێنن.

پەکەکە ماوەی نیو سەدەیە بزووتنەوەیەکی ئازادییە. پشتیوانی زۆربەی کوردەکانی چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات بەدەستهێناوە. دەیان ساڵە لە دژی هەموو جۆرە زەحمەتیەک تێدەکۆشێت و بەم شێوەیە گەیشتووەتە ئەم قۆناغە. شێواز و یاسای تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد تێکۆشانی دژ بە ستەم و سەرکەوتنە. سەرکەوتن بەدەست ناهێنرێت ئەگەر بەو شێوەیە تێکۆشان لە دژی دەوڵەتی تورک نەکرێت. بۆیە لە ماوەیەکی کورتدا هەموو بزووتنەوە سیاسییەکانی دەرەوەی ئێمە لەناوبران.

دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە لانی کەم نیوەی شەڕی جینۆسایدی دەوڵەتی تورک لە دژی کورد شەڕی تایبەت و شەڕی دەروونییە. ئێستا ئەم شەڕە قورستر بووە. بە مادەی هۆشبەر و لەشفرۆشی و سیخوڕی هەوڵ دەدات کۆمەڵگا بشکێنێت و ئیرادەی کۆمەڵگاکەمان بشکێنێت. لەلایەکی ترەوە، ئێمە زۆرمان کوشتووە و کەم ماون. ئێمە پێشتر لە چیاکانی کوردستان لەگەڵ هەزاران گەریلادا دەگەڕاین بەڵام بەهۆی هێرشی هاوئاهەنگی فڕۆکەکانی چاودێری و فڕۆکە جەنگییەکان بیردۆزی شەڕی خۆمان گۆڕیوە. بێگومان گەریلاکان بەپێی ئاستی ئەو چەکەی لە دەستی دوژمندایە، شێوازی شەڕی خۆیان دەگۆڕن. ئەمە زۆر سروشتییە. بۆیە ژمارەی گەریلاکانمان لە هەرێمەکان کەمکردۆتەوە. چونکە بە پێی ڕابردوو مەترسی ئەوە هەیە کە ژمارەیەکی زۆر گەریلا لە ناوچەیەک بمێننەوە. بەڵام پێوانەکە ئەوەیە کە کاتێک چالاکیەکی گەورە هەبوو، هەموویان بتوانن پێکەوە کۆببنەوە و بڵاو ببنەوە ئێستا بە یەکە بچووکەکان کاردەکەن. دوژمن خۆی ئەمە دەزانێت. سەرەتا نەمانتوانی بە خێرایی شێوازی شەڕمان بگۆڕین، زیانمان هەبوو، بەڵام شێوازی نوێی جەنگ بە باشی جێگیر کراوە.

دەوڵەتی تورک هەمیشە لانیکەم پێنج ئەوەندە کەمتر ژمارەی گەریلا دەڵێت. ئێمە زیاتر لە 1500 هێزی گەریلامان لەناو سنوورەکانی تورکیا هەیە. هێزەکانمان لە ناوچەکانی دیکە زیاتر لە 2500 گەریلان.

شەڕی ئێمە تەنیا شەڕی سەربازی نییە یان ئێمە تەنیا شەڕی سەربازی ناکەین لەدژی شکستهێنان بە ئیرادەی سیاسی لە تورکیا. بە کاریگەری یەکگرتوویی خەباتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، سەربازی، کلتوری و دیپلۆماسی، سیاسەتی کۆمەڵکوژی دەوڵەتی تورک تێکدەشکێت و ئامانجی کوردستانی ئازاد و تورکیای دیموکرات و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیموکراتی بەدی دەهێنین.

دژبەرانی هەدەپە و هەروەها کوتلەی ئۆپۆزسیۆن، هەدەپە بەوە تۆمەتبار دەکەن کە باڵی سیاسی پەکەکەیە. لە تورکیا پەیوەندیتان لەگەڵ هەدەپە چۆن پێناسە دەکەن؟ ئایا ئەم پەیوەندیە ئۆرگانیکە یان دەتوانیت وەک پەیوەندیەک لەقەڵەمی بدەن؟

هۆکار خۆی هەیە کە هەدەپە یان لایەنەکانی نزیک لە هەمان هێڵی سیاسی وەک باڵی سیاسی پەکەکە وێناکراون. ئەم پارتە لە سەرەتای نەوەدەکانەوە و دوای ڕاپەڕینەکان بە پێشکەوتنی خەباتی گەریلایی دروست بوو. ئەو کەسانەی کە ئەم پارتەیان پێکهێنا، لە نێوان ئامانجە سیاسییەکانیاندا ئازادی گەلی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیایان هەڵبژارد. بۆیە ڕێبازەکان جیاوازیش بن، ئامانجە سیاسییەکانی ئەو پارتە و پەکەکە لەیەکەوە دوور نین. لە تورکیا هەر بزووتنەوەیەکی سیاسی دژایەتی پەکەکە نەکات، دەڵێن کە بزووتنەوەکە پەیوەندی بە پەکەکەوە هەیە. لە تورکیاش ئەوانەی پرسی کورد چارەسەر ببێت، تۆمەتبار دەکرێن بەوەی کە لایەنگری پەکەکەن. ئەو پارتە ئەگەر بخەینە لایەکەوە، ڕۆشنبیران، چەندین لایەنی سیاسی و نووسەر و هونەرمەند لە تورکیا بە پشتیوانی لە پەکەکە تۆمەتبار کراون. چونکە بەپێی بۆچوونی ئەوان کورد سوود لە دیموکراتیزەکردن وەردەگرێت.

ئەوەی لە تورکیا سەبارەت بە هەدەپە هەیە، لە سوریاش بۆ پەیەدە دەگوترێت. هەرچەندە تەنیا مۆسکۆ نوێنەرایەتی پەیەدەی قبوڵ کردووە لە ناوچەکەدا، بەڵام دەبینین کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەمیشە لە لێدوانەکانیدا ڕووسیای تۆمەتبار کردووە. پەیوەندی پەیەدە لەگەڵ مۆسکۆ چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

پەیەدە پارتێکە کە هێڵی فیکری و فەلسەفی ڕێبەر ئاپۆی قبوڵ کردووە. 20 ساڵە پابەند بووە بە کاری ڕێبەری ئاپۆ لە سوریا و لوبنان و ڕۆژئاوا. کەس ناتوانێت بە پارتێک بڵێت بۆچی ئەو ئایدۆلۆژیەتان قبوڵ کردووە؟ بەتایبەتی کەس ناتوانێت بە لایەنێکی کوردی بڵێت بۆچی بیرۆکەکانی عەبدوڵا ئۆجالان قبوڵ دەکەیت. ئەگەر ئەمڕۆ بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ لە نێو گەلی عەرەبدا لە نێو خەڵکی تورکیا کاریگەر بێت، ئەوا بێگۆمان کاریگەری زیاتریان لەسەر کورد دەبێت. ئەمڕۆ چەندین بزووتنەوەی سۆسیالیستی دیموکراتی لە جیهاندا، بزووتنەوەکانی ژنان و بزووتنەوە ژینگەییەکان سوود لە بیروبۆچوونەکانی ڕێبەر ئاپۆ وەردەگرن.

زۆر سروشتییە کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری پەیوەندی بە هەر هێزێکی سیاسیەوە بکات کە هێرش نەکاتە سەر کورد و گەلی کورد ڕەت نەکاتەوە. پەیوەندی لەگەڵ ڕووسیاش زۆر سروشتییە. ئێمە دەزانین کە پەیەدە و خۆبەڕێوەبەری پەیوەندیان لەگەڵ ڕووسیا هەیە. ڕەنگە ڕەخنەی لە ڕووسیا هەبێت، بەڵام ئێمە ئەو زمانە هێرشبەر و تاوانکارییە نابینین کە ئێوە باسی دەکەن.

پەیوەندیەکانمان لەگەڵ ڕووسیا هەندێ جار ڕاستەوخۆ و هەندێک جار بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ هەبووە. بەپێی پەیوەندییەکانی ڕوسیا لەگەڵ تورکیا دەگۆڕێت. کێشەی کورد کاریگەری لەسەر تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. بۆیە ڕەنگە ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ هەر هێزێکدا هەبێت کە کاریگەری لە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت، یان هەندێک جار لەبەرانبەر یەکتری بوەستینەوە. ئێمە هیچ رێبازێکی نەرێنیمان لەدژی  ڕوسیا نییە، یان بۆ وڵاتێکی دیکە. بەڵام هەندێک وڵات هەن کە بە هۆی پەیوەندیەکانیانەوە لەگەڵ تورکیا بە شێوەیەکی نەرێنی لە ئێمە نزیک دەبنەوە. ئەمە هۆکاری کێشەکانی ئێمەیە لەگەڵ ئەمریکا و هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا.

ئێمە هیچ پەیوەندییەکی ئۆرگانیکمان لەگەڵ پەیەدە و خۆبەڕێوەبەریدا نییە، بەڵام لەبەرئەوەی پەیەدە تا ڕادەیەکی زۆر بزووتنەوەیەکی کوردییە، لە ناو خۆبەڕێوەبەریشدا کورد هەیە، ئێمە بە شێوەیەکی سروشتی نزیکی دەبینەوە، لەلایەکی ترەوە پێشتر چەندین فەرماندەی قەسەدە لەناو پەکەکەدا بوون. دوای ئەوەی شۆڕشی ڕۆژئاوا ڕوویدا، ویستیان بچنە ڕیزی خەباتی سیاسی و سەربازی لە ڕۆژاڤا و سوریا. هەروەها بە شێوەیەکی سروشتی پێشوازیمان لەم بابەتە کرد. پەیوەندیەکانمان لەم ئاستەدایە. بە پێچەوانەوە ئێمە بەهیچ شێوەیەک پێیان ناڵێین کە بەم شێوەیە کار بکەن، یان بەو شێوەیە کار مەکەن.

پەیوەندییەکی مێژوویی لەنێوان پەکەکە و دیمەشقدا هەیە. سەرەڕای هوشداری شەڕی لەلایەن تورکیاوە لە ساڵانی نەوەدەکان. پەیوەندیەکانت لەگەڵ دیمەشق چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟ پەیوەندی خۆبەڕێوەبەری لەگەڵ دیمەشق چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

پەیوەندی پەکەکە لەگەڵ سوریا بنەمایەکی مێژوویی هەیە. ئێمە لەگەڵ گەلی فەلەستین و گەلی عەرەبیشدا پەیوەندیمان هەیە. ئێمە ئەمانە لەبیر ناکەین. ئێمە جوڵانەوەیەک نین کە ئەمانە لەبیر بکەین و بێ بەهایان بکەین. پەیوەندیمان لەگەڵ حافز ئەسەد و خێزانەکەی نزیک و گەرم بوو. ئێمە نە دژایەتی سوریا دەکەین و نە دژایەتی ئەسەد دەکەین. ئێمە پێشتر پەیوەندیەکانمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە گشتییەکانی کورد و برایەتیی کورد و عەرەب دامەزراندووە. ئێستا ئێمە دەمانەوێت لە پەیوەندیەکی وەهادا بین، بە هۆی ڕووداوەکانی ڕۆژئاواوە تەنانەت ئەگەر ڕێبازێکی ساردی ئیدارەی بەشار ئەسەد بەرامبەرمان هەبێت، بەڵام ئێمە هەڵوێستێکی سارد نانوێنین. ئێمە هەوڵمان دا ئەوان تێبگەین. ئێمە دەمانەوێت تێیانبگەیێنین ئێمە هەرگیز پەیوەندیەکانمان لەگەڵ دیمەشقدا نەبڕیوە. ئەگەر ئەوان پەیوەندیەکانیان نەپچڕێنن، ئێمەهەرگیز کۆتایی بە پەیوەندیەکان ناهێنین. ئێمە هەمیشە دۆستایەتی ڕێبەر ئاپۆ و بنەماڵەی ئەسەدمان بە بەها بینیوە. پێویستە دیمەشق هیچ شتێکی نەرێنی بەرامبەرمان نەڵێت. ئەوا نادادپەروەری و هەڵسەنگاندنێکی خۆکوژیی دەبێت ئەگەر لەدژمان بێت.

ئێمە هەمیشە ویستوومانە کە خۆبەڕێوەبەری کێشەکانی لەگەڵ دیمەشق چارەسەر بکات. ئێمە هەوڵماندا کاریگەری خۆمان لەم چوارچێوەیەدا بەکار بهێنین. چونکە ڕاستترین چارەسەر ئەوەیە کە خۆبەڕێوەبەری و حکومەتی دیمەشق ڕێکبکەوین. سوریا ناتوانێت ببێتەوە بە سوریای بەر لە ساڵی 2011. هەروەها یەوانیش ئەمەیان قبوڵ کردووە. دەربڕینی سیستمێکی لامەرکەزی دەرگای ئاشتەوایی لەگەڵ خۆبەڕێوەبەری کردەوە. وتیشیان کە پەروەردە بە کوردی دەبێت ئەگەر نیازێکی باش و هەڵوێستێکی مامناوەند لە هەردوولادا بگیرێتە بەر، ئەوا دیمەشق و خۆبەڕێوەبەری دەتوانن لەسەر چارەسەرێک ڕێک بکەون. ئەمە ئەو شتەیە کە سود بە کورد دەگەیەنێت. تورکیا ئەو هێزە سەرەکییەیە کە نایەوێت حکومەتی دیمەشق و سوریا چارەسەرێک بدۆزنەوە. بەهۆی ئەوەی دەترسیت. چارەسەرێکی لەو شێوەیە سیستەمی قڕکەری تورکیا دەهەژێنێت. بۆیە هێرش دەکەنە سەر ئەو ناوچانەی کە کورد تێدایە. تەنها هۆکاری هێرشەکان بەم شێوەیەیە.

ئێمە بیستمان کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و دیمەشق بۆ ماوەیەکی درێژ کۆبوونەوە. ئێمە دڵخۆشین بەم هەنگاوە. هەڵوێستی ئێمە لەسەر ئەم پرسە هاندانی هەردوو خۆبەڕێوەبەری و دیمەشق دەبێت. دیمەشقیش پێشلکارییەکانی خۆی وەلابنێت دەکرێت سوریا لەگەڵ کورد بەهێز بکرێت. هەروەها کورد دەتوانێت بە بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانی خۆی کێشەکانی خۆی لە ناو سوریا چارەسەر بکات و ببێتە یەکێک لە هێزە سەرەکیەکانی سوریا. ڕژێمی سوریاش دەزانێت کە ئەگەر ڕۆژئاوا و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بکەوێتە دەستی داعش و چەتەکان، حەلەب و دیمەشقیش دەکەون. بە تێکۆشانی کورد و عەرەب و سوریانی کە رۆژئاوا و باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریایان لە دەستی داعش و چەتەکان پاراست، دیمەشق لەسەر پێی خۆی مایەوە. ئەوەش دەزانرێت کە کوردەکانی حەلەب بە بەرخۆدانی خۆیان حەلەبیان پاراستووە.

دەگوترێت ئەمەریکا هێزەکانی لە عێراق دەکشێنێتەوە. بنکەیەکی سەربازی گەورە لە هەرێمی کوردستانی عێراق دروستکراوە. ئەمەش مانای پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و هەولێرە. ئایا پەیوەندی نێوانیان کێشە بۆ ئێوە دروست دەکات یان نا؟ ئەم ڕێبازە چۆن کاریگەری لەسەر ئێوە دەبێت؟ بەتایبەتی دوای کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی کاریگەری هەولێر زیاد بووە و کاریگەری سلێمانیش کەم بووەتەوە.

ئەمریکا ئێستا دەتوانێت بە هێزی کەم و بە تاکتیکی خۆی بەردەوام بێت لە کاریگەری خۆی لە هەرێمێک. بۆیە پێویست ناکات هێزێکی زۆر لە عێراقدا بەجێ بهێڵێت. بنکەیەکی گەورە لە باشووری کوردستان دروست دەکات. لەگەڵ هێزەکانی ئەوێ، دەتوانێت لە هەر شوێنێکی عێراق دەستوەردان بکات. دروستکردنی بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پەدەکە ڕەنگە کاریگەری خراپی لەسەر ئێمە هەبێت. پەدەکە ئێستا هاوکاری هێرشەکانی تورکیا دەکات. بە گەمارۆدانی چەندین ناوچەی گەریلا رێگە بۆ شەڕی سوپای تورک دەکاتەوە. ئەمریکا هێزێکی ناتۆیە، سوپای تورکیاش ئەندامە، پەدەکە بوونی بنکەی ئەمریکا لە هەرێمەکەی وەک هێزێکی فشار لەسەر پەکەکە بەکاردێنێت، چونکە ئێمە باش دەزانین کە پەدەکە لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا دژی پەکەکە کار دەکات.

دروست نییە کە بگوترێت، دوای جەلال تاڵەبانی کاریگەری هەولێر زیادی کردووە. بەڕاستی هەولێر لەڕووی سیاسییەوە لاواز بووە. تورکیا ئەو هێزەیە کە زۆرترین پەیوەندی لەگەڵ پەدەکە هەیە. ئەوەی ئەوان کۆدەکاتەوە دژایەتیکردنی پەکەکەیە. پڕکردنەوەی جێگەی جەلال تاڵەبانی لەناو یەکێتیدا ئاسان نییە. بەڵام لەناو کۆمەڵگەدا پەدەکە ئەو بۆشاییەی پڕنەکردووەتەوە. سلێمانی و دەوروبەری ناسنامەیەکی مێژووییان هەیە. ئەم کاراکتەرە پەدەکە قبوڵ ناکات. بێگومان کێشەکانی ناو یەکێتی کاریگەری خراپیان لەسەر ئەوێ داناوە. ئەو جۆرە کێشانە دوای سەرکردە بەهێزەکان ڕوودەدەن. بە بڕوای ئێمە ئەم پرۆسەیە بە درێژایی کات چارەسەر دەبێت. چونکە کورد پێویستی بە نەریتی سیاسی سلێمانی و دەوروبەری هەیە. لە باشووری کوردستان نەوەیەک بە بیرۆکەیەکی دیموکراتی و ئازادیخواز دێتە ئاراوە. نەریتی سلێمانی و دەوروبەری لەڕووی سیاسییەوە کاریگەری لەسەر نەوەی نوێ دەبێت.

ف.ق