بەدران حەمۆ: ناوچەی جندرێس بووە بە هەڵەبجەی دووەم

بەدران حەمۆ ئەندامی دەستپێشخەریی ئازادیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە سوریا وتی، دەوڵەتی تورک لەبەر ئەوەی نایەوێت تاوانەکانی ئاشکرا ببێت رێگا نادات هاوکاری بگاتە ناوچەی جندرێس.

بەدران حەمۆ ئەندامی دەستپێشخەریی ئازادیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە سوریا، لە سەرەتای قسەکانیدا سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانی بوومەلەرزەکە کرد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.

 حەمۆ ئاماژەی بەوەکرد، یەکێک لەو شوێنانە، کە زۆرترین زیانی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە ناوچەی عەفرین پێگەیشتووە ناوچەی جێندرێسە و وتی: "ناوچەی جندرێس بە مێژووی دێرینی خۆی دەناسرێت، بەڵام ئێستا ناوچەی جندرێس هەزاران بریندار، قوربانیی  بومەلەرزەکە و سەدان کەسی ژێر داروپەردووەکانەوە دەناسرێت. تا ئێستا هیچ ڕێکخراوێکی نێونەتەویی یارمەتیی جندرێسی نەداوە، بۆیە  ئێستا دەتوانین بڵێین، ناوچەی جندرێس بووەتە هەڵەبجەی دووەم. ئەوەی ئەردۆغان دەیکات هیچی لە تاوانەکانی سەدام حوسێن کەمتر نییە".

بەدران حەمۆ لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، بێدەنگیی هێزە نێونەتەوەییەکان و هاوکاری نەکردنی جندرێس هۆکاری هەیە و وتی: "جێگەی شەرم و ئابڕوچوونە، کە هێزە نێونەتەوەییەکان هاوکاریی ناوچەی جندرێس-یان نەکردووە. دەوڵەتی تورکیش ڕێگە نادات هاوکارییەکان ببرێن بۆ جندرێس و ئەوە هۆکارەکەیەتی، چونکا دەوڵەتی تورک دەیەوێت تاوان و کردەوەکانی لە ناوچەکە بە نهێنی بمێننەوە و بیشارێتەوە. چونکا کاتێک ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان بچنە عەفرین، تاوانەکانی دەوڵەتی تورک بە هەموو ڕاستییەکانییەوە ئاشکرا دەبن. دەوڵەتی تورک دەیەوێت دیمۆگرافیای جندرێس بگۆڕێت".

بەدران حەمۆ ئەندامی دەستپێشخەریی ئازادیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە سوریا لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە پێکهاتەی عەرەبی کرد، کە پێشتر لەوێ بوون و دواتریش بەهۆی داگیرکردنی عەفرینەوە چوونەتە ئەو ناوچەیە، نەکەونە ژێر کاریگەریی یارییەکانی دەوڵەتی تورک و وتی، "دەوڵەتی تورک دەیەوێت دوژمنایەتیی لە نێوان کورد و عەرەب دا دروست بکات. چونکا گەلی کورد و عەرەب لە کۆنەوە لەم ناوچەیە پێکەوە دەژین، بۆیە نابێت دوژمنایەتی لە نێوان کورد و عەرەبدا دروست ببێت".

ژ.ت